رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی کۆریای باکوور رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، پیۆنگ یانگ تاقیکردنەوەیەکی مووشەکیی بە کڵاوەی جەنگیی بۆمبی هێشوویی ئەنجامداوە؛ ئەمەش لە چوارچێوەی زنجیرەیەک مەشقی سەربازیدایە کە ئامانج لێی راهێنانی یەکە سەربازییەکانە لەسەر بەکارهێنانی ئەو چەکانە.
تاقیکردنەوەکە رۆژی شەممە ئەنجامدراوە، دوای ئەوەی کۆریای باکوور لەم دواییانەدا کۆمەڵێک چەکی نوێی تاقیکردەوە، لەوانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر، سیستمی تۆرپیدۆی رێنماییکراوی نوێ و مووشەکی دەنگبڕی مەوداناوەند.
ئەم تاقیکردنەوە نوێیە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەسەر سنووری نێوان هەردوو کۆریا زیادیانکردووە، بەتایبەت دوای تەقینەوەی مینێک لە ناوچەی سنووری کە بووە هۆی برینداربوونی سێ سەربازی کۆریای باشوور. پیۆنگ یانگ رەتیکردووەتەوە بەرپرسیار بێت لەو رووداوە و بەڵێنی داوە ناوچە سنوورییەکانی زیاتر قایم بکات و پەخشی بڵندگۆکانی دژی کۆریای باشوور دەستپێبکاتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریا بڵاویکردەوە، تاقیکردنەوەکەی رۆژی شەممە بە ئامانجی "هەڵسەنگاندنی گونجان لەگەڵ دۆخی شەڕ و توانای کڵاوەی جەنگیی بۆمبی هێشوویی بۆ دانانی لەسەر مووشەکی بالیستی تاکتیکی" ئەنجامدراوە.
بەرپرسانی سەربازیی پیۆنگ یانگ رایانگەیاندووە کە چەکەکە "توانای هەیە ناوچەیەکی ئامانجکراو بە رووبەری 12 بۆ 13 هێکتار بکاتە خۆڵەمێش بە بەرزترین ئاستی چڕیی هێزەکەی."
بەڕێوەبەریەتی گشتیی فەرمانگەی مووشەکیی کۆریای باکوور لەو بارەیەوە رایگەیاندووە: "ئەمساڵ یەکە سەربازییەکان دەتوانن هەموو ئەو جۆرە چەکانە بەپێی ئامانجە ئۆپەراسیۆنییەکان و تایبەتمەندیی ئامانجەکان هەڵبژێرن و بەکاریانبهێنن."
وێنە بڵاوکراوەکانی ئاژانسی فەرمی کۆریای باکوور هەڵدانی مووشەکێک لە سەکۆیەکی جووڵاو و بەربوونەوەی چەندین بۆمبی هێشوویی لەسەر دوورگەیەک وەک ئامانجی مەشقەکە پیشان دەدەن. هەرچەندە کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور لەم تاقیکردنەوەیەدا ئامادە نەبوو، بەڵام پێشتر لە مانگی نیساندا لەگەڵ کچەکەی، جو ئای، چاودێریی تاقیکردنەوەیەکی هاوشێوەی کڵاوەی بۆمبی هێشوویی کردبوو لەسەر مووشەکی بالیستی.


