رووداو دیجیتاڵ
فلاڤیۆ بۆڵسۆنارۆ، سیناتۆری بەڕازیلی و بەربژێری دۆڕاوی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنیدا کە بەکارهێنانی دوو پاس، فڕۆکەیەکی تایبەت و یاوەریی ئەفسەرێکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی مۆسادی ئیسرائیلی لەخۆگرتبوو، خاکی بەڕازیلی بەرەو ئەمریکا بەجێهێشتووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی تۆڕی میدیایی سی ئێن ئێن بڕازیلیا کە رۆژی شەممە، 31ی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، سیناتۆر بۆڵسۆنارۆ رۆژی سێشەممە بە یاوەریی فێرناندای هاوژینی و دوو کچەکەی، لە رێگەی پردی نێودەوڵەتیی تانکرێدۆ نێڤێس (کە شاری فۆز دۆ ئیگواسۆ لە باشووری بەڕازیل بە پۆێرتۆ ئیگوازۆ لە ئەرجەنتین دەبەستێتەوە)، لە بەڕازیلەوە دزەیان کردووەتە نێو خاکی ئەرجەنتین.
کامێراکانی چاودێری دوو پاسی گواستنەوە و شۆفێرەکانیان ئاشکرا کردووە؛ یەکێک لە شۆفێرەکان ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی شاری فۆز دۆ ئیگواسۆ بووە و شۆفێری دووەمیش کوڕەکەی بووە.
یاوەریی ئەفسەری پێشووی مۆساد
بەپێی زانیارییەکانی لێکۆڵینەوەکە، ئەفسەرێکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی ئیسرائیل (مۆساد) لە برازیلیای پایتەختەوە تاوەکو خاکی ئەرجەنتین یاوەریی فلاڤیۆ بۆڵسۆنارۆی کردووە.
ئەو ئەفسەرە پێشووە لە 19ـی تشرینی یەکەم گەیشتووەتە بەڕازیل و دواتر لە هەمان پاسدا لەگەڵ سیناتۆرەکە گەشتی کردووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکە هێشتا دەستنیشانی نەکردووە کە ئایا ئەفسەرەکە رۆڵی لە داڕشتنی پلانەکەدا هەبووە یان نا.
دوای گەیشتنیان بە شاری پۆێرتۆ ئیگوازۆ لە ئەرجەنتین، خێزانەکەی بۆڵسۆنارۆ سواری فڕۆکەیەکی تایبەت لە جۆری گۆڵفستریم جی400 بوون کە لەلایەن کۆمپانیای گەشتیاریی ئەرجەنتینی بایرز فلاییەوە بەڕێوەدەبرا. فڕۆکەکە بۆ سووتەمەنی وەرگرتن لە شاری گوایاکیل لە ئیکوادۆر نیشتووەتەوە، پاشان بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی ئۆپا لۆکا لە میامیی ئەمریکا.
ئۆپەراسیۆنی ئەلبا و پشتیوانیی دەرەکی
لە نێوخۆدا ناوی ئۆپەراسیۆنی ئەلبا لەم هەڵاتنە نراوە و بەپێی راپۆرتەکە، پلانەکەی پێش کۆتاییهاتنی کەمپینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داڕێژرابوو. لێکۆڵەرانی بەڕازیل لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە ئەگەری بوونی پشتیوانیی لۆجستی لەلایەن کەسایەتیی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی سەر بە حکومەتی خاڤیێر میلەی لە ئەرجەنتین و دۆناڵد ترەمپ لە ئەمریکا دەکەن، هەرچەندە هێشتا هیچ بەشداریکردنێکی راستەوخۆی ئەو دوو حکومەتە بە فەرمی پشتڕاستنەکراوەتەوە.
پۆلیسی فیدراڵیی بەڕازیل پشتڕاستی کردەوە کە هیچ تۆمارێکی فەرمیی دەرچوونی بۆڵسۆنارۆ لە بازگە و خاڵە سنوورییەکانی وڵاتدا تۆمار نەکراوە.
هەڵاتنی بۆڵسۆنارۆ دوای ئەوە هات کە ئەلێکساندەر دی مۆرایس، دادوەری دادگای باڵای فیدراڵیی بەڕازیل فەرمانی دابوو دەست بەسەر پاسپۆرتە دیپلۆماسی و ئاساییەکانیدا بگیرێت و گەشتکردنی بۆ دەرەوەی وڵات لێ قەدەخە کردبوو.
بە گوێرەی راپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، بۆلسۆنارۆ لە ترسی دەستگیرکردنی کە تۆمەتبارە بە گەندەڵی، هەڵاتن لە باج و سپیکردنەوەی پارە وڵاتەکەی جێهێشتووە.
ئێستاش پۆلیسی فیدراڵی لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی دەرچوونی دەکات و پێشبینی دەکرێت داوا لە دادگای باڵا بکات سەرجەم سەروەت، سامان و هەژمارە بانکییەکانی بلۆک بکات.


