رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا داوا دەکات سەرکردەکانی جیهان، وەڵامێکی بەهێزتری مووشەکی هایپەرسۆنیکی رووسیا بدەنەوە، کە ئاراستەی ئۆکراینای کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 21-11-2024 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی ئاراستەکردنی جۆرێکی نوێی مووشەکی دەنگبڕ (هایپەرسۆنیک)ـی رووسیا، کە ئاراستەی ئۆکراینا کرا، رایگەیاند، "ئەمە زیادبوونێکی ئاشکرا و جیدیی دڕندانەی جەنگەکەیە."
نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە رووسیا رایگەیاند، بە مووشەکی بالیستیی دوورمەودای ئەتاکمس هێرشکراوەتە سەریان، کە ئەمریکییە. لە وەڵامدا رۆژی پێنجشەممە، رووسیا مووشەکی هایپەرسۆنیکی ئاراستەی ئۆکراینا کرد. رووسیا رایگەیاند: "ئاراستەکردنی مووشەکەکە وەک تاقیکردنەوەیەک بووە و ئەمریکایان ئاگادارکردووەتەوە."
ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی بە مووشەکێکی بالیستیی مەودا مامناوەند، کە پێی دەگوترێت ئۆرێشنیک، لە ئۆکراینایان داوە.
سەرۆکی ئۆکرایناش گوتی: "ئەمە بەڵگەی کۆتاییە کە رووسیا ئاشتیی ناوێت." زیلینسکی رەخنەی لە بێدەنگیی جیهان گرت و گوتی، لەوانەیە وڵاتانی دیکە لە داهاتوو ببنە ئامانج، "پێویستە جیهان هەر ئێستا وەڵامی هەیە، ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی بەهێز لە [وڵاتانی] جیهان نابینرێت."
سەرۆکی ئۆکراینا ئەوەشی گوت، "پێویستە داوای ئاشتی لە رووسیا بکرێت، ئەگەرنا چەندین هێرش، هەڕەشە و ناسەقامگیرکردنی سەرەڕۆی رووسی دەبینین، کە تەنیا لە دژی ئۆکراینا نابن."
لەبارەی ئەو مووشەکە کیشوەربڕە، ستێفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند: "ئەمە پێشهاتێکی دیکەی نیگەرانکەر و شڵەژێنەرە. هەموو ئەم شتانە بە ئاراستەیەکی هەڵەدا دەڕۆن."
دوجاریک جەختی لە بانگەوازی ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ کردەوە و داوای پابەندبوونی بە یاسای نێودەوڵەتییەوە کرد.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڤلادیمیر پووتین لە کەناڵی فەرمیی وڵاتەکەیەوە گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی: "لە ئەگەری فراوانبوونی جەنگ، بەشێوەیەکی گونجاو وەڵاممان دەبێت."
سەرۆکی رووسیا لە گوتارەکەی هەروەها گوتی: "مافی ئەوەمان هەیە کە چەک لە دژی پێگە سەربازییەکانی ئەو لایەنانە بەکاربهێنین، کە چەک لە دژمان بەکار دەهێنن."
ئەمە یەکەم جار بوو سوپای رووسیا ئەمجۆرە مووشەکە لە دژی ئۆکراینا بەکاربهێنێت. خێرایی مووشەکە بالیستییە کیشوەبڕەکانی رووسیا 19 هەزار کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا و دەتوانێت لە دووری 18 هەزار کیلۆمەتر ئامانجەکەی بپێکێت و توانای هەڵگرتنی چەندین کڵاوەی ئەتۆمی هەیە.
ئەم کاردانەوانەی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دوای ئەوە هات، بەگوێرەی میدیای ئەمریکی رۆژی 17-11-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر بڕیارێک کرد کە رێگە بە ئۆکراینا دەدات لە بەرامبەر "بردنی هەزاران سەربازی کۆریای باکوور بۆ وڵاتەکەی"، چەک و مووشەکی دوورمەودا بۆ بەئامانجگرتنی ئامانجەکانی لەنێو رووسیا بەکاربهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ