رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، داواکارییی رکابەرە دیموکراتەکەی رەتکردەوە بۆ دیبەتی دووەمی نێوانیان پێش هەڵبژاردنەکانی 5ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ. ترەمپ دەڵێت، تازە درەنگە بۆ دیبەیت.
رۆژی شەممە، 21ی ئەیلوولی 2024، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور داواکەی کامالا هاریسی بەربژێری دیموکراتەکانی بۆ دیبەتی دووەم لە مانگی داهاتوو، رەتکردەوە و رایگەیاند: "هەرچەندە ئەو دیبەیتانە بۆ بینەرانی سەرنجڕاکێشن، بەڵام کاتەکەی درەنگە و هەڵبژاردن لە هەندێ ویلایەت دەستیپێکردووە."
پێش ئەو قسانەی ترەمپ، تیمی هەڵبژاردنی هاریس، لە راگەیێندراوێکدا، ئاماژەیان بەوە کردووە، بانگهێشتنامەیەکی کەناڵی سی ئێن ئێنیان قبوڵکردووە بۆ دیبەیتی دووەم، ئەمەش لەدوای بەڕێوەچوونی دیبەیتی 10ی ئەیلوولی نێوانیان کە زۆر لە چاودێرانی هەڵبژاردنەکان پێیانوابوو هاریس سەرکەوتوو بوو.
جێن ئۆمێلی دیلن، سەرۆکی تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی هاریس گوتی: "خەڵکی ئەمریکا شیاوی دەرفەتێکی دیکەن تاوەکو جێگری سەرۆک کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپ ببینن دیبەیت بکەنەوە پێش ئەوەی دەنگی خۆیان بدەن."
دواتر هاریس لە هەژماری خۆی لە ئێکس نووسی: "هیوادارم [ترەمپ]، بەشداریم لەگەڵ بکات،" وەک ئاماژەیەک بۆ پشتگیریی تیمی هەڵمەتەکەی بۆ بەڕێوەچوونی دیبەتی دووەم،
هەروەها ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند: "هەرچەندە سی ئێن ئێن، لە دیبەیتەکەی مانگی حوزەیران بەرامبەر بایدن هاوسەنگ بوون، بەڵام باوەڕناکەم ئەمجارە هاوسەنگ بن."
لە دوای ئەو دیبەتەی مانگی حوزەیران، بایدنی تەمەن 81 ساڵ لە کێبڕکێکە کشایەوە و هاریسی جێگری، شوێنی گرتەوە. بەمەش ئێستا ترەمپی تەمەن 78 ساڵ بووەتە بە تەمەنترین بەربژێر لە مێژووی ئەمریکادا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ