رووداو دیجیتاڵ
لافاوێکی بەهێز ناوچە سنوورییەکانی نێوان نیپاڵ و هەرێمی تبتی چینی گرتەوە. بەپێی دوایین ئامارەکانی پۆلیسی نیپاڵ بۆ ئاژانسی فرانس پرێس، تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی 95 کەس پشتڕاستکراوەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، ئابی ناران کێفڵ، گوتەبێژی پۆلیسی نیپاڵ رایگەیاند، جگە لەو قوربانییانە، نزیکەی 28 کارمەندی پۆلیسیش بێسەروشوێنن. لافاوەکە جووڵەی گەشتیاری و گەشتکردنی لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی وڵاتەکە پەکخستووە.
سەدان گەشتیاری بیانی بێسەروشوێنن
بەرپرسانی گەشتوگوزاری نیپاڵ ئاشکرایانکردووە 384 گەشتیار بێسەروشوێنن، کە 291یان هاووڵاتیی وڵاتانی دیکەی وەک هیندستان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و مالیزیان. وابڕوادەکرێت زۆربەی بێسەروشوێنەکان گەشتیارە هیندییەکان بن کە بۆ زیارەتی کێوی کەیلاش لە تبت کە شوێنێکی پیرۆزی هیندۆسەکانە، گەشتیان کردووە.
لافاوەکە کاژێر 9:00ـی بەیانی بە کاتی نیپاڵ (کاژێر 6:15 خولەکی بەیانی بە کاتی هەولێر) لە رووباری بۆتێکۆشی دەستیپێکرد و چەندین گوند، رێگاوبان و پرۆژەی کاروئاوی لەناو برد. بەرپرسان هۆشدارییانداوەتە دانیشتووان کە لە کەناراوەکانی رووبارەکانی بۆتێکۆشی، تریشولی و نارایانی دووربکەونەوە.
وێنەکان لە ناوچەی نوواکۆت نیشانی دەدەن قوڕ و لیتە گەیشتووەتە نهۆمی دووەمی باڵەخانەکان، ئۆتۆمبێلەکان لەژێر قوڕدان.
ساسمیت پۆخارێل، گوتەبێژی حکومەتی نیپاڵ رایگەیاند، داوایان لە چین و هیندستان کردووە بۆ ئۆپەراسیۆنی گەڕان و رزگارکردن هاوکارییان بکەن.
شی جینپینگ، سەرۆکی چین فەرمانی بە هێزەکانی وڵاتەکەی کردووە ئۆپەراسیۆنی گەورە لە ناوچەی سنووریی گیرۆنگ بکەن، کە باس لە هەبوونی قوربانییەکی زۆر لەودیوی سنوور دەکرێت.
نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان، پەیوەندی بە بالێندرا شا، سەرۆکوەزیرانی نیپاڵەوە کردووە و بەڵێنی هەموو جۆرە هاوکارییەکی مرۆیی داوە.
کۆریای باشوور و مالیزیا نیگەرانییان دەربڕیوە؛ حکومەتی کۆریا دەڵێت، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانیان کە لە پرۆژەی کارەبا کاریان کردووە بێسەروشوێنن، مالیزیاش دەڵێت پەیوەندییان بە 11 هاووڵاتیی خۆیانەوە لە ناوچەی راسوا پچڕاوە.
بەریتانیا، ئوسترالیا، یەکێتیی ئەوروپا، فینلاند، فەرەنسا، نەرویج و سویسرا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا هاوسۆزیی خۆیان بۆ گەلی نیپاڵ دەربڕی.
شارەزایانی ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی چیاکان دەڵێن، ئەگەری زۆرە "رەنووی بەفر و بەرد" لە شاخە سەهۆڵینەکانەوە ببووبێتە هۆی گرتنی رێڕەوی رووبارەکە و دواتر تەقینی و دروستبوونی ئەم لافاوە کتوپڕە.
رووباری لێندێ خۆلا لە ماوەی 14 مانگدا دووجار لافاوی تێدا دروستبووە.
ساسواتا سانیال، پسپۆڕی کەمکردنەوەی مەترسیی کارەساتەکان، هۆشداریدا کە ناوچەی هیمالایا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زۆر خێراتر لە ناوچەکانی دیکەی جیهان گەرم دەبێت.
توێژینەوەکان دەریدەخەن کە شاخە سەهۆڵینەکانی ناوچەی هیندۆکۆش هیمالایا بە خێرایی دەتوێنەوە و توانەوەی سەهۆڵ لە ساڵی 2000ـەوە دوو هێندە زیادیکردووە، ئەمەش وایکردووە لافاو و کارەساتی ژینگەیی لەم ناوچەیەدا زۆرتر بن، وەک چۆن لە ئابی پاریشدا لافاوێکی هاوشێوە بووە هۆی مردنی نۆ کەس و رووخانی پردی نێوان نیپاڵ و چین.


