نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: ئەمریکا هەوڵ دەدات متمانەی ئێران بەدەستبێنێت

22-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ هەوڵ دەدات لە رێگەی بەدەستهێنانی متمانەوە لەگەڵ ئێران، رێگری لە ململانێی سەربازی لەگەڵ ئەو وڵاتە بکات.
 
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە میدیای وڵاتەکەی گوت، نامەکەی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانی ناردبوو، "هەڕەشەئامێز نەبوو."
 
رۆژی 7ی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی نووسیوە، تێیدا داوای کردووە دانوستاندن بکەن و هۆشداریشی بە ئێران دا، ئەگەر دانوستاندن رەتبکەنەوە، رەنگە بیر لە رێگەی دیکە بکەنەوە.
 
پێنجشەممەی رابردوو عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لە نامەکە کرد و گوتی، "زیاتر هەڕەشەیە."
 
ویتکۆف لەوبارەیەوە گوتی، "ترەمپ [بەراورد بە ئێران] دەستێکی باڵاتری سەربازیی هەیە، بۆ ئێرانییەکان ئاساییترە ئەگەر داوای چارەسەری دیپلۆماسی بکەن."
 
نێردەکەی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ترەمپ لەبری ئێرانییەکان داوای چارەسەری دیپلۆماسی دەکات؛ لەبارەی نێوەڕۆکی نامەکەش گوتی، "بە نزیکەیی تێیدا نووسراوە: من سەرۆکی ئاشتیم. ئەوە ئەو شتەیە دەمەوێت. هیچ هۆکارێک نییە ئێمە بە شێوەیەکی سەربازی ئەم کارە بکەین. دەبێت قسە بکەین."
 
ئێران و ئەمریکا زیاتر لە 40 ساڵە نەیاری یەکدین، لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن گەیشتنە نزمترین ئاست.
 
لەبارەی گفتوگۆکانی نێوانیشیان، نێردەکەی ترەمپ گوتی، "لە رێگەی چەندین کەناڵ و وڵاتەوە" لە گفتوگۆکردن لەگەڵ تاران بەردەوامن.
 
رێبەری باڵای ئێران رۆژی 12ی ئادار دانوستاندنی لەگەڵ ئەمریکا رەتکردەوە و لەبارەی نامەکەی ترەمپیش گوتی، دانوستاندن لەگەڵ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا سزاکان هەڵناگرێت، بەڵکو قورستریان دەکات.
 
لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ی بەرامبەر ئێران نوێکردەوە، کە لە خولی یەکەم بەکاریهێنا.
 
لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا، ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە، کە ساڵی 2015 لەنێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوا واژۆ کرا. بەپێی ئەو رێککەوتنە، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵوەشێندرابوونەوە و تارانیش بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار کردبوو.
 
لەم چەند مانگەی دواییدا، تاران دەستی بە هەوڵی دیپلۆماسی کردووە لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا)، بۆئەوەی کێشە ئەتۆمییەکان چارەسەر بکەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە