رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا چیدیکە نەهێڵێت جۆ بایدن و ژمارەیەک کەسایەتی ناسراوی دیموکراتەکان دەستیان بە بەڵگەنامە نهێنی و زانیارییە هەستیارەکانی حکومەت بگات.
ئەو کەسانەی ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە بریتیین لە جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا؛ ئەندامانی خێزانەکەی بایدن؛ هیلاری کلینتن، رکابەری ترەمپ لە هەڵبژاردنی 2016؛ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا؛ جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی پێشووی ئەمریکا و کامالا هاریس، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا و رکابەری ترەمپ لە هەڵبژاردنی 2024.
هەموو سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا ئەو مافەیان هەیە دەستیان بە بابەتە نهێنییەکانی حکومەت بگات و بێ مۆڵەت بچنە دامەزراوە هەستیار و پارێزراوەکانی حکومەت، بەڵام چیدیکە بایدن و هاریس ئەو مافەیان نابێت.
لە راگەیێنراوێکدا کە کۆشکی سپیی بڵاویکردەوە، ترەمپ گوتوویەتی، ئەو ناوانەی هاتوون چیدیکە ناتوانن دەستیان بە بەڵگەنامەکانی حکومەت بگات.
ترەمپ هەروەها گوتوویەتی: "لێرەوە فەرمان بە سەرۆکی جێبەجێکاریی هەموو ئاژانسەکان دەکەم، مافی دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەنامەکان لەو ناوانەی ئاماژەیان پێکراوە، بستێننەوە؛ هەروەها فەرمانیان پێدەکەم، رێگە بەو ناوانە نەدەن بێ مۆڵەت بچنە نێو دامەزراوە حکومییە پارێزراوەکانی ئەمریکا."
چەند کەسایەتییەکی کۆماریش لە لیستەکەدا هەن، وەک لیز چێنی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و رەخنەگری ترەمپ؛ فیۆنا هیڵ، شرۆڤەکاری هەواڵگری کە لە هەردوو ئیدارەی بایدن و ترەمپ کاری دەکرد و راوێژکارێکی پێشووی ترەمپیش ناوی هاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ