رووداو دیجیتاڵ
شەو درەنگە و هێزی پۆلیسی ئەوروپین، ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت لە شاری دۆسلدۆرفی ئەڵمانیا دەکەن. یۆرۆپۆڵ ئامادەکاریی دەکات بۆ هەڵکوتانە سەر چەند شوێنێک بۆ دەستگیرکردنی تۆڕێکی قاچاخچێتی بە کۆچبەرانەوە لە ئەوروپا.
ئینا میهایلۆڤا، ئەفسەری لێکۆڵەرە لە یۆرۆپۆڵ، دەڵێت: "ئەوانەی دەکرێنە ئامانج، تۆڕی قاچاخچیی کۆچبەرانن کە بە بەلەمی بچووک کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز دەپەڕێننەوە."
کاری ئەو تۆڕە، بە گوتەی میهایلۆڤا، بێجگە لە قاچاخچێتی، کڕینی کەلوپەلی نێو دەریایە و لە ئەڵمانیاوە دەیگوازنەوە بۆ فەرەنسا. "دواتر کۆچبەران دەکەنە نێو بەلەمەکانەوە و رەوانەی بەریتانیایان دەکەن."
ئۆپەراسیۆنەکەی یۆرۆپۆڵ بە هاوئاهەنگی سێ وڵاتی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەلجیکا و بە بەشداریی 700 پۆلیس بەڕێوەدەچێت. بنکەی سەرەکیی تۆڕی قاچاخچییەکان لە ئەڵمانیایە و لەوێووە کارەکان رێکدەخرێن.
ئۆپەراسیۆنەکە لە چوار هەرێمی جیاوازی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، دوای چەند کاژێرێک، 25 قاچاخچی دەستگیرکران.
بەریتانیا هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی هاوئاهەنگییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا فراوانتر بکات تاوەکو رێگری لە چوونی کۆچبەران لە ئەوروپاوە بۆ وڵاتەکەی بگرێت.
بەگوێرەی ئامارەکان، ساڵی رابردوو، نزیکەی 30 هەزار کۆچبەر لە رێگەی بەلەمەوە چوونەتە بەریتانیا. لە ساڵی 2022ش زیاتر لە 45 هەزار کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە چووبوونە بەریتانیاوە.
جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت: "ئەو کارە فەرەنسای هاوبەشمان کردوویەتی لە رێگەگرتن بۆ پەڕینەوەی کۆچبەران بەردەوام دەبێت. ساڵی رابردوو 36٪ کەمیکرد. ئەمەش ئاماژەی ئەو هاوئاهەنگییە بەهێزەی نێوان ئێمە و فەرەنسایە، لە ئایندەشدا فراوانی دەکەین بۆ لەنێوبردنی ئەو دیاردە قێزەونەی بە قاچاخچێتیی خەڵک ناسراوە."
ئەو بەلەمانە کوالێتییان باش نییە و ژماەیەکی زۆر لەوەی رێگەی پێدەدرێت دەخەنە نێو بەلەمەکانەوە کە رەنگە جێگەی 10 کۆچبەر بگرێت. ئەوان نزیکەی 60 کۆچبەری تێدەکەن.
قاچاخچییەکان بۆ هەر کۆچبەرێک تاوەکو لە فەرەنسا و بەلجیکاوە بیگەیێننە بەریتانیا، هەزار بۆ سێ هەزار یۆرۆ وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ