رووسیا: 10 درۆنی ئۆکراینامان تێکشکاند کە بۆ مۆسکۆ نێردرابوون

21-08-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری مۆسکۆ دەڵێت، هێزی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا توانی بەرپەرچی 10 درۆن بداتەوە، کە لە ئۆکرایناوە ئاراستەی مۆسکۆ کرابوون.
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 21-08-2024، سێرجی سۆبیانین، پارێزگاری مۆسکۆ لە پۆستێکی تەلەگرامدا نووسی: "بەرگریی رووسیا توانی 10 درۆنی دووژمن بخاتە خوارەوە. ئەمە یەکێکە لە هەوڵە زۆر گەورەکان بۆ هێرشکردنە سەر مۆسکۆ."
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسە رووسییە، هیچ زیانێکی گیانی و مادیش لە خستنەخوارەوەی درۆنەکاندا نەبووە.
 
دوایین جار مۆسکۆ خستنەخوارەوەی درۆنێکی لەنزیک پایتەختەکەی راگەیاندبێ، لە مانگی ئایاری ئەم ساڵدا بوو، کە درۆنێکیان لەنزیک مۆسکۆ تێکشکاند و بۆ ماوەی یەک کاژێر هاتووچۆی دوو فڕۆکەخانەیان وەستاند.
 
ئێستا جەنگی ئۆکراینا و رووسیا چووەتە قۆناخێکی نوێ. ئۆکراینا لە باکووری رۆژهەڵاتی سنووری خۆیەوە، لە 06ـی ئابەوە هێرشی کردووەتە سەر سنووری هەرێمی کورسک لە رۆژئاوای رووسیا؛ بەڵام ئەم هێرشەی ئۆکراینا بێ باج نەبووە و سەرۆکی وڵاتەکە داوای یارمەتیی بەپەلە دەکات.
 
دوێنێ سێشەممە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، "لە جەنگدا، هیچ پشوویەک نییە. پێویستمان بە بڕیاردانە، چونکە کاتی ناردنی ئەو یارمەتییەیە کە پێشتر راگەیێندراوە. من بە تایبەتی ئەم داوایە لە ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا دەکەم."
 
سەرۆکی ئۆکراینا باسی لەوە کرد، ئامانج لەو هێرشەی لە 6ـی ئابەوە لەنێو هەرێمی کورسکی رووسیا دەستیانپێکردووە، ئەوەیە کە ناوچەیەکی دابڕێنەر لەنێوان خۆیان و هێزەکانی رووسیا دا دروستبکەن، تاوەکو نەتوانن هێرش بکەنە سەر سنوورەکانی ئۆکراینا.
 
ئەوە یەکەمجار بوو سەرۆکی ئۆکراینا بەڕوونی باسی ئامانجی هێرشەکەیان بۆ نێو خاکی رووسیا بکات. پێشتر گوتبووی، دەیانەوێت بەو هێرشە ناوچەکانی هەرێمی سوومی-ی ئۆکراینا، کە دەکەوێتە سەر سنوور، لە تۆپبارانی رووسیا بپارێزین.
 
لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، ئەم هێرشەی ئۆکراینا بە گەورەترین هێرشی سوپایەکی بیانی بۆ سەر خاکی رووسیا دادەنرێت. ئۆکراینا دەڵێت، زیاتر لە هەزار و 100 کیلۆمەتر دووجای لە خاکی رووسیا کۆنترۆڵ کردووە. بە گوتەی بەرپرسانی رووسی، زیاتر لە 120 هەزار کەس لە شوێنەکانیان گوێزرانەوتەوە بۆ ناوچەکانی دوور لە شەڕ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە