مانچستەر - بەریتانیا
ئەوانەی بە گەنجی بەریتانیا جێدەهێڵن، لەكاتی بەساڵاچوونیاندا بۆی دەگەڕێنەوە، ئەوەش لەبەر زۆریی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ بەساڵاچووان. خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی لە بەریتانیا لە جیهاندا بەوە ناسراوە كە خزمەت و چاودێرییەكی زۆری بەساڵاچووان دەكات.
پزیشكانی كورد بەشدارێكی گرنگن لە خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی ناسراو بەNHS . لە بەشی بەساڵاچووانی نەخۆشخانەی ستیپینگهیڵ لە شاری مانچستەر، پزیشكێكی كورد ماوەی 4 ساڵ بەڕێوەبەری ئەو بەشە بووەو ئێستاش یەكێكە لە پزیشكە خاوەن ئەزموونەكانی ئەو بەشە.
كامەران دزەیی، 52 ساڵ، راوێژكار لە بەشی هەناو، ساڵی 1986 لە كاتی جەنگی ئێران و عێراقدا كوردستانی بەجێهێشتووە و وەك پەنابەرێك رووی لە بەریتانیا كردووە.
لە بەشی بەساڵاچووان هەوڵێكی زۆر دەدرێت بۆ دڵخۆشكردن و ئاسوودەكردنی نەخۆشەكان، ئەوان سیستمێكیان هەیە دڵی بەساڵاچووان خۆشدەكات و خەرجییەكی گەورەش بۆ حكومەت دەگێڕێتەوە.
د.كامەران دزەیی باسی ئەو نەخۆشخانەیە بۆ (رووداو) دەكات و دەڵێ "ئەو نەخۆشانە دێنە ئێرە كە پێویستیان نییە لە نەخۆشخانە بمێننەوە. ئەوانە هەندێكجار پێویستیان بە خوێنە، یان دەرمانی تایبەتیان پێدەدرێت لە رێگەی ئاو هەڵواسینەوە بۆیان، بەیانی ئۆتۆمبێل دەچێت بە دوای نەخۆشەكاندا و دوای وەرگرتنی چارەسەری، نانی نیوەرۆ دەخۆن و دواتر ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی دەیانباتەوە بۆ ماڵەوە".
نەخۆشەكانی بەشی بەساڵاچووان روویەكی خۆشیان هەبوو، ئاسوودەش دیاربوون. كاتێك نەخۆشێك دێتە بەشەكە، لە ژێر چاودێری پزیشكێكی راوێژكاردا دەبێت. پەرستارەكان هەموو جۆرە خزمەتێك پێشكەش بە نەخۆشەكان دەكەن بە جۆرێك نەخۆش پێویستی بە هاوەڵ نییە.
ترەیسی هوساین، 22 ساڵ كە قوتابی كۆلیژی پەرستارییە، دەڵێت "كاری من لێرە ئەوەیە خزمەتی خەڵكی بەساڵاچوو بكەم، پەستانی خوێن دەپێوم، زانیارییەكان كۆدەكەمەوە، یارمەتی نەخۆشەكانیش دەدەم بۆ رۆشتنیان بۆ تەوالێت، هەروەها خواردن دەدەمە نەخۆشەكان".
زۆر بە كەمی نەخۆش لە نەخۆشخانەكە دەخەوێندرێت، بەڵكو ئەگەر پێویستی كرد رۆژانە هاتوچۆی پێدەكرێ، چونكە بەپێی قسەی د.كامەران دزەیی، مانەوەی هەر نەخۆشێك لە نەخۆشخانە شەوانە 600 دۆلار لەسەر حكومەت دەكەوێت.
بەشی بەساڵاچووان زیاتر شێوەی میوانخانەی هەیە، كورسییەكان نەرمن و دەرگاكان خۆیان دەكرێنەوە و دادەخرێنەوە، رەنگی دیوارەكانیش ئارامبەخشن.
د.كامەران دزەیی، جگە لەوەی راوێژكاری بەساڵاچووانە، تایبەتمەندی لە جەڵتەی مێشكیشدا هەیە، ئەو ناوێكی گەورەیە لە نەخۆشخانەكەی خۆیدا.
كاتێك د.كامەران لە كلینیكەكەی چاوی بە نەخۆشەكان دەكەوت، لەسەر دوو كورسی بەرامبەر یەكدی دادەنیشتن، بێ ئەوەی مێز لە نێوانیاندا بێت، ئەوەش بۆ زیادكردنی متمانەی نەخۆشەكانە بە پزیشكەكانیان.
ئەو بینایەی بەشی جەڵتەی مێشكی تێدایە، بینایەكی كۆن بوو، تەمەنی زیاتر لە 100 ساڵ بوو، بەڵام لە ناوەوە پیریی پێوە دیار نەبوو، تەكنۆلۆژیا و خزمەت لە لوتكەدا بوون.
ئەو رۆژانەی كامەران دزەیی ئێشكگرە، لە كاژێر 7:30 خولەكی بەیانییەوە لە ژوورەكەی خۆی ئامادە دەبێت، ئەو جگە لە مۆبایل، ئامێرێكی پێیە لە رێگەیەوە زەنگی بۆ دەنێرن ئەگەر نەخۆشی لەناكاو هەبێت. رۆژانە لەگەڵ دەستپێكردنی كاردا، كۆمپیوتەر و ئەكاونتە تایبەتییەكەی خۆی دەكاتەوە و وەڵامی سەرجەم نامەكان دەداتەوە.
نەخۆشخانەكە سیستمێكی ئەلیكترۆنی هەیە كە زانیاری نەخۆشەكانی تێدا هەڵدەگیرێت. كاتێك نەخۆشێك پەیوەندی دەكات، پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە سەرجەم زانیارییەكانی و نەخۆشییەكانی پێشووتری ئامادە دەبێت، هەروەها ئەگەر هەر وێنەیەكی تیشكی بۆ بگیرێت، لە سیستمەكەدا هەڵدەگیرێت و دەپارێزرێت، ئەوەش هاوكارییەكی گەورەی پزیشكان دەكات لە دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكاندا.
كاتێك كامەران دزەیی سەردانی بەشی جەڵتەی مێشك دەكات، پێشتر لە لایەن پزیشك و پەرستارانەوە ئامادەكاری بۆ دەكرێت، ئەو لەگەڵ پەرستارێك و دوو پزیشكی دیكە سەردانی هەموو نەخۆشەكانی دەكات و نزیكەی نیو كاژێر لەگەڵ هەر یەكەیان دەمێنێتەوە. كێڤن یەكێك بوو لەو نەخۆشانە.
كامەرانی دزەیی گوتی "كێڤن جەڵتەیەكی سووك لێیداوە، پشكنینمان بۆ كردووە دەمارێكی خوێن لە ملیدا تەسكبووەتەوە، بۆیە رەوانەی پزیشكی نەشتەركاری دەماری دەكەین، بۆ ئەوەی رێگە لە جەڵتەیەكی دیكە بگرین دەبێت نەشتەرگەری بۆ بكرێت، چونكە 20%ی ئەم جۆرە نەخۆشانە لە ماوەی مانگێكدا تووشی جەڵتە دەبنەوە ئەگەر نەشتەرگەرییان بۆ نەكرێت".
د.كامەران دزەیی، جگە لەوەی پزیشكی راوێژكارە و بەرزترین پلەی زانستی هەیە، بەڵام پێشەنگیشە لە هەڵسوكەوتكردنی جوان لەگەڵ نەخۆش و تیمە پزیشكییەكاندا.
رەحمان شەفیق، 35 ساڵ كە پزیشكێكی هیندییە لە نەخۆشخانەكە، دەڵێت "دزەیی پەیوەندییەكی زۆرباشی هەیە لەگەڵ نەخۆشەكاندا، هەموو شتێكیان بە دوورودرێژی بۆ رووندەكاتەوە، من زۆر لە دزەییەوە فێر بووم".
د. كامەران دزەیی دەڵێ بەهۆی خێرایی گەیاندنی نەخۆشانی جەڵتەی مێشكەوە بە نەخۆشخانەكان، ئێستا پێشكەوتنێكی گەورە لە چارەسەركردنی نەخۆشەكاندا بەدیهاتووە، ئەو نەخۆشانەی ئێستا چارەسەر دەكرێن، پێشتر یان دەمردن یان چەندین ساڵ بە كەساسی لەناو جێگا دەكەوتن".
خزمەتگوزارییەكان جۆراوجۆرن. بێسانی گێڵدی، 25 ساڵ، پەرستاری پێشكەشكردنی خۆراك، خانمێكی باڵا مامناوەندی دەم بە زەردەخەنە بوو گوتی "بەپێی جۆری نەخۆشەكان خواردنەكانیش دەگۆڕێن، هەندێكیان ناتوانن خۆراك قووتبدەن، بۆیە دەبێت ژەمە خۆراكی نەرمیان پێبدەین. بەگشتی ئاوی میوە و خۆراكی پڕ یەكەی خۆراكی و دروستیان پێدەدەین".
نەخۆشەكانی نەخۆشخانەكە هەروا بە ئاسانی بەڕێناكرێنەوە بۆ ماڵەوە. وەك د.كامەران دەڵێت "پێش ئەوەی نەخۆشەكان بنێرینە ماڵەوە، تواناكانیان تاقیدەكەینەوە، هاتن و رۆیشتن و بەسەر پلیكانەدا سەركەوتن، ئەگەر لێیان دڵنیا بووین، ئینجا دەیاننێرینەوە".
خزمەتگوزارییەكان بێ بەرامبەر پێشكەش دەكرێن لە چوارچێوەی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی. دزەیی بەداخە لەوەی كە سیستمی لەو جۆرە لە كوردستان نییە، ئەو دەڵێ دەبێت كاتێك خەڵك جەڵتەی لێیدەدات زوو بگاتە نەخۆشخانە، لەوێش زوو چارەسەری بۆ بكرێت، بۆ ئەوەی نەمرێ یان كەساس نەبێت، د.كامەران دەڵێ "دوایین نەخۆش كە چارەسەرم كردووە لە ماڵەكەیەوە تا نەخۆشخانە نزیكەی 30 - 35 خولەكی خایاندووە".

.jpg&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)