رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ ئێران بەتەواویی رێککەوتوون.
دۆناڵد ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، "رێککەوتنەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا تەواو بوو. پیرۆزە لە هەمووان! لێرەوە بە تەواوی رێگە دەدەم بە کردنەوەی بەخۆڕایی (بێ باج)ی تەنگەی هورمز، و هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا، فەرمان دەکەم بە لابردنی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا".
ئاماژەی بەوەش کردووە، "کەشتییەکانی جیهان، بزوێنەرەکانتان دابگیرسێنن. با نەوت بێت و بچێت".
چەند خولەکێک بەر لە ترەمپ، شەهباز شەریف لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X نووسی: "دوای دانوستاندنی چڕ، خۆشحاڵین رایبگەیێنین کە رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدەستهات. هەردوولا کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە سەرجەم بەرەکاندا راگرت، لەنێویاندا لە لوبنانیش".
سەرۆکوەزیرانی پاکستان گوتیشی، کە رۆژی هەینی رێوڕەسمێکی فەرمی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە سویسرا بەڕێوەدەچێت.
ئەگەر ئەم رێککەوتنە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێتە هۆی کۆتاییهێنانێکی فەرمی بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی کۆماری ئیسلامی، کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستیپێکردبوو و چەندین وڵاتی ناوچەکەی گرتەوە.
ئەو رێککەوتنە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنە کە ئامانج لێی دەستپێکردنی دانوستاندنی 60 رۆژەیە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا. دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو کە رێککەوتنەکە کردنەوەی تەنگەی هورمزیش دەگرێتەوە، کە ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە دایخستووە.
ئیسرائیل بەشدار نەبووە لە دانوستاندنەکانی تایبەت بەم رێککەوتنە؛ هاوكات شەهباز شەریف سوپاسی تورکیا، قەتەر و سعودیەی کرد بۆ هاوکاریکردنیان لە بەدیهێنانی ئەم رێککەوتنەدا.


.jpg&w=3840&q=75)
