رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دوێنێ شاندێکی قەتەری بە مەبەستی تەواوکردنی گفتوگۆکان لە تاران بوون و پاش دانوستاندنێکی چڕ کە زیاتر لە 15 کاژێری خایاندووە، لەگەڵ ئەمریکا گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.
کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، "لە کۆبوونەوەکەدا چەند هەموار و چاکسازییەکمان لە دەقەکەدا کردووە کە لەلایەن لایەنی بەرامبەرەوە پەسند کراون".
جەختیشی کردەوە کە دەبێت بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو هەنگاوی دەستبەجێ بنرێن: "یەکەم، کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە جەنگ لە سەرجەم بەرە جیاوازەکاندا بە لوبنانیشەوە؛ دووەم، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی".
ناوبراو روونیشیکردەوە کە پابەندبوون و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ئێران لە رۆژی هەینییەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ترەمپ تەواوبوونی رێککەوتنەکەی راگەیاند
ئەم لێدوانانەی تاران دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) رایگەیاند، لەگەڵ ئێران بە تەواوی گەیشتوونەتە رێککەوتن. ترەمپ نووسیویەتی: "رێککەوتنەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا تەواو بوو. پیرۆزە لە هەمووان! لێرەوە بە تەواوی رێگە دەدەم بە کردنەوەی بەخۆڕایی و بێ باجی تەنگەی هورمز، و هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا، فەرمان دەکەم بە لابردنی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. کەشتییەکانی جیهان، بزوێنەرەکانتان دابگیرسێنن، با نەوت بێت و بچێت."
چەند خولەکێک بەر لە پەیامەکەی ترەمپ، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X نووسی: "دوای دانوستاندنی چڕ، خۆشحاڵین رایبگەیێنین کە رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدەستهات. هەردوولا کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە سەرجەم بەرەکاندا راگرت، لەنێویاندا لە لوبنانیش."
سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئاماژەی بەوەش کردووە کە رۆژی هەینی رێوڕەسمێکی فەرمی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە سویسرا بەڕێوەدەچێت، و سوپاسی وڵاتانی تورکیا، قەتەر و عەرەبستانی سعوودیەی کرد بۆ نێوەندگیری و هاوکاریکردنیان لە بەدیهێنانی ئەم پڕۆژەیەدا.
قۆناخێکی نوێ لە ناوچەکەدا
ئەم رێککەوتنە لە راستیدا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنە کە ئامانج لێی دەستپێکردنی دانوستاندنێکی 60 رۆژەیە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا. ئەگەر بەتەواوی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێتە هۆی کۆتاییهێنانێکی فەرمی بەو جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی کۆماری ئیسلامی کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستیپێکردبوو و چەندین وڵاتی ناوچەکەی گرتبووەوە.
یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی ئەم لێکتێگەیشتنە، کردنەوەی تەنگەی هورمزە کە ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە دایخستبوو. جێی ئاماژەیە، لە کاتێکدا کە پرسی ئاگربەستی لوبنان و حیزبوڵڵا بەشێکە لەم دۆسیەیە، بەڵام ئیسرائیل بەشدار نەبووە لە دانوستاندنەکانی تایبەت بەم رێککەوتنە ستراتیژییەی نێوان واشنتن و تاران.
.jpg&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)

