رووداو- هەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە 21-01-2020 کۆڕبەندی ساڵانەی ئابووریی جیهان لە شارۆچکەی داڤۆس لە رۆژهەڵاتی سویسرا دەستیپێکرد، لە کۆڕبەندەکە دەیان سەرکردە، گەورە بازرگان و چالاکوان بەشدارن. 175 پانێڵ و گفتوگۆی تایبەت لەسەر حەوت بواری سەرەکی بەڕێوەدەچن.
لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ژمارهیەك له سهركردهی دیکە و وهزيری وڵاتان كۆدهبێتهوه.
فەلاح مستەفا، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی گرنگییەکی تایبەتی هەیە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرفراوانتر دەکات.
نێچیرڤان بارزانی لە ساڵانی رابردووشدا لە داڤۆس چاوی بە سەرکردەکانی جیهان کەوتووە، بەڵام وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمە یەکەمجارە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا چاویان بەیەکدی دەکەوێت.
نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی شەش مانگی رابردووی سەرۆکایەتییکردنی هەرێمی کوردستاندا لەگەڵ رهجهب تهیب ئهردۆغان، سهرۆكی توركیا و ئێمانوێل ماكرۆن، سهرۆكی فهرهنساش کۆبووەتەوە.
فەلاح مستەفا دەڵێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی کۆشکی سپیش کراوە و لە داهاتوودا دەچێتە واشنتن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە ساڵی 2018 یشدا وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندیی جیهانیی داڤۆس بەشداریکرد و لەگەڵ سەرکردە و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی وڵاتان کۆبووەوە.
لە کۆڕبەندی داڤۆسی 2020دا 677 سەرکردە و بەرپرسی باڵای جیهان بەشداردەبن، 175 پانێڵ و گفتوگۆی تایبەت لەسەر حەوت بواری سەرەکی بەڕێوەدەچن.
ئەمساڵ 50 ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس تێدەپەڕێت. چاوەڕوان دەکرێ نزیکەی سێ هەزار کەس لە 118 وڵاتەوە بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بگەنە شاری داڤۆس.
لە ماوەی 50 ساڵی دامەزراندنیدا کۆڕبەندی ئابووریی جیهان گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە؛ کۆڕبەندەکە لەو ماوەیەدا لە کۆبوونەوەی نێوان بەڕێوەبەری کۆمپانیا گەورەکانی جیهان گۆڕدراوە بۆ گەورەترین کۆبوونەوەی کەسایەتییە سیاسی و کاریگەرەکانی جیهان.
دامەزرێنەری کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لەوبارەیەوە دەڵێت "هەستێکی نامۆیە، دەبینیت ئەو هەموو کەسایەتییە بەشدارە و بەردەوام هەوڵدەدەیت لەپێش ئەو شتانە بیت کە روودەدەن. لەم رووەوە پێموایە ئەو 50 ساڵە زۆر بە خێرایی تێپەڕیوە؛ کاتێکیش سەیری دواوە دەکەم هەست بەوە دەکەم کە لە ماوەی 50 ساڵدا چەندە جیهان گۆڕانکاریی خێرای بەخۆوە بینیوە و چۆن خۆمان لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە گونجاندووە".
کۆڕبەندی ئابووریی جیهان سەرەتا لەژێر ناوی "کۆڕبەندی بەڕێوەبردنی ئەوروپا" لە ساڵی 1971 دامەزرا، پاشان لە ساڵی 1987 ناوەکەی گۆڕدرا بۆ "کۆڕبەندی ئابووریی جیهان". کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە 50 ساڵی تەمەنیدا لە سەکۆیەکەوە بۆ دەوڵەمەندەکانی جیهان گۆڕدرا بۆ پلاتفۆرمێک بۆ دانووستاندنە گرینگەکانی نێوان وڵاتان.
لە ساڵی 1994دا شیمۆن پێرێز، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئیسرایل لەگەڵ یاسر عەرەفات، سەرۆکی پێشووی فەڵەستین لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان گەیشتنە رێککەوتنی ئاشتی. پێشتر لە ساڵی 1988یشدا سەرۆکوەزیرانی یۆنان و تورکیا هەر لە پەراوێزی ئەم کۆڕبەندە کێشەکانی نێوانیان چارەسەرکرد.
زنار شینۆ، نێردراوی رووداو بۆ داڤۆس باسی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکە دەکات




