راپۆرتی تایبەت؛ شەپۆلێکی بێوێنەی گەرما جیهانی گرتووەتەوە و هۆشداری دەدرێت

21-07-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
شوێنەواری دارستانێک لە یۆنان کە بەهۆی گەرماوە سووتاوە، وێنە: AFP
شوێنەواری دارستانێک لە یۆنان کە بەهۆی گەرماوە سووتاوە، وێنە: AFP
نیشانەکردن گەرما گۆڕانی کەشوهەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شەپۆلێکی گەرما بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە و ریکۆردی بەرزترین پلەکانی لەو 150 ساڵەدا شکاندووە، کە مرۆڤ پلەی گەرما دەپێوێت، گەرماکە ئەوەندە بەتینە، بووەتە هۆی سەتان رووداوی ئاگرکەوتنەوە و بەهۆیەوە لە چەندین شار و ناوچەی جیهان، زەنگی مەترسی لێدراوە.
 
تۆمارکردنی ئەو پلە بەرزانەی گەرما، وەک بەشێک لەو کاریگەرییانەی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی لێکدەدرێنەوە، کە زاناکان دەیان ساڵە هۆشداریی لەبارەوە دەدەن.
 
لە ئاڵپ دوێز، ناوچە شاخاوییەکەی فەرەنسا کە بە خلیسکێنەی سەر بەفر بەنێوبانگە، بۆ جاری یەکەم پلەی گەرما گەیشتە 29.5 پلەی سلیزی.
 
لە پەکینی پایتەختی چین، یەکەمجارە بۆ 27 رۆژ پلەی گەرما لە 35 پلەی سلیزی نەیەتە خوارەوە و لە شارۆچکەی سانباوی ئەو وڵاتەش پلەی گەرما گەیشتە 52.2 پلەی سیلیزی. 
 
لە سیسیلیی ئیتاڵیا، چاوەڕواندەکرێت پلەی گەرما ریکۆردی بەرزترین پلەی گەرما لە مێژووی ئەوروپادا بشکێنێت و بگاتە سەروو 49 پلەی سلیزی.
 
ئەمە جگە لەوەی یەکێتی ئەوروپا لە چەند بەشێکی ئیسپانیا، کرواتیا و بۆسنیا و ئیتاڵیاش هۆشداری ئەوپەڕی مەترسیداری لەسەر گەرما داوەتە هاووڵاتییان.
 
هەروەها دۆڵی مەرگ لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، بە تۆمارکردنی 56 پلەی سلیزی، ریکۆردی گەرمترین شوێنی لە جیهانی لە 100 ساڵی رابردوودا شکاند.
 
ئەمانە ریکۆردی بەرزترین پلەکانی گەرمان لەو 150 ساڵەدا کە مرۆڤ پلەی گەرما دەپێوێت و وەک بەشێک لەو کاریگەرییانەی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی لێکدەدرێنەوە، کە زاناکان دەیان ساڵە هۆشداریی لەبارەوە دەدەن.
 
جۆن نایرن، پسپۆڕی گەرمی زۆر لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ "ئەم رووداوانە بەردەوامدەبن لە تووندبوون و جیهان دەبێت خۆی بۆ شەپۆلی گەرمای بەهێزتر ئامادە بکات. دیاردەی ئێل نینۆش چاوەڕوان دەکرێت شەپۆلە گەرمەکان تووندتر بکات. بۆیە لە دۆخێکی خراپداین و من دەترسم".
 
خەڵک لە ناوچەی ماندرای یۆنان، لەدەست ئەو ئاگرە رادەکەن، کە لە 17ـی ئەم مانگەوە لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کەوتووەتەوە.
 
تەنیا لە 3 رۆژدا ئاگر 350 کیلۆمەتر دووجا دارستانی لە یۆنان سووتاندووە.
 
یاونیس ئارتۆپۆیۆس، گوتەبێژی فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوەی یۆنان دەڵێ "وڵاتەکەمان داوای هاوکاری بۆ میکانیزمی بەرگریی شارستانیی یەکێتیی ئەوروپا بەرزکردووتەوە، تاوەکو 3 گرووپ ئاگرکوژێنەوەمان بە ئۆتۆمبێلەوە بۆ بنێرن. دۆخەکە سەختە؛ تەواوی تیمەکانی بەرگریی شارستانی وڵاتەکە کارێکی زۆر دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە".
 
لە دوورگەکانی کەناریش لە ئیسپانیا؛ بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری پلەی گەرما، وشکبوونەوەی هەوا و بای بەهێز هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرن. 46 کیلۆمەتر دووجا دارستان سووتاوە و 4 هەزار و 225 هاووڵاتی ماڵەکانیان جێهێشتووە.
 
ئەو ئاگرەش کە لە هەرێمی بریتیش کۆڵۆمبیا لە کەنەدا بەربووە، تاوەکو ئێستا 100 هەزار کیلۆمەتر دووجای سووتاندووە و بە گەورەترین ئاگر لە مێژووی کەنەدا دادەنرێت و هەشت هێندەی تێکڕای دارستانی سووتاندووە لە ساڵانی رابردوودا.
 
ئێستا لە نێو ئەو دارستانانەدا 880 ئاگر کە 579ـیان لە کۆنترۆڵ دەرچوون، کەوتوونەتەوە و تاوەکو ئێستا 120 هەزار کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە.
 
تەنیا زیانی ئاگرەکەی کەنەدا لەنێوچوونی دارستانەکان نییە، بەڵکو دووکەڵەکەی کوالێتی هەوای زیاد لە 120 ملیۆن ئەمریکی هێناوەتە ئاستی مەترسیدار.
 
سالی هودسن، گەشتیار نیویۆرک سەبارەت بە هەواکە دەڵێ "ترسناکە. پێموایە کەشوهەوا زیاتر گەرمتر و وشکتر بووە و دۆخەکە زۆر مەترسیدارە".
 
هەروەها لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، 19 ئاگر لەو پارێزگایە و لە سێ پارێزگای دیکەی تورکیا کەوتوونەتەوە کە بەهۆیانەوە زیاتر لە 7.3 کیلۆمەتر دووجا پاوان و دارستان سووتاون.
 
میدیای فەرمیی سووریا لەبارەی کەوتنەوەی ئاگر لە گوندێکی پارێزگای حومسی سووریا رایگەیاندووە، هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە ئەوەبووە، پلەی گەرما 6 پلە لە سەروو تێکڕای پلەی گەرمیی ساڵانەی ئەم کاتەوە بووە، بەو هۆیەوە ژمارەیەک گوند کاریگەرییەکەیان کەوتووەتە سەر.
 
محەمەد خودێر، ئاگرکوژێنەوە دەڵێ "جیاوازییەکی زۆر گەورە هەیە لەنێوان کەشوهەوای ئێستا و 20 ساڵ لەمەوبەر. وەک دەبینیت، ئەمڕۆ خۆرەکە زۆر بەهێزە و سەوزایی وشکدەکات، بۆیە پاشماوەی جگەرەیەک دەتوانێت بە ئاسانی ئاگر بەربداتە ئەم پووشە کە خۆی زۆر گەرمبووە".
 
ئەو گەرما شۆکهێنەرەی ئێستا جیهانی گرتووەتەوە، هۆکاری زۆربوونی رێژەی گازە گەرمکەرەکانی وەک دوانەئۆکسیدی کاربۆن، میسان و نایتراید ئۆکسایدە.
 
نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، پلەی گەرمای زەوی 1.2 پلەی سیلیزی لەچاو پلەی گەرمای پێش شۆڕشی پیشەسازی بەرزبووەتەوە و، دەبێت رێگە نەدرێت ئەو بەرزبوونەوەیە لە 1.5 پلە زیاتر تێپەڕبکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.