رووداو دیجیتاڵ
ئەورووپا لەژێر کاریگەریی شەپۆلێکی گەرمای بێ پێشینەدایە؛ پێشبینی دەکرێت تەنیا لە فەرەنسا و ئیسپانیا 94 ملیۆن کەس لەژێر پلەی گەرمای سەروو 35 پلەی سیلیزیدا بن و لە زۆربەی وڵاتانی ئەو کیشوەرەش ریکۆردەکان شکێندراون.
بەپێی شیکارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس بۆ پێشبینییەکانی کەشناسی، زیاتر لە 350 ملیۆن کەس (واتە دوو لەسەر سێی دانیشتووانی ئەورووپا) پلەکانی گەرمای سەروو 30 پلە ئەزموون دەکەن. ئەم شەپۆلە کە لە هەندێک ناوچە لە پلەکانی گەرمای رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئەفریقا بەرزترە، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دروستبووە.
هۆشدارییەکانی تەندروستی و کەشناسی
تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیھانی هۆشداری دەدات کە ئەم گەرمایە مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستیی ئەورووپییەکان دروست دەکات و داوا لە سەرکردەکان دەکات وەبەرهێنان لە کەرتی تەندروستیدا بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
جیم سکی، سەرۆکی پانێڵی پسپۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەم پلە بەرزانەی گەرما لەسەرووی پێشبینییە زانستییەکانەوەن و هۆشداری دەدات کە ئەورووپا لە داهاتوودا رووبەڕووی دۆخی سەختتر دەبێتەوە.
دۆخی وڵاتان؛ فەرەنسا و ئیسپانیا لە لووتکەدان
لە فەرەنسا، 44 ملیۆن کەس لەژێر "هۆشداریی سوور"دان کە بەرزترین ئاستی مەترسییە. پلەی گەرمای شەو و رۆژ گەیشتووەتە نزیکەی 30 پلە، کە ئەمە بەرزترینە لەوکاتەوەی ساڵی 1947ـەوە تۆمار کرابێت. لە پاریس و ناوچەکانی دەوروبەری، پلەی گەرما لە نێوان 39 بۆ 41 پلە دایە.
لە ئیتاڵیا، دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. رێکخراوی (گرینپیس) رایگەیاندووە کە پلەی گەرمای ناوچە قیرتاوەکانی نزیک وێستگەی شەمەندەفەری (تێرمینی) لە رۆما گەیشتووەتە 80 پلەی سیلیزی.
کاریگەرییەکان لەسەر ژیانی رۆژانە
بەهۆی گەرماوە، زۆربەی قوتابخانە، فەرمانگە و کارگەکان لە ئەورووپا کاتەکانی دەوامیان کەمکردووەتەوە یان بەشێوەی ئۆنلاین کار دەکەن. لە بەریتانیا هۆشداری لە پچڕانی کارەبا دەدرێت بەهۆی زۆریی گوشار لەسەر تۆڕەکان.
تەنانەت شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی وەک (تاوەری ئایفل) و مۆزەخانەی (لۆڤەر) لە پاریس، بەهۆی گەرماوە زووتر دەرگاکانیان دادەخەن.
شەپۆلەکە بەرەو رۆژهەڵات دەچێت
ئەم گەرمایە وڵاتانی باکووری وەک دانیمارکیشی گرتووەتەوە. پێشبینی دەکرێت لە نەمسا و سلۆڤاکیا پلەی گەرما بگاتە 40 پلە. هەروەها لە پۆڵەندا هۆشداری دراوە کە رەنگە ریکۆردی گەرمای ساڵی 1921 بشکێندرێت. وڵاتانی کرواتیا و هەنگاریاش لە چەند رۆژی داهاتوودا دەچنە ناو هۆشداریی سوور و بەرزترین ئاستی گەرما.


