رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەردانی ئەو هاونیشتیمانیانەی کردووە کە لە رووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست نزیک لە ئیتاڵیا رزگارکراون؛ ئاماژەی بەوەشکرد، 21 هاونیشتیمانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە لە نێو بەلەمەکەدا بوون بێسەروشوێنن و سێ تەرمیش دۆزراونەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 20ی حوزەیرانی 2024، رێزان حەمە ساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا بە زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەردانی ئەو هاونیشتمانیایانەی کردووە کە رزگارکراون و لە نەخۆشخانەکانی ناوچەی کەلابریای ئیتاڵیا چارەسەر وەدەگرن؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "زۆرینەی ئەوانەی رزگارکراون کوردن و یەکێکیشیان عەرەبێکی شاری کەرکووکە".
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەو سەردانە بە هاوکاری بەرپرسانی ئیتاڵیا بووە و رایگەیاند: "بە فەرمی پێمان گوتراوە کە بەلەمەکە 67 کۆچبەری تێدابووە و 11یان رزگارکراون کە دووانیان خوار 18 ساڵ بوون. سێ تەرم دۆزراونەتەوە و یەکێک لەوانەی پێشتر رزگارکرابوو، دواتر گیانی لەدەستداوە".
بە گوتەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، "گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووەکاندا بەردەوامە؛ رزگارکراوەکان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە و چەند پرسیارێکیان لەلایەن دادوەرەوە سەبارەت بە ژمارەی کۆچبەرانی نێو بەلەمەکە و شێوازی ژێرئاوکەوتنی لێکراوە".
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، لەو سەردانەیدا بۆ لای کۆچبەرە رزگارکراوەکان هەوڵی داوە داواکاری هاونیشتمانییە رزگاربووەکان جێبەجێ بکات، دیاریترینیان پەیوەندیکردن بووە بە کەسوکارییانەوە و لەو چوارچێوەیەشدا هاوکارییان کراوە.
رێزان حەمە ساڵح گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناو و لیستی ئەوانەی لە رووداوەکەدا بێسەروشووێن بوون بۆ ناردووە و ئەوانیش پێشکێشی حکومەتی ئیتاڵیایان کردوون و رایگەیاند: " لیستەکە وێنە، تەمەن و چەند زانیارییەکی دیکەی لەبارەی کۆچبەرەکانەوە تێدابووە".
رۆژی 17ی حوزەیرانی 2024، دوو بەلەم لە دەریای نێوەڕاست نزیک لە ئیتاڵیا ژێرئاوکەوتن. یەکێک لەوان لە تورکیاوە بەڕێکەوتبوو و زۆرینەیان خەڵکی باشووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، رۆژهەڵاتی کوردستان، عێراق، ئێران و سووریا بوون.
دوێنێ، مارکۆ ئۆتاڤیانی، بەرپرسی کاروباری میدیا لە رێکخراوی خاچی سووری ئیتاڵیا لە رێگەی ئیمەیڵەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەلەمەکە 193 کیلۆمەتر دوور لە کەناری دەریا لە سنووری شارۆچکەی رۆچێلا یۆنیکای ئیتاڵیا تێکشکاوە و تەنیا 11 کەسیان رزگاریان بووە. گوتیشی، وا دیارە ماتۆڕی بەلەمەکە تەقیوەتەوە.
دەقی پرسیار و وەڵامی زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ رێزان حەمەساڵح ئاغا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا:
رووداو: چاوت بە هەموو رزگاربووان کەوت؟
رێزان حەمە ساڵح: بەڵێ، سەردانی هەموویانم کرد؛ بەداخەوە، لە سێ نەخۆشخانەی جیاواز خەوێندراون؛ شوێنەکانیشیان لە یەکدییەوە دوورە بەپێی ئەو نەخۆشییە و ئازارەی هەیانە. دووانیان کە دوو خانمن لە شوێنێکی دوورن. دوو منداڵ کە هەردووکیان لە بەشێکی تایبەتی نەخۆشخانەی شاری رێجەکارابیریان چارەسەر وەردەگرن. ئەوانی دیکەش پیاوەکانن لە نەخۆشخانەکانی دیکە خەوێندراون.
رووداو: چەند کوردیان تێدایە و چەند کۆچبەری وڵاتانی دیکەشن؟
رێزان حەمەساڵح: لە راستیدا، زۆرینەیان کوردن، تەنیا یەک عەرەبی کەرکووکمان بینی کە لەنێو بەلەمەکەدا بووە و رزگاری بووە. پێداویستییەکانی خۆیان بە ئێمە راگەیاند و ئێمەش ئامادەیی خۆمان نواند بۆ هەر هاوکارییەک کە پێویستیان پێ بێت. سەردانەکەی ئێمەش سەردانێکی فەرمی بوو. لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا لەسەر هێڵ بووین و پەیوەندیی تەلەفۆنی راستەوخۆم لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا هەبوو. ئەوان سەردانەکەی ئێمەیان بۆ رزگاربووان رێکخست. یەکەمجار سەردانی پرێفێتورای سەر بە هەرێمی رێجەکارابیریامان کرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی چەند پرسیارێکی پێشکێش کردم بۆ ئەوەی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و رزگاربووان بکەم. یەکێک لە پرسیارەکان ئەوە بوو کە چەند کەس سەرنشینی ئەو بەلەمە بوون؟ چەند کەس رزگار بوون و تەرمی چەند کەسیش دۆزراونەتەوە؟
رووداو: زانیاریت دەستکەوت؟ چەند کەس بوون؟
رێزان حەمەساڵح: بەپێی زانیارییەکانی ئیتاڵیا، 67 کەس لەنێو بەلەمەکەدا بوون. ئەم ژمارەیە فەرمییە، ئەوانەی رزگاریان بووە 11 کەسن کە دووانیان منداڵن. سێ تەرم دۆزراوەتەوە و یەکێک لە رزگاربووەکانیش دوای گەیاندنی بۆ وشکانی، بەهۆی خراپی تەندروستییەوە گیانی لەدەستداوە. بەمەش تاوەکو ئێستا چوار تەرم هەن.
رووداو: لە 17ـی مانگەوە پاسەوانی دەریاوانی ئیتاڵیا راگەیێندراوێکی فەرمی بڵاونەکردووەتەوە. ئایا پڕۆسەی رزگارکردن و دۆزینەوەی بێسەروشوێنان بەردەوامە یان کۆتاییهاتووە؟ زانیارییەکان لای ئێوە چین؟
رێزان حەمەساڵح: پرۆسەکە تاوەکو ئێستا بەردەوامە؛ دادوەر بەردەوام لێکۆڵینەوە دەکات و زانیاری لە رزگاربووان وەردەگیرێت، بەتایبەتی لەبارەی هۆکاری رووداوەکە و کۆکردنەوەی وردترین زانیاری سەبارەت بە ئاماری گیانلەدەستدان و رزگاربووان. کاژێرێکی دیکە چاوپێکەوتنم لەگەڵ دادوەری بەرپرسی ئەم کەیسە دەبێت و تەواوی زانیارییە فەرمییەکانی لێ وەردەگرم. بەلای ئێمەوە کە زۆر گرنگ بوو کردمان، سەردانی رزگاربووانمان کرد کە هاوکات کەسوکاری ئێمەشن. پرسیاری داواکارییەکانیانمان لێکردن. ئەوان داوای دۆزینەوەی تەرمی کەسوکارەکانیان دەکەن. بەڵێنمان پێداون کە ئەوەی دەیەوێت بگەڕێتەوە کوردستان، لەسەر ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیگەڕێنینەوە. ئەوەی بیەوێت بچێتە شوێنیکی دیکە ئازادە و ئەوکات پەیوەندی بە ئێمەوە نامێنێت. زۆربەی پێداویستییەکانیانمان بۆ فەراهەم کردن. بۆ نموونە، یەکەم شت کە داوایان کرد، پەیوەندیی تەلەفۆنی بوو لەگەڵ کەسوکارەکانیان لە کوردستان. تەلەفۆنی خۆم پێدان و لە رێگەی منەوە دەستبەجێ پەیوەندیی تەلەفۆنییان لەگەڵ کەسوکارەکانیان کرد. ئەمڕۆش هەوڵ دەدەم بۆ هەر یەکێکیان مۆبایلێک دابین بکەم بۆ ئەوەی هەر کاتێک ویستیان لەگەڵ کەسوکارەکانیان پەیوەندی بکەن. ئەو منداڵەی کە ماوە بە ناوی کاکە میران، هەوڵم داوە بیگەڕێنمەوە لای دایکی، بەهەمان شێوە خوشکەزاکەشی بگەڕێتەوە لای پووری و بەیەکدی شاد ببنەوە. بۆ ئەمەش رەزامەندیم لە نەخۆشخانەکە وەرگرتووە کە دایکەکە واتە موژدە خانی لێیە بۆ ئەوەی بە منداڵ و خوشکەزاکەی شاد ببێتەوە. چاوەڕێی بڕیاری دادوەر و پزیشکەکانی نەخۆشخانەکەم بۆ ئەوەی هەموویان لە یەک نەخۆشخانە چارەسەر وەربگرن و ئاگاداری یەکدی بن. تەرمەکانیش هەر لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێندرێتەوە زێدی خۆیان.
رووداو: وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ناوی 21 کەس تۆمارکراوە کە کەسوکارەکانیان پرسیار لە چارەنووسیان دەکەن. هەمان ژمارە لای ئێوە هەیە یان تەنیا مامەڵە لەگەڵ زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا دەکەن؟
رێزان حەمەساڵح: بەدڵنیاییەوە پشت بە زانیارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبەستین؛ هاوکات ئەوەی لێرەش دەگوزەرێ مامەڵەی لەگەڵ دەکەین. لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی لیستی ناو و وێنەکانمان بە هاوئاهەنگی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێگەیشتووە. لیستەکانمان پێشکێشی حکومەتی ئیتاڵیا کردووە کە زانیاری زۆر وردی لەبارەی ناوەکانیان، تەمەنیان، ناونیشانیان، کۆپییەکی ناسنامەکانیان و وێنەکانیان لەخۆ دەگرێت.
رووداو: تاوەکو ئێستا 21 هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان بێسەروشوێنن؟
رێزان حەمەساڵح: بەڵێ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ