رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی کەنەدا دەڵێن، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 20-09-2026 [بەکاتی کەنەدا] پۆلیسێک لە بەردەم کەنیشتەیەک [پەرستگەی جووەکان] لە شاری بێلڤیل لە هەرێمی ئۆنتاریۆ تەقەی لێکرا، لە کاتێکدا ئەندامانی کۆمەڵگەی جوو بۆ رێوڕەسمی جەژنی (یۆم کیپور) کۆببوونەوە.
پۆلیسی بێلڤیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دەوروبەری کاژێر 07:10ـی ئێوارە [2:10ـی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 21-09-2026 بەکاتی هەولێر] ئەفسەرێکی پۆلیس لە نزیک کەنیشتەکە لە شاری بێلڤیل (نزیکەی 185 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی تۆرۆنتۆ) "رووبەڕووی کەسێک بووەتەوە."
لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە: "ئەفسەرەکە و کەسی بەرامبەر بریندار بوون و هەردووکیان بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە،" بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەبارەی چۆنیەتیی روودانی تەقەکردنەکە و دۆخی تەندروستیی ئەفسەرەکە ئاشکرا بکات. پۆلیس دڵنیایی داوە کە ئێستا هیچ مەترسییەک لەسەر سەلامەتیی گشتی نییە.
تەقەکە هاوکات بووە لەگەڵ کۆبوونەوەی پەرستشکاران لە کەنیشتەی (کوڕانی یەعقووب( بۆ بەرزڕاگرتنی پیرۆزترین رۆژ لە ساڵنامەی جووەکاندا.
دۆگ فۆرد، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی ئۆنتاریۆ لە راگەیێندراوێکدا سوپاسی ئازایەتیی ئەو ئەفسەرەی کرد کە بە خێرایی بۆ پاراستنی خەڵک هەنگاوی ناوە و گوتیشی: "لەگەڵ کۆمەڵگەی جوو لە بێلڤیل و سەرتاسەری ئۆنتاریۆ هاوسۆزم. ئەوان مافی تەواوی خۆیانە بە سەلامەتی و بەبێ ترس پەرستش بکەن."
لە کاردانەوەی رووداوەکەدا پۆلیسی هەرێمی یۆرک (لە باکووری تۆرۆنتۆ) رایگەیاند، ژمارەی هێزەکانی لەو شوێنانە چڕدەکاتەوە کە خەڵک بۆ پەرستش کۆدەبنەوە.
ئێستاش یەکەی لێکۆڵینەوەی تایبەتی پارێزگەی ئۆنتاریۆ سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە چۆنیەتیی رووداوەکە.



