20-01-2025
20:58
سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا: ئەگەر ئەورووپا هیچ کارێک بەرامبەر ترەمپ نەکات، دادەتەپێت
فرانسوا بایروو، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا
سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا هۆشداری دا لەوەی ئەگەر یەکێتیی ئەورووپا هیچ بەرامبەر بە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نەکات، "مەترسی ئەوەی لەسەرە ژێر دەستە بخرێت و داتەپێت."
دووشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، فرانسوا بایروو، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ویلایەتە یەکگرتووەکان، لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەرۆکدا، بڕیاری لەسەر سیاسەتێک داوە کە بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر باڵادەستە."
سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا دەشڵێت، "ئەگەر هیچ نەکەین ئەوا چارەنووسمان سادە دەبێت، ژێردەستە دەبین، پێشێل دەکرێین و پەراوێز دەخرێین. ئەمەش دەکەوێتە سەر ئێمە، فەرەنسییەکان و ئەورووپییەکان."
ئەمڕۆ ترەمپ وەکو سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت و بەشێک لە گوتەکانی ترەمپ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەربارەی یەکێتیی ئەورووپا، بەرپرسانی یەکێتییەکەی نیگەران کردووە.
یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، هەفتەی رابردوو ئەندریاس میکایلیس، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە واشنتن راپۆرتێکی سەبارەت بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی ناردووە.
میکایلیس لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت: "ترەمپ دەیەوێت خۆی زۆرینەی دەسەڵاتەکانی لابێت" نەوەک ویلایەتەکان و کۆنگرێسی وڵاتەکەی. دەشڵێت، ئەمە دەکرێت "کاریگەریی گەورە"ی لەسەر بنەما و ناوەندە دیموکراسییەکانی ئەو وڵاتە هەبێت.
ترەمپ چەند جارێک تووڕەیی خۆی پێشانداوە لەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا وەکو پێویست بەرهەمە ئەلیکترۆنییەکان، بەتایبەت ئۆتۆمبێل، لە وڵاتەکەی ناکڕن. هەروەها، 23ـی تشرینی دووەمی رابردووش رایگەیاند، نیگەرانە لە بینینی ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلی ئەڵمانیی لە شەقامەکانی مانهاتندا. مانهاتن یەکێکە لە قەرەباڵخترین ناوچەکانی شاری نیویۆرک.
رۆژی 20ـی کانوونی یەکەمی پار، ترەمپ هەڕەشەی زیادکردنی پێناسی گومرگی لەسەر وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کرد، ئەگەر جۆرێک لە هاوسەنگی لەنێوان هاوردە و هەناردەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا نەبێت.
یەکێکی دیکە لەو پرسانەی کە چاوەڕێ دەکرێت ناکۆکی لەنێوان ترەمپ و یەکێتیی ئەورووپادا دروست بکات پرسی هاوپەیمانیی ناتۆیە.
لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، ترەمپ داوای لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ کردبوو، خەرجییەکانیان لە بواری بەرگریدا زیاتر بکەن و تەنیا پشت بە ئەمریکا نەبەستن؛ پێشتریش لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتییەکەیدا چەندینجار رەخنەی لە وڵاتانی ناتۆ گرتبوو، گوایە هەموویان چاویان لە دەستی ئەمریکایە و خۆیان پارەیەکی ئەوتۆ نابەخشنە ئەو هاوپەیمانێتییە.
20:53
مەسرور بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ دەکات
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کورستان بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ دەکات.
لە پەیامێکی پیرۆزباییدا، مەسرور بارزانی دەڵێت: "پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ و گەلی ئەمریکا دەکەم بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. هاوبەشیی ستراتیژیی کوردستان-ئەمریکا و پەیوەندیی نێوان گەل و هێزە چەکدارەکانمان بە بەهێزی دەمێنێتەوە."
20:39
دۆناڵد ترەمپ سوێندی یاسایی خوارد و بە فەرمی بووە 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا.
لەدوای سوێندخواردنی، ترەمپ گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "متمانە بۆ دیموکراسی و ئازادی دەگەڕێنینەوە و لێرەوە دیموکراسیی ئەمریکا دەستپێدەکاتەوە."
ترەمپ گوتیشی: گەڕانەوەی هێزی کۆمارییەکان بۆ دەسەڵات ئاسان نەبوو. بینیتان چۆن هێرش کرایە سەرم و گوللە بەر گوێم کەوت. بەڵام خودا منی پاراست بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەمریکا گەورە بکەمەوە."
لە رێوڕەسمێک دا کە لە کۆشکی کاپیتۆڵی واشنتن بەڕێوەچوو، هەریەکە لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا سوێندی یاساییان خوارد و دەسبەکاربوون.
ترەمپ لە یەکەم پەیامی دوای دەستبەکاربوونی رایگەیاند: ئێستا سەردەمی زێڕینی ئەمریکا دەستیپێکرد؛ لە ئەمڕۆ بەدواوە وڵاتەکەمان دەگەشێتەوە و رێزی لێ دەگیرێت.
20:33
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەمریکا، پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ دەکات.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکی پیرۆزباییدا دەڵێت: " هاوبەشیی بەهێزی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا بەرز دەنرخێنین و چاومان لەوەیە لە نزیکەوە پێکەوە کار بکەین بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی، سەقامگیری و بەها هاوبەشەکان"
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
بە ناوی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە، پیرۆزبایی لە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکەم بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەکو 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا. هاوبەشیی بەهێزی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا بەرز دەنرخێنین و چاومان لەوەیە لە نزیکەوە پێکەوە کار بکەین بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی، سەقامگیری و بەها هاوبەشەکان."
20:00
دۆناڵد ترەمپ لە باڵەخانەی کاپیتۆڵ سوێندی یاسایی خوارد و بە فەرمی بووە 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا.
لە رێوڕەسمێک دا کە لە کۆشکی کاپیتۆڵی واشنتن بەڕێوەچوو، هەریەکە لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا سوێندی یاساییان خوارد و دەسبەکاربوون.
19:26
رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی ئەمریکا هەنگاو بە هەنگاو
بەگوێرەی مادەی 2 بەشی 1 بڕگەی 8 لە دەستووری ئەمریکا، سەرۆکی هەڵبژێردراو لە دوانیوەڕۆی 20ـی کانوونی دووەم سوێندی دەستووری دەخوات.
رێوڕەسم و خشتەی سوێندخواردنی سەرۆک و جێگری هەڵبژێردراو لەلایەن لیژنەی هاوبەشی کۆنگرێس بۆ ئاهەنگی سوێندخواردن دادەڕێژرێت.
لیژنەکە سەرپەرشتیی هەشت بۆنەی رۆژی سوێندخواردن دەکەن، بەمشێوەیە:
- رێوڕەسمی چوونە کۆنگرێس کە بە کاپیتۆڵ ناسراوە.
- رێوڕەسمی سوێندخواردنی جێگری سەرۆک.
- رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک.
- گوتاری دەستبەکاربوون.
- رێوڕەسمی رێزلێنان و ماڵئاوایی لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی پێشوو.
- رێوڕەسمی واژۆکردن کە تێیدا سەرۆکی نوێ واژۆ لەسەر بەربژێرکردن، یاداشت، راگەیاندن یان فەرمانی سەرۆکایەتی دەکات.
- نانی نیوەڕۆی رۆژی دەستبەکاربوون.
- پێداچوونەوەی سەربازی کە تێیدا سەرۆک و جێگری سەرۆک پێداچوونەوە بە هێزە سەربازییەکان دەکەن پێش ئەوەی لە شەقامی پێنسلڤانیاوە بەرەو کۆشکی بەپێ بڕۆن.
هەموو خولێکی سەرۆکایەتی، رێوڕەسمی سوێندخواردن ناوێکی هەیە. ئەوەی ئەم ساڵ (دیموکراسییە بەردەوامەکەمان: بەڵێنێکی دەستووری)ـیە.
19:15
جۆرج واشنتن لە 30-04-1789 وەکو یەکەم سەرۆکی ئەمریکا دەستی لەسەر ئینجیل دانا و دەستبەکاربوو، ئینجا گوتارێکی بۆ کۆنگرێس پێشکێشکرد.
جۆرج واشنتن ئینجەلەکەی ماچ کرد و 13 تۆپ تەقێنران. ئەوەی لەم وێنەیەدا دەردەکەوێت، دەقی یەکەم سوێندخواردنە لە مێژووی ئەمریکا دا.
لە دەستووری ئەمریکا دا ئاماژە بە گوتار نەدراوە، ئەوەی سەرۆکەکانی ئەمریکا دەیکەن تەنیا دووبارەکردنەوەی نەریتەکەی واشنتنە.
19:04
بەرپرسێکی کابینەکەی: ترەمپ فەرمان دەکات تەنیا دان بە دوو رەگەز دا بنرێت
ترەمپ و هاوژینەکەی. وێنە: AFP
بەرپرسێکی کابینەکەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، دوای سوێندخواردن، دۆناڵد ترەمپ فەرمان دەکات حکومەتی ئەمریکا تەنیا دان بە دوو رەگەز دا بنێت کە نێر و مێیە.
بەرپرسەکە گوتی: "ئەوەی ئێمە دەیکەین ئەمڕۆ بریتییە لە پێناسەکردنی ئەوەی، سیاسەتی حکومەتی ئەمریکا دان بە دوو رەگەز دا دەنێت: نێر و مێ."
18:54
جگە لە واشنتن، لە چ شارێکی دیکە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەچووە؟
دیمەنێکی کۆشکی کاپیتۆڵ لە واشنتن کە سوێندخواردنی ترەمپی تێیدا بەڕێوەدەچێت. وێنە: AFP
سوێند خواردنی دۆناڵد ترەمپ 65ـەمین جارە لە مێژووی ئەمریکا لە شاری واشنتنی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت، پێشتر لە پێنج شاری دیکە ئەو رێوڕەسمە بەڕێوەچووە؛ ئەوانیش نیویۆرک، فیلادێلفیا، داڵاس، پلیمس و بەفەڵۆ.
لە شاری نیویۆرک دوو جار رێوڕەسمەکە بەڕێوەچووە، لە فیلادێلفیا دو جار، داڵاس یەک جار، پلیمس جارێک و بەفەڵۆ جارێک.
یەکەم رێوڕەسمی سوێند خواردنی سەرۆک لە مێژووی ئەمریکا لە شاری نیویۆرک بوو کە جۆرج واشنتن بووە سەرۆکی ئەمریکا. دووەم سوێند خواردنی جۆرج واشنتن لە شاری فیلادێلفیا لە ویلایەتی پێنسلڤانیا بەڕێوەچوو.
18:28
بایدن و ترەمپ لە بەردەم کۆشکی سپی چییان بەیەکدی گوت؟
پێشوازیی بایدن و خانمی یەکەمی ئەمریکا لە ترەمپ و هاوژینەکەی لە کپۆشکی سپی. وێنە: AFP
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و جیڵ بایدنی هاوژینی لە بەردەم کۆشکی سپی پێشوازییان لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و میلێنیا ترەمپ، هاوژینەکەی کرد.
دوو سەرۆکەکە دەستی یەکدییان گوشی.
بایدن بە ترەمپی گوت: "بەخێربێیتەوە ماڵەوە. هەستت چۆنە؟"
ترەمپ وەڵامی دایەوە: "باشە."
هەر چواریان وێنەیەکی یادگارییان چرکاند و بۆ خواردنەوەی چای چوونە ژوورەوە.
نەریتی خواردنەوەی چای و قاوە پێش سوێندخواردن بۆ ساڵی 1837 دەگەڕێتەوە، کە ئەوکات هەردوو سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا مارتن ڤان بورێن و ئەندرو جاکسن ئەنجامیاندا.
لە ساڵی 2021 ترەمپ نەریتەکەی شکاند و پێشوازی لە بایدن نەکرد بۆ چای خواردنەوە.
17:50
ترەمپ گەیشتە کۆشکی سپی و کاژێر 07:47 بەکاتی هەولێر دەبێتە سەرۆک
ساتی گەیشتنی دۆناڵد ترەمپ و میلانیا ترەمپ بۆ کۆشکی سپی. وێنە: AFP
دۆناڵد ترەمپ گەیشتە کۆشکی سپی و لەگەڵ جۆ بایدن چایەک دەخۆنەوە. دواتر، ترەمپ بەرەو کاپیتۆڵ بەڕێدەکەوێت کە باڵەخانەی کۆنگرێسی لێیە.
بڕیارە ترەمپ لە کاژێر 11:47 بە کاتی واشنتۆن دیسی، کە دەکاتە 07:47ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر سوێندی یاسایی بخوات و ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا.
07:47 بە دیاریکراوی و بە مەبەست هەڵبژێردراوە چونکە ترەمپ دەبێتە 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا.
17:26
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا پەیامێکی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ کرد و رایگەیاند، جگە لە پیرۆزبایی، هاوکات پێشوازی لە خواستی ترەمپ بۆ دروستکردنی پەیوەندیی راستەوخۆ دەکات.
پووتین دەشڵێت، "ئامادەی دیالۆگین و پێشوازی لە خواستی ترەمپ بۆ رێگریکردن لە جەنگی سێیەمی جیهانی دەکەین".
17:20
ئێستا کە ترەمپ لە کەنیسەی سەینت جۆنزە لە واشنتۆن دیسی، دەبینرێت کە مارک زاکەربێرگ، خاوەنی مێتا و جێف بیزۆس، خاوەنی ئەمازۆن و بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا لەوێ ئامادەن.
هەریەک لە میلانیای هاوژینی و بارۆنی کوڕی لەگەڵ ترەمپدا هاتنە نێو کەنیسەکە.
17:09
وەکو یەکێک لە رێوڕەسمەکانی دەستبەکاربوونی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئێستا لە کەنیسەی سەینت جۆنزە و لەوێ نزا بۆ سەرکەوتنی دەکرێت.
تاوەکو کاژێرێکی دیکە، بڕیارە دۆناڵد ترەمپ بگاتە کۆشکی سپی و لە لایەن جۆ بایدنەوە پێشوازی لێ بکرێت.
17:01
چەندین زانیاری هەن لەبارەی دۆناڵد ترەمپەوە کە پێدەچێت بە خوێنەری کورد ئاشنا نەبن، سەردەمانێک مایەپووچ بووە، کەچی دواتر بووە بە ئیمپراتۆرییەتی دارایی و ئێستاش جگە لەوەی سەرۆکە، ملیاردێریشە.
دۆناڵد ترەمپ زۆربەی شەوانی لە یانە و هۆڵەکانی سەماکردن لەگەڵ کچاندا بەسەر دەبرد؛ بە رۆژیش بەدوای شوێن و زەوییە بازرگانییەکانەوە بوو، تاوەکو بیانکاتە تاج مەحەل، مۆڵ و گازینۆکانی قومار.
درێژەی بابەتەکە لەم بەڵگەفیلمەی خوارەوەدا ببینە:
16:59
ئەمەی خوارەوە دەقی سوێندخواردنی دۆناڵد ترەمپ و هەر سەرۆکێکی دیکەی ئەمریکایە:
"من دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی سوێند دەخۆم کە بە دڵسۆزییەوە ئەرکی سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جێبەجێ دەکەم و بە باشترین توانام، پابەندی دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبم، دەیپارێزم و بەرگری لێدەکەم".
رێوڕەسمەکانی دەستبەکاربوون بە پێشەکییەکی میوزیکی دەست پێدەکەن.
کاردیناڵ تیمۆسی دۆلان، ئوسقوفی نیویۆرک و قەشە فرانکلین گراهام نزایەک پێشکەش دەکەن. کریستۆفەر ماکیۆ، گۆرانیبێژی ئۆپێرا گۆرانیی "ئەی، ئەمریکا!" دەڵێت.
پاشان برێت کاڤانۆ، دادوەری دادگەی باڵا سوێندی جێگری سەرۆکایەتی بە جەی دی ڤانس دەدات.
جۆن رۆبەرتس، سەرۆکی دەستەی دادوەران سوێندی سەرۆکایەتی بە ترەمپ دەدات.
رێوڕەسمەکە بە نزایەک لە حاخام ئاری بێرمان، سەرۆکی زانکۆی یەشیڤا؛ ئیمام هیشام حوسەینی لە ناوەندی پەروەردەی ئیسلامیی کەربەلا؛ قەشە لۆرێنزۆ سیوێڵ لە کەنیسەی 180ی دیترۆیت و قەشە فرانک مان لە کەنیسەی کاسۆلیکی رۆمانی برۆکلین، ئینجا سروودی نیشتمانیی ئەمریکا، کۆتایی دێت.
16:49
دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی بووە 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی کاپیتۆڵ سوێندی یاسایی دەخوات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20-1-2025، دۆناڵد ترەمپ بۆ جاری دووەم وەکو سەرۆکی ئەمریکا دەچێتەوە کۆشکی سپی، بەڵام ئەم جارەیان وەکو 47ـەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە.
دۆناڵد ترەمپ لە 2017 تاوەکو 2021 سەرۆکی ئەمریکا بوو بۆ جاری یەکەم. لە 2020 جۆ بایدن لە هەڵبژاردن لێی بردەوە و نەیهێشت دوو جار لەسەریەک ببێتە سەرۆک. لە هەڵبژاردنی 2024 دا، ترەمپ لە رکابەرە دیموکراتەکەی، کامالا هاریسی بردەوە و ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم دەبێتەوە بە سەرۆک.
چاوەڕێ دەکرێت بە دەستبەکاربوونی ترەمپ سیاسەتی ئەمریکا، بەتایبەت سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە گۆڕانکاریی زۆر بەخۆیەوە ببینێت.