چیرۆكی داعشێكی سوێدی كە لە عێراق كوژراوە

19-12-2014
کاوە ئەمین
نیشانەکردن داعش
A+ A-
رووداو- سوێد

عەبدولحەمید عەباس کە بە (ئەبوبەکر) ناسراوە، لە هێرشێکی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر داعش لە عێراق کوژراوە. ئەبوبەکر یەکێک بوو لەو جیهادییە سوێدییانە کە هەر زوو لە رێگای سووریاوە پەیوەندی بە داعشەوە كرد.

یەکێک لە خزمە نزیکەکانی لە گفتوگۆیەکدا بۆ رۆژنامەی ''ئێکسپرێسن'' سوێدی، کوشتنەکەی ئەبوبەكر پشتڕاستدەکاتەوە، بەڵام وەکو ئەو دەڵێت، پرسە بۆ کوڕەکەیان دانانێن:'' ئێمە پرسە بۆ شەهیدەکانمان دانانێین، چونکە شەهیدەکانمان نامرن''.

لە کۆتایی مانگی رابردوودا، نزیکەی 30 چەكداری بیانی داعش لە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەكانی ئەمریكا و هاوپەیماناندا لە شاری روومادی کوژران، یەکێک لە کوژراوەکان هاووڵاتی سوێدی ئەبوبەکرە کە کەسوکارەکەی لە سوێد دەژین و بە بنەچەكە عەرەبی عێراقین.

ئەبوبەکر لە سووریا ژنێكی بەریتانی دەهێنێت، کاتێکیش ساڵی رابردوو لە کەناڵ 4 ی بەریتانییەوە گفتوگۆیان لەگەڵ کرا، ئیدی لە لایەن راگەیاندنی جیهانییەوە گرنگییەکی زۆریان پێدرا. لە یەکێک لە گفتوگۆکانیدا بە شانازییەوە باسی ژنەکەی خۆی خەدیجە دەکات کە ئەو کاتە سکی پڕبووە و لە خوا داوادەکات پێش مردنی منداڵەکەی ببینێت و ئەگەر خوا بیەوێت، کوڕ دەبێت.

خەدیجە لە کەناڵ 4 ی بەریتانی رێپۆرتەر دەبێت، بەناوێکی خوازراوەوە ''موهاجیرە لە شام''ەوە، لە تویتەر پروپاگەندە بۆ داعش دەکات، کاتێكیش لە لایەن رۆژنامەی گاردیانەوە ئاشکراکرا، ئەو وڵاتەی شڵەژاند. ئەو بە شانازییەوە گوتبووی'' خۆشحاڵ دەبم یەکەم ئافرەت بم، تیرۆریستێکی بەریتانی یان ئەمریکی سەربڕم''. هەروەها داوای لە ژنانی ئەوروپی کردبوو پەیوەندی بە داعشەوە بکەن.

چیرۆک و بەسەرهاتی ئەو سوێدییانەی کە پەیوەندی بە داعشەوە دەکەن رۆژانە لە رۆژنامەکانی سوێد دا باسیان لێوە دەکرێت و پۆلیسی ئەو وڵاتە بە جیددی بەدوای ئەڵقە شاراوەکاندا دەگەڕێت کە لە ناو مزگەوت و شوێنەکانی دیکەدا خۆیان حەشارداوە.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی دەنگی پارتی نەژادپەرستی سوێدی، سوێدییە دیموکراتەکان، ئاراستەی دژە ئیسلامییە کە لەناو سوێدییەکاندا زیادیکردووە، بەتایبەتیش دوای شەڕی داعش و گرنگیدانی راگەیاندن بە کارە تیرۆریستییەکانی ئەو گرووپە.

دەزتگای پۆلیسی نهێنی سوێدی (سێپۆ) لەو باوەڕەدایە کە تا ئێستا نزیکەی 30 هاووڵاتی سوێدی لە ناو داعشدا کوژروان، کە زۆربەیان رەگوڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە