رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر توانیویانە لە ماوەی 24 کاژێردا 50٪ـی بەرهەمهێنانی کارەبا بەرز بکەنەوە و لە ئێستاشدا رۆژانە 7 کاژێر کارەبا دەدرێتە هاووڵاتییان.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەمهێنانی گازی بە تەواوی راگرت، بەو هۆیەشەوە بەرهەمهێنانی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەوە، چونکە کوژاندنەوەی سیستەمی بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کارەبا هەیە."
سەبارەت بە دۆخی ئێستای پێدانی کارەبا، ئومێد ئەحمەد گوتی: "ئێستا رۆژانە 7 کاژێر کارەبای نیشتمانی دابەش دەکرێت و کەمترین رێژەی پێدانی کارەباش لە هەندێک ناوچە 6 کاژێرە. لە دوای هێرشەکەش لە ماوەی 24 کاژێردا توانیمان 50٪ـی بەرهەمی کارەبا بەرز بکەینەوە و ئێستا 1500 مێگاوات کارەبا دەدەینە هاوبەشان."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بە هەوڵەکانیان کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و گوتی: "توانیمان سوود لە توانای گازی خورمەڵە وەربگرین و بەکاریبهێنین، هاوکات هەوڵەکانمان بۆ دابینکردنی گازوایل بۆ وێستگەکان بەردەوامە."
لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی سەرمای ئەمساڵ، ئومێد ئەحمەد ئەوەی خستەڕوو کە "بۆ وەرزی زستان خەریکی چاکسازین لە وێستگە و تۆڕەکاندا، هاوبەشانی کارەباش دڵنیا دەکەینەوە کە بۆ زیادکردنی پێدانی کاژێرەکانی کارەبا هەرچی لە تواناماندا بێت و بکرێت، دەیکەین."
نوێدەکرێتەوە...



