رووداو دیجیتاڵ
لە گوتارەکەیدا لە 78ـەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە چەند بابەتێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی کرد و لەبارەی عێراقەوە گوتی، "بێ جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکانی ئەو وڵاتەدا بەردەوامین لە پشتگیری یەکگرتوویی سیاسی، یەکپارچەیی خاکەکەی و ئاوەدانکردنەوەی. بە جێبەجێکردنی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان، پێکەوەبەستنی ناوچەکە بەهێزتر دەکەین."
سەرۆککۆماری تورکیا لە چوارچێوەی بەرنامەکانی لە نیویۆرک، رۆژی دووشەممە، 18-9-2023 لە دیدارێکی تایبەتدا باسی لە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانی عێراق - تورکیا کرد و گوتی، "ئەوە رێڕەوێکە لە وڵاتانی کەنداوەوە بە کەنداوی بەسرەدا تێدەپەڕێت و دەگاتە تورکیا، دواتریش دەگاتە ئەوروپا. ئەو رێڕەوە دەکرێت کارەکانی ژێرخان و سەرخانی لە رێگەی دروستکردنی شاڕێگە و هێڵی ئاسنینەوە بکرێت. ئێمە بینیمان وڵاتانی کەنداو لەسەر دروستکردنی ئەم رێگەیە پێداگرن. ئیمارات، قەتەر و سعودیە، بە گشتی هەموویان زۆر پێداگرن. بێگومان ئێمەش پێداگرین. ئەمریکا، ئەڵمانیا، ژاپۆن هەموویان ئەو پێداگرییەیان بینی. بە هەنگاوێکی لەمجۆرە، دەرفەتی بونیاتنانی جیهانێکی نوێمان دەبێت".
ئەم گوتانەی ئەردۆغان لەکاتێکدان، رۆژی 13ی ئەیلوول ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، عێراق، ئیمارات، تورکیا و قەتەر لە دیدار و کۆبوونەوەی چڕدان لەبارەی جێبەجێکردنی رێگەی گەشەپێدان.
بەگوێرەی ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا، بڕیارە ساڵی 2025 کارەکانی دروستکردنی بەندەری گەورەی فاو تەواو بکرێن؛ پێشبینی دەکرێت 90 لەنگەرگە بۆ لەنگەرکردنی کەشتی دروست بکرێن. پێشبینی دەکرێت ئەم پڕۆژەیە کات و تێچوو کەم بکاتەوە، ئەویش بە کورتکردنەوەی مەودای نێوان چین و ئەوروپا، بەراورد بە ڕێگەی دەریایی کە بە نۆکەندی سوێسدا تێدەپەڕێت.
ئەردۆغان: ئەوانەی کار لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکەن، مافی سکاڵاکردنیان نییە
ئەردۆغان لە گوتەکەیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "وەکو سەرکردەی وڵاتێک کە لە هەمووان زیاتر بە کردەیی بەرەنگاری داعش بووەتەوە و گەورەترین زیانی پێگەیاندووە و کێشەکانی ئەودیوی بابەتەکە بە باشی دەبینێت، دەمەوێت بە روونی قسەبکەم؛ بێزار و وەڕس بووین لە ریاکاریی ئەوانەی لە سووریا، عێراق، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باکووری ئەفریقا و بیابانی ئەفریقا، داعش و رێکخراوە هاوشێوەکانی دیکە بۆ بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیان بەکاردەهێنن...ئەو وڵاتانەی لەگەڵ رێکخراوە تیرۆرستییەکان بەردەوامن لە کارکردن، مافی سکاڵاکردنیان نییە سەبارەت بەو کێشانەی لەڕێی تیرۆر و بابەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر بۆیان دروستدەبێت". ئەردۆغان ناوی هیچ وڵاتێکی نەهێنا کاتێک ئەو قسەیەی کرد.
ئەنجوومەنی ئاسایش "بووەتە گۆڕەپانی ستراتیژیی پێکدادانی پێنج وڵات"
تەوەرێکی دیکەی گوتەکانی ئەردۆغان گرژییەکانی قوبرس بوو کە هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان رێگە بە لایەنی تورکی نادەن رێگەی نوێ لە ناوچەکەدا دروستبکەن. ئەردۆغان لەمبارەیەوە گوتی، "ئەنجوومەنی ئاسایش، ئیدی لەوە دەرچووە ئاسایشی جیهان فەراهەم بکات و بووەتە گۆڕەپانی ستراتیجیی پێکدادانی پێنج وڵات. ئێمە رووداوەکانی ئەم دواییەی قوبرس، وەکو بانگەشەیەکی دوور لە دادپەروەری و ئاسایش دەبینین. وەکو وڵاتێک کە دەستپێشخەریی بێشوماری لەبارەی بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری، گرنگی بە بانگەوازی رۆژەڤی نوێ بۆ ئاشتەوایی لەلایەن بەڕێز گۆتێرێز دەدەین".
رۆژی 18-8-2023 لە ناوچەی سنووریی نێوان قوبرسی تورکیا و کۆماری قوبرس، گرژی لەنێوان سەربازانی قوبرسی تورکیا و هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان دروستبوو.
حکومەتی قوبرسی تورکیا لەو ناوچەیە سەرقاڵی کارکردن بوو بۆ دروستکردنی رێگەی سەرەکی بۆ ژمارەیەک گوندی ناوچەکە، بەڵام هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ناوچە جێناکۆکەکان و خاڵە سنوورییەکان ئەرکدان، رێگرییان لە پڕۆژەکە کرد.
ئەوەش بووە هۆی ئەوەی هێزی پاسەوانی سنووریی قوبرسی تورکیا هەوڵ بدەن هێزە ئاشتیپارێزەکان لەو ناوچەیە دەربکەن، بەڵام ئەو هێزە دوای کەمێک گەڕایەوە و ناوچەکەیان تەلبەند کرد. لە بەرامبەریشدا هێزی پاسەوانی سنووریی قوبرسی تورکیا لە رێگەی شۆڤڵ و ئامێری دیکەی کارکردنەوە زیانیان بە ئۆتۆمبێلەکانی هێزەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان گەیاند و تەلبەندەکەیان تێکدا.
دوای رووداوەکە، نەتەوە یەکگرتووەکان بە تووندی سەرکۆنەی مامەڵەی هێزی پاسەوانی سنووریی قوبرسی کرد. دواتر هەریەک لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، کۆماری قوبرس و یۆنان بە تووندی سەرکۆنەی رووداوەکەیان کرد.
لە بەرامبەردا حکومەتی قوبرسی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، هیچ مەبەستێکی سیاسی لە پشت دروستکردنی رێگەکانەوە نەبووە.
هەرچی حکومەتی (قوبرسی یۆنانی) کۆماری قوبرسە لە راگەیێندراوێکدا وێڕای سەرکۆنەکردن رایگەیاند کە ئەوەی کراوە داگیرکارییە و ئەوەش پێشێلکارییەکی زەقە دژی رێککەوتن و یاداشتنامە نێودەوڵەتییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ