رووداو دیجیتاڵ
گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا کۆتاییهات و پارتەکەی ماکرۆن زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستدەدات.
لەگەڵ داخستنی دوایین بنکەی دەنگدان لە پاریس و گەورە شارەکانی دیکەی فەرەنسا لە کاژێر 8:00ی ئێوارە بە کاتی پاریس (9:00ی شەو بەکاتی هەولێر)، ئەنجامە بەراییەکان ئاشکراکران و تێیدا پێشبینی دەکرێت هاوپەیمانی "ئۆنسۆمبل" بە سەرۆکایەتی ئیمانوێل ماکرۆن، 205 تاوەکو 235 کورسی بەدەست بهێنێت. ئەگەر ئەنجامی کۆتایی بەمشێوەیە بێت، پارتەکەی ماکرۆن زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستدەدا و ئەو کات ناچار دەبێت بە هاوپەیمانییەتی لەگەڵ پارتێکی دیکە حکومەتەکەی پێکبهێنێت.
ئەنجوومەنی نیشتمانی فەرەنسا کە دەکاتە ژووری یەکەمی پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە 577 کورسی پێکهاتووە و براوەی 289 کورسی دەبێتە خاوەن زۆرینە و دەتوانێت بە بێ هاوپەیمانێتیی حکومەت پێکبهێنێت و پڕۆژە سیاسی و ئابوورییەکانی بەئاسانی لە پەرلەمان تێپەڕێنێت.
ئەنجامە بەراییەکان دەریدەخەن هاوپەیمانیی "نوپێس" چەپڕەو بە سەرۆکایەتیی ژان لوک میلانشۆن لە پلەی دووەمدا دێت و لەنێوان 170 تاوەکو 190 کورسی بەدەست دەهێنێت.
هەرچی پارتی گردبوونەوەی نیشتمانی راستڕەوە بەسەرۆکایەتیی ماری لوپێن لەنێوان 75 تاوەکو 95 کورسی بەدەستدەهێنێت و کۆمارییەکانیش 60 تاوەکو 70 کورسی بەدەست دەهێنێت.


