پۆلیسی لاتیڤیا کۆچبەرێکی کورد دەکوژێت

18-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک کۆچبەری کورد دوای ئەوەی لە رووسیاوە خۆیان گەیاندووەتە بێلاڕووس و لەوێوە ویستوویانە بچنە لاتیڤیا، پۆلیسی ئەو وڵاتە تەقەی لێکردوون. نوێنەری هەرێمی کوردستان لە رووسیا دەڵێت، "یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و زۆرینەشیان بریندار کراون."
 
دانەر ئەبوبەکر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کۆچبەرانە 25 کەس بوون، دوو عەرەب و 23 کورد، لە رووسیاوە چوونەتە بێلاڕووس و ویستوویانە لە رێگەی لاتیڤیاوە بگەنە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا، بەڵام پۆلیسی ئەو وڵاتە دەستگیری کردوون."
 
لەو 23 کوردەی رێگەی قاچاخیان بۆ یەکێتیی ئەورووپا گرتووەتەبەر، یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و دواتر حەوتیان دیپۆرتی هەرێمی کوردستان کراونەتەوە؛ دانەر ئەبوبەکر دەڵێت، "ئێستاش حەوتیان لە سەنتەری دیپۆرتکردنەوەی رووسیان."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، "حەوت هاونیشتمانیی دیکەیان لە بێلاڕووس ماونەتەوە، چونکە پاسپۆرتیان پێ نییە، قاچاخچییەکان پاسپۆرتەکانیان لێسەندوون و داوای پارە دەکەن."
 
یەکێک لەو کۆچبەرانەی لە بێلاڕووس ماوەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 18-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "23 کەس بووین، پۆلیس دەستگیری کردین، زۆر ئەشکەنجەیان داین، کارەبایان لێداین، ئێستاش پشتم رەش بووە."
 
بە گوتەی ئەو کۆچبەرە، یەکێک لە هاوڕێکانیان "لەلایەن پۆلیسی لاتیڤیاوە کارەبای لێدراوە، بۆیە گیانی لەدەستداوە."
 
ئەو کۆچبەرە گوتیشی، "بەڵێنمان پێدراوە ئەمڕۆ پاسپۆرتەکانمان بدرێتەوە، بەس بگاتەوە دەستمان دەگەڕێینەوە کوردستان، ئێستا بێلاڕووس وەکو جاران نەماوە، نەک پشتیوانیی کۆچبەران ناکات، ئاستەنگیش دروست دەکەن."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ ژمارەیەک هاونیشتمانی لە فڕۆکەخانەی مۆسکۆوە بە رووداویان گوت، بە ڤیزە رۆشتوون و دوو رۆژە لە فڕۆکەخانەکە راگیراون، نە رێگە دەدەن بچنە ئەو وڵاتەوە و نە رێگە دەدەن بگەڕێنەوە کوردستان.
 
دانەر ئەبوبەکر گوتیشی، ئەوانەش پۆلیسی فڕۆکەخانە گومانی لێکردوون رووسیا بەکاربهێنن بۆ گەیشتن بە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بە قاچاخ، بۆیە رایانگرتوون، چونکە هەمووشیان گەنجن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەبارەی چالاکییە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان بۆ رووداو: بەرهەمدارن

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، ستایشی پڕۆژەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و بە "بەرهەمدار" ناوی بردن. زاخارۆڤا لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیشەوە دەڵێ، دەبێت ئەو ناوچەیە بگەڕێتەوە بۆ چوارچێوەی یاسایی سووریا و مامەڵەی بازرگانیش تەنیا لە رێگەی حکومەتی دیمەشقەوە دەکرێ