رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند بەشێک لە هێزەکانیان لە عێراق و ئەفغانستان دەکشێننەوەو ئەو بڕیارەش فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بووە.
پنتاگۆن ئاشکرایکرد، لە کاژێرەکانی داهاتوودا دەست بە کشاندنەوەی بەشێکی هێزەکانیان لە عێراق و ئەفغانستان دەکەن، بەشێوەیەک لە عێراق ژمارەی سەربازەکانیان لە 3200 سەرباز بۆ 2500 سەرباز کەمدەکەنەوە. هەروەها لە ئەفغانستان لە 5000 سەربازەوە ژمارەی سەربازەکانیان دەکەنە 2500 سەرباز.
بەپێی راگەیێندراوی پنتاگۆن، بڕیاری کەمکردنەوەی هێزەکان تاوەکو 15/1/2021 بەتەواوی جێبەجێدەکرێت.
پێش راگەیێندراوەکەی پنتاگۆن، میدیاکانی ئەمریکا دزەیان بە راپۆرتێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کرد، کە ئاماژە بە پلانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ کشاندنەوەی سەربازە ئەمریکییەکان لە عێراق و ئەفغانستان؛ ترەمپ دەیەوێت پێش بەجێهێشتنی کۆشکی سپی لە 15ی کانوونی دووەمی 2021 بڕیارەکە جێبەجێبکرێت.
بەپێی میدیاکانی ئەمریکا بڕیارەکە جگە لە کەمکردنەوەی هێزەکانیان لە عێراق و ئەفغانسان، ئەمریکا هەموو سەربازەکانیشی لە سۆماڵ دەکشێنێتەوە کە ژمارەیان 700 سەربازە.
میچ مەککۆنێڵ، سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران، پێشتر لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی پیران رایگەیاند "کشانەوەی دەستبەجێی سەربازەکان لە بڕیارەکەی ساڵی 2011ی باراک ئۆباما خراپترە، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش و خولێکی نوێی تیرۆریزمی جیهانی".
بەرپرسێکی پنتاگۆن بۆ میدیاکانی ئەمریکای ئاشکراکردووە، مارک ئیسپەر، وەزیری پێشووی بەرگری ئەمریکا پێش وازهێنانی لە نامەیەکیدا نیگەرانی خۆی لەبارەی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە کۆشکی سپی راگەیاندووە، هەر ئەوەش یەکێک بووە لە هۆکارەکانی وازهێنانی.
یەنس ستۆلتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ، هۆشداری دەدات لە جێهێشتنی ئەفغانستان و دەڵێت "دەکرێت داعش کە لە سووریا و عێراق دۆڕاوە، لە ئەفغانستان خەلافەتێکی تیرۆر دروستبکاتەوە".
سەرباری ئەو نیگەرانییانە، بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، پنتاگۆن فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکای لە عێراق و ئەفغاستان سەبارەت بە کشانەوەکە ئاگادارکردوونەتەوە. بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریش ئاشکرایکردووە کە ترەمپ فەرمانی هۆشداری لەو بارەیەوە دەرکردووە. هەرچەندە چەند فەرماندەیەکی سەربازییش گوتوویانە بەو ژمارە کەمە سەربازەوە لە عێراق و ئەفغانستان کارەکانیان بۆ ئەنجامنادرێت، بەڵام پنتاگۆن وەڵامی نەداونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ