رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، دەبێت ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەست لە هێرشکردنە سەر پاڵاوگەکانی سووتەمەنیی دیزڵ لە رووسیا هەڵبگرێت، چونکە ئەم هێرشانە دەبنە هۆی دروستبوونی کەمیی سووتەمەنی لە جیهاندا و "زیان بە وڵاتانی دیکە دەگەیەنن."
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان لە سەردانەکەیدا بۆ ئایرلاند گوتی: "پێویستە زیلینسکی یەک شت بکات، ئەویش ئەوەیە دەست لە هێرشکردنە سەر [پاڵاوگەکانی] سووتەمەنیی دیزڵ لە رووسیا هەڵبگرێت."
ترەمپ داوای لە زیلینسکی کرد کە "ئامانجی دیکە" بۆ هێرشەکانی دیاری بکات نەک سووتەمەنیی دیزڵ، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی کەمبوونەوەی ئەو سووتەمەنییە لە بازاڕەکاندا. گوتیشی: "ئەم دۆخە بەهۆی [ململانێی] رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە رووینەداوە، بەڵکو بەهۆی ئەو شتەوە روودەدات کە لە نێوان رووسیا و ئۆکراینادا دەگوزەرێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی چڕکردنەوەی هێرشەکانی ئۆکراینا لە مانگەکانی رابردوودا بۆ سەر ئەم جۆرە پێگانە، لەگەڵ زیلینسکی قسەی کردووە.
ترەمپ دەشڵێت: "زۆر ئامانجی دیکە هەن؛ سووتەمەنیی دیزڵ نەکەنە ئامانج چونکە زیانبەخشە. ئەمە زیان بە جیهان دەگەیەنێت. نامانەوێت لە دامەزراوەکانی دیزڵ بدات."
لە چەند مانگی رابردوودا، ئۆکراینا چەندین پاڵاوگەی نەوتی رووسیای کردووەتە ئامانج کە سەتان کیلۆمەتر لە سنوورەکانی نێوانیانەوە دوورن، لە بەرامبەردا مۆسکۆش هێرشە دوورمەوداکانی خۆی چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی سڤیل.
ئێستا کیێڤ بە ژمارەیەکی پێوانەیی لە درۆن هێرش دەکاتە سەر رووسیا، لە کاتێکدا مۆسکۆ هێرشە مووشەکییەکانی بە جۆرێک فراوان کردووە کە لە سەرەتای جەنگەوە بەم شێوەیە نەبووە.
رۆژی یەکشەممە، درۆنێکی رووسیا شەمەندەفەرێکی نەفەرهەڵگری پێکا کە لە کیێڤەوە بەرەو وارشۆ دەڕۆیشت، بێ ئەوەی هیچ بریندارێکی لێبکەوێتەوە؛ هاوکات زیلینسکی باسی لەوە کرد کە چەندین ناوچە لە رۆژئاوای وڵاتەکەی کەوتوونەتە بەر شاڵاوی هێرشەکان.
ئەم هێرشانە چەند رۆژێک دوای سەردانی ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نێردەکانی ئەمریکا بۆ مۆسکۆ و کیێڤ دێن، کە بە مەبەستی بووژاندنەوەی ئەو دانوستاندنانە بوو کە واشنتن سەرپەرشتییان دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە خوێناویترین ململانێ لە ئەورووپای دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە.
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییە نوێیەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە کرد، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی تێچووی سووتەمەنی و هەڵاوسان لە ئەمریکا.
ئەم بارودۆخەش پێشبینییەکانی لەبارەی ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە زیاتر کردووە، ئەوەش لە کاتێکدا دەنگدەرانی ئەمریکا خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەمدا ئامادە دەکەن.



