ژمارەیەک کورد لەنێو بەلەمە نقومبووەکەی ئیتاڵیان

17-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

یەکێک لە کەسوکاری بەشێک لەو کۆچبەرە کوردانەی لەنێو بەلەمە نقومبووەکەی کەناراوەکانی ئیتاڵیا دەڵێت، نزیکەی نیوەی سەرنشینی بەلەمەکە کورد بوون. خێزانێکی پێنج کەسیی خەڵکی رانیە کە ژن و مێردێک و سێ منداڵن، لەنێو بەلەمەکەدابوون، بەڵام نازاندرێت لەنێو رزگاربووەکانن یان خنکاون.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە کەسوکاری خێزانێکی کۆچبەری نێو یەکێک لەو دوو یەختەوە وەریگرتووە کە دوێنێ یەکشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2024 لە کەنارئاوەکانی ئیتاڵیا تێکشکان، بەلەمەکان کۆچبەری خاوەن رەگەزنامەی جیایان تێدابووە، ژمارەیەکیان کوردن، لەنێویاندا خێزانێکی پێنج کەسی، ژن و مێردێک و سێ منداڵ (دوو کوڕ و کچێک)، کە تەمەنیان حەوت، چوار و سێ ساڵە.
 
ژن و مێردە کوردەکەی نێو بەلەمەکە خاڵۆزا و پورزای ئەلەند ئەحمەدن، ئەو بە رووداوی گوت "رۆژی 10ـی مانگ بەلەمەکە لە شارۆچکەی بۆرسای تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا رۆیشتووە و رۆژی پێنجشەممە، 13ـی مانگ یەکێک لە سەرنشینانی کە کەسوکاری ئێمەیە، لۆکەیشینی بۆ برایەکی ناردووە و پێیراگەیاندووە گەیشتوونەتە سنوورەکانی ئیتاڵیا."
 
ئەلەند دەڵێت "هێشتا نازانرێت کەسوکار و خزمەکانی ئێمە لەنێو رزگاربووەکانن یان خنکاون."
 
دووشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2024، تیمێکی فریاگوزاریی ئیتاڵی رایگەیاند بەلەمێکی کۆچبەران، کە 61 کۆچبەری لەسەر بووە، لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی لامپەدووسا لە باشووری ئیتاڵیا تێکشکاوە، توانیویانە 51 لەو کۆچبەرانە رزگار بکەن و 10 کۆچبەریش خنکاون.
 
لەلایەکی دیکەوە پاسەوانی دەریایی ئیتاڵیا بەیانیی ئەمڕۆ رایگەیاند سەرقاڵی گەڕانن بەدوای کۆچبەراندا دوای ئەوەی بەلەمێکی دار، کە 72 کۆچبەری تێدابووە، لەنزیک نیمچەدوورگەی کالابریا لە باشووری ئیتاڵیا تێکشکاوە و، بەگوێرەی زانیارییەکانیان 60 کۆچبەر بێسەروشوێنن. 
 
پاسەوانی دەریایی ئیتاڵیا رایانگەیاند پرۆسەی گەڕان بەدوای کۆچبەرەکاندا لە شەوی یەکشەممەوە دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە، توانیویانە 12 کۆچبەر لە خنکان رزگار بکەن. ئاماژەشیان بەوەکردووە، بەلەمەکە لە تورکیاوە بەڕێکەوتووە. 
 
ئیتاڵییەکان ئاماژەیان بەوەداوە کەشتییەکی فەرەنسی ئاگاداری کردوونەتەوە کە بەلەمێکی پڕ لە کۆچبەر ژێرئاو کەوتووە، تاوەکو گەیشتوونەتە لای بەلەمەکە، نیوەی بەلەمەکە ژێرئاو کەتووە. 
 
پۆلیسی ئیتاڵی رایگەیاندووە 12 کۆچبەرە رزگاربووەکەیان گەیاندووەتە شارۆچکەی رۆچێلا لۆنیکا لە باشووری ئیتاڵیا. 
 
بە گوتەی بەرپرسانی ئیتاڵی، زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی لە بەلەمی دووەمدا ژێرئاو کەوتوون، خەڵکی ئێران و ئەفغانستان بوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.