رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوێکی نێودەوڵەتی رایدەگەیێنێت لە جیهاندا تەنیا نزیکەی 1900 پاندای کێوی ماون، ئێستاش هەوڵی پاراستنیان لە لەنێوچوون دەدرێت.
لە باشووری رۆژئاوای چین پارکی نیشتمانیی پاندا لە هەرێمی سیچوان هەیە، کە لەسەر رووبەرێكی 22 هەزار کیلۆمەتر دووجادا دروستکراوە بۆ ئاسانکاریی زاوزێ و زیادبوونی پانداکان.
ژانگ هیمن، پسپۆڕی پاندا لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی پاندای چین دەڵێت، "پاراستنی پاندا پێگەیشتووەکان و ژینگەکەیان ئامانجی سەرەکیی ئێمەیە. لێرە پارێزگاریکردن لە 1800 بۆ 2000 پاندا ئامانجی سەرەکیمانە."
جگە لەو پاندایانەی لە چینن، پاندای وڵاتانی دیکەش بۆ زاوزێ دەبرێنە ئەوێ.
لی شیاویان، چاودێریکاری پانداکان دەڵێت، "کاتێک دەگەڕێنەوە، بە ئینگلیزی قسە لەگەڵ ئەوانە دەکەین کە لە وڵاتە ئینگلیزەکانەوە هێندراونەتەوە. دواتر وردە وردە بە چینی قسەیان لەگەڵ دەکەین. وردە وردە فێری خووەکانیان دەبین، دەزانین ئارەزووی چی دەکەن و شارەزای خواردنیان دەبین؛ ئەمانە هاوکار دەبن لەوەی بە خێرایی لەگەڵ ژینگە نوێیەکەیان بگونجێن."
لە پانداکانی پارکەکەدا بەهێزترین و تەندروستترینەکانیان هەڵدەبژێردرێن. ئامانجەکە ئەوەیە بەربدرێنە نێو ژینگەیەکی گونجاو بۆئەوەی ژمارەی پاندا کێوییەکانیش زیاد بکات.
وو دایفو، پسپۆڕ لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی پاندای چین ئاماژە بەوە دەکات، "پێشتر، ساڵانە یەک بۆ دوو پاندامان ئازاد دەکرد. هەنگاوی داهاتوومان زیادکردنی وەبەرهێنانە لە ئامێر و کەرەستەکان، بۆئەوەی بتوانین بە ئاسانترین شێوە بە ژینگەی کێوییان تێکەڵ بکەین. دەمانەوێت ساڵانە چوار بۆ پێنج پاندا بنێرینە ژیانی کێوی."
لە چین نزیکەی 3000 پاندا لەژێر چاودێریدان. بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی وێڵد واید فەند، 1864 پاندای کێوی لە جیهاندان، لە کاتێکدا ساڵی 2000 ژمارەیان 2500 دانە بوو.
پاندا لەو گیانەوەرانەیە پێویستی بە چاودێریکردنی بەردەوامە، بۆئەوەی رێگە لە لەنێوچوونی بگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ