رووداو دیجیتاڵ
هەشت کەس لە بەریتانیا بە تاوانی بازرگانیکردن بە کۆکاینەوە سزادران؛ شەش کەس لەو سزادراوانە کوردن.
رۆژی شەممە 17ـی حوزەیرانی 2023، پۆلیسی کلیڤلاند لە شاری میدڵزبرەی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا سزادانی هەشت کەسی بە تاوانی بازرگانیکردن بە کۆکاین راگەیاند.
پۆلیس ئاماژەی بەوە کرد هەشت تاوانبارەکە وەکو گرووپێکی مادەی هۆشبەر بەیەکەوە کاریان کردووە و لەڕێگەی تەلەفۆنەوە کۆکاینیان بە خەڵک فرۆشتووە.
رۆژی هەینی 16ـی حوزەیرانی 2023، هەموو ئەندامانی گرووپە هەشت کەسییەکە لە دادگەی تیساید لە شاری میدڵزبرە سزادران، ئەوە وەک بنکەی پۆلیسی کلیڤلاند باسی دەکات.
شەش لە ئەندامانی گرووپەکە کوردن و بەگوتەی پۆلیس، هەریەک لە ئەندامەکانی گرووپەکە رۆڵێکی تایبەتی هەبووە.
پۆلیس ناوی تاوانبارەکانی ئاشکراکردووە کە پێکدێن لە: ئەیمەن ئەحمەد، شێراد ئەحمەد، کێڤن بەکر، شاهۆ ئیبراهیم، ئاپۆ فازڵ، گەرمیان خەڵەف، کالووم ئەڵسۆپ و بارزان قادر، پۆلیس ئاماژەی بە دوو کەسی دیکەش کردووە کە دادگە سزای راگرتنی بەسەردا سەپاندوون و لە دەرەوەی زیندان دەمێننەوە، بەڵام بە چەند مەرجێکی دیاریکراو.
سزای سزادراوەکان بەپێی رۆڵیان لە گرووپەکە و جۆری تاوانەکەیان جیاوازە و، لەنێوان دوو بۆ هەشت ساڵ و چوار مانگ زیندانیکردنە.
بارنیس، ئەفسەری پشکنەر لە بنکەی پۆلیسی کلیڤلاند دەڵێت، "کۆکاین مادەیەکی هۆشبەری زۆر ئالوودەکەرە و دەبێتە هۆی ئەوەی کەسی بەکارهێنەر بۆ ئەوەی مادەکە بەدەستبهێنێت، دەست بۆ کردەوەی تاوانکاری ببات".
بارنیس دەشڵێت، "پێشوازی لەو بڕیارەی دادگە دەکەین و ئەوە پەیامێکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مادە قەدەخەکراوەکان و ئەو کەسانەی هەوڵدەدەن لێیان سوودمەند بن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ