خزمەتگوزارییەکی گووگڵ 37 ساڵی رابردووی هەسارەی زەوی پێشاندەدات

17-04-2022
ساهیرە سدیق
ساهیرە سدیق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
گووگڵ ئێرس خزمەتگوزارییەکی تایبەتی گووگڵە، چەندین تایبەتمەندیی گرنگ لەخۆدەگرێت، یەکێک لەوانەش "تایم لاپسە/time-lapse" کە لە رێگەیەوە دەتوانیت بزانیت هەسارەی زەوی لە ماوەی نزیکەی 40 ساڵی رابردوودا چەند گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
 
تایم لاپس مانگی چواری ساڵی رابردوو بەردەست بوو، دەتوانیت لەڕێگەیەوە بەشێوەی 3D و بە چەند خولەکێک گۆڕانی 37 ساڵی رابردوو لە ناوچەکەتدا ببینیت؛ خزمەتگوزارییەکە وێنەی سەتەلایت بەکاردەهێنێت بۆ رێگەدان بە گەڕان لە هەموو گۆشەکانی جیهان - هەندێکیان بە شێوەی 3D، کە بۆ ئەو مەبەستە گووگڵ سوودی لە 24 ملیۆن وێنەی سەتەلایتی وەرگرتووە.
 
رێبێکا مۆری، بەڕێوەبەری گووگڵ ئێرس باسی لەوە کردووە، تایم لاپس دەتوانێت دیاردە سرووشتییە جوانەکانیش پیشان بدات، کە بە درێژایی دەیان ساڵ دەرکەوتوون.
 
گووگڵ پلانی هەیە لە 10 ساڵی داهاتوودا بە بەردەوامی وێنە بۆ خزمەتگوزارییەکەی زیادبکات، بۆ ئەو مەبەستەش لەنزیکەوە کار لەگەڵ ناسا و پرۆگرامی لاندساتی لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجیی ئەمریکی و بەرنامەی کۆپەرنیکی یەکێتیی ئەوروپا بۆ فراوانکردنی ئەو تایبەتمەندییە دەکات.
 
بە روانین لە دیمەنەکانی شاری هەولێر لەسەر تایم لاپس-ی گووگڵ ئێرس (کە لە ڤیدیۆکەی خوارەوەدا روونکراوەتەوە)، دەردەکەوێت کە شارەکە بەشێوەیەکی زۆر خێرا فراوان بووە.
 

 

 
خزمەتگوزارییەکە ئامانجی پیشاندانی نەک تەنیا کێشەکان، بەڵکو چارەسەریشە، مەبەستی سەرەکیی گووگڵ لەم خزمەتگوزارییە بابەتی گۆڕانی کەشوهەوایە، کە تێیدا بە روونی دەردەکەوێت هەسارەی زەوی چۆن بەردەوام گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.
 
ئێستا ساڵ بە ساڵ پلەی گەرما بەرزتر دەبێتەوە، بارانبارین کەمتر و کەمتر دەبێت، ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی لە کەمبوونەوەی بەردەوامدایە. رووبەری ئەو زەوییانەی ئێستا بۆ کشتوکاڵ گونجاون بەراورد بە ساڵانی رابردوو 58% کەمبووەتەوە؛ بە مانایەکی دیکە، هەڕەشە لەسەر ژیان هەیە.
 
دەریاچەی رەزازە لە عێراق کە دەکەوێتە پارێزگای کەربەلا، رێژەی ئاوی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بەرەو وشکبوون دەچێت (ڤیدیۆی روونکردنەوەکەی لە خوارەوەیە).

 

 
دەریاچەی ساوە کە یەکێکە لە گرنگترین دەریاچەکانی عێراق،دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای ناوەندی قەزای سەماوەی سەر بە پارێزگای موسەنا لە باشووری عێراق. بەپێی وێنەکانی تایم لاپس-ی گووگڵ ئێرس بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو ئاوەکەی کەمیکردووە و ناوچەکانی دەوروبەریشی بەرەو بەبیابانبوون رۆشتوون.
 
دیمەنی دەریاچەی ساوە لە ساڵی 1984 و ساڵی 2020 
 
بەپێی دیمەنەکان کە لە تایم لاپسی گووگڵ ئێرس خراونەتەڕوو، لە ماوەی 37 ساڵدا و لە ساڵی 1984 تاوەکو 2020 گۆڕانکاری بەسەر بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخاندا هاتووە.
 
دیمەنێک لە دەریاچەی دووکان لە ساڵانی 1984 و 2020دا لە تایم لاپسی گووگڵ ئێرس
 
 
دیمەنێکی دەریاچەی دەربەندیخان لە ساڵانی 1984 و 2020 لە تایم لاپسی گووگڵ
 
 
توانەوەی بەستەڵەکەکان هەڕەشە لە ژیانی ملیۆنان کەس دەکات، لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا ئەستوورترین و کۆنترین پارچە بەستەڵەکی جەمسەرەکان بەرێژەی 95% تواوەتەوە.
 
توانەوەی بەستەڵەکەکان هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان، لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو لە "بریتش کۆڵۆمبیا" ئاوی رووبارەکان بەرزبووەوە و بووە هۆی دروستبوونی لافاو، کە زەرەر و زیانی گیانی و ماددیی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەوەبوو کە بەرپرسانی کەنەدا دەڵێن، 500 ساڵە هاوشێوەی نەبووە.
 
لەم دیمەنەی خوارەوە کە لە گووگڵ ئێرس وەرگیراوە، قەبارەی توانەوەی بەفر لە ئالاسکا نیشاندەدات.

 
دیمەنی زیادبوونی کەرتی کشتوکاڵی و ئاودێری لە سعودیە، لەڕێگەی گواستنەوەی دەستکردی ئاو بۆ شوێنێکی دیاریکراو بە سیستمی جۆراوجۆر بە بەکارهێنانی بۆری، ماتۆڕ و رشاندن؛ لەم ڤیدیۆ کورتکراوەشدا زیاتر روونکراوەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە