رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا هۆشدارییەکی تووند دەداتە وڵاتانی ئەورووپا و رایدەگەیێنێت، مۆسکۆ بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی ئامادەیە، بەڵام دەستپێشخەری بۆ جەنگ ناکات. پووتین هۆشداریی دا لەوەى لە ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێکی بەرفراواندا "هیچ لایەک بە سەرکەوتوویی لێی دەرناچێت".
لە لێدوانێکیدا لەسەر گەنگەشە ئەمنییەکانی وڵاتانی ئەورووپا بۆ ئامادەکاریی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی تاوەکو ساڵی 2030، ڤلادیمیر پووتین رایگەیاند، مۆسکۆ ئامادەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و گفتوگۆی بنیاتنەرە، بەڵام بەرگری لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی دەکات.
پووتین گوتی: "سەرەتا دەڵێم ئامادەین، بەڵام هیچ جەنگێکمان لەگەڵ ئەورووپا ناوێ. ئەگەر هەر لایەنێکیش جەنگی دەوێ، با خۆی ئامادە بکات، بەڵام نەیانتوانیوە ئامانجەکەیان بۆ شکستی ستراتیژیی رووسیا بپێکن و تاوەکو 2030ش پێناچێت بتوانن. ئەگەر بارودۆخەکە زیاتر لە پێویست تەشەنە بکات، با کەس لە بیری نەکات: بە هیچ شێوەیەک هیچ براوەیەک نابێت."
سەرۆکی رووسیا گوتیشی، بەم دواییانە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەلێکساندەر ستوب، سەرۆکی فینلاند و یۆناس گار ستۆرە، سەرۆکوەزیرانی نەرویج ئەنجامداوە و ئاماژەی بەوە کرد، هەردووکیان لەسەر دەستپێشخەریی خۆیان و لەسەر ئاستی نیشتمانی پەیوەندییەکەیان کردووە، نەک وەک نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا.
پووتین پشتیوانیی خۆی بۆ هەر هەوڵێکی دیپلۆماسی دووپاتکردەوە، چ بە شێوەی دووقۆڵی بێت لەگەڵ وڵاتان یان لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەورووپادا.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، پووتین باسی لە ئاسایشی دەریای باڵتیک کرد و هۆشداری دا لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی تەنگەى هورمز لە باکووری ئەورووپا و گوتی: "هاوتا ئەورووپییەکانمان پرسی پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتیی دەریاییان لە دەریای باڵتیک خستەڕوو، ئێمەش بە تەواوی پشتیوانی لەو پرەنسیپە دەکەین. ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت، دەکەوینە دۆخێکی هاوشێوەی ئەوەی لە تەنگەى هورمز روویداوە؛ ئایا کەس هەیە بیەوێت دەریای باڵتیک ببێتە کەنداوی فارسی یان تەنگەى هورمز؟ ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئەوەمان ناوێت."
ئەم هۆشدارییانەی سەرۆکی رووسیا لە کاتێکدایە، پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە دوای ئەندامبوونی فینلاند و سوێد گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی گرژی، هاوکات نیگەرانییە ئەمنییەکان لەسەر ئازادیی کەشتیوانی و رێڕۆ ئاوییەکان لە دەریای باڵتیک رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبن.
گەنگەشەکانی سەرکردەکانی ئەورووپا سەبارەت بە گریمانەی سەرهەڵدانی جەنگ لەگەڵ رووسیا تاوەکو 2030، رەنگدانەوەی ترسێکی قووڵی رۆژئاوایە لە ئەگەری دووبارە پڕچەکبوونەوەی خێرای مۆسکۆ و تاقیکردنەوەی پابەندبوونی ناتۆ بە مادەی پێنجەمی پەیماننامەکەی کە تێیدا هاتووە، "هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ لە ئەورووپا یان ئەمریکا، وەک هێرشکردنە سەر سەرجەم وڵاتانی هاوپەیمانێتییەکە هەژمار دەکرێت."

