رووداو دیجیتاڵ
چاوەڕوان دەکرێ هەزاران کەس لە بەرلین و زیاتر لە 30 شاری دیکەی ئەڵمانیا بڕژێنە سەر شەقامەکان، خۆپێشاندانەکان لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی، پلانی جێبەجێکردنی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ، کەمکردنەوەی بودجەی کەرتی پەروەردە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانە.
بەپێی ماڵپەڕی دەستپێشخەریی تایبەت بە ئەنجامدانی خۆپێشاندانەکە، بۆ سبەی شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، زیاتر لە 150 هەزار کەس ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن تۆمار کردووە.
گرووپی رێکخەری خۆپێشاندانەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ: "ئێمە چی دیکە ئامادە نین بێدەنگ بین، کاتێک بڕیار لەسەر داهاتوومان دەدرێ بێ ئەوەی گوێ لە دەنگمان بگیرێ. داوای سیاسەتێک دەکەین کە وەبەرهێنان لە پەروەردە، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، تەندروستی، ژینگە و ژیانێکی شایستەدا بکات، نەوەک کەمکردنەوەی مافەکانی گەنجان."
ئەکرەم سێلۆی تەمەن 18 ساڵ، یەکێکە لە رێکخەرانی خۆپێشاندانەکان و دەڵێ، ترس لە داهاتوو هۆکاری سەرەکیی چوونە سەر شەقامە لە لایەن گەنجانەوە و دەڵێ: "ئەگەر سیاسییەکان هیچ کارێك نەکەن، دەبێت ئێمە هەنگاو بنێین."
لە کاتێکدا رێکخراوی گەنجانەکانی سەر بە پارتی سەوزەکان و پارتی چەپ پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپێشاندانەکان دەربڕیوە، بەرپرسانی هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار و پۆلیس هۆشداریی دەدەن.
ئەلێکساندەر سرۆم، گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی کریستیانەکان دەڵێ، چەپڕەوە تووندڕەوەکان چوونەتە نێو گەنجانەوە. لە هەمان کاتدا پۆلیسی بەرلین هۆشداری دا لە مەترسیی تووندوتیژی و رایگەیاند، لە بەرامبەر هەر ئاژاوەیەک "هیچ بەزەییەک" نیشان نادەن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەڵمانیا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی لە ئەڵمانیا
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەرلین هۆشدارییەکی ئەمنی بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە سەبارەت بە خۆپێشاندانەکە.
بەپێی هۆشدارییەکە، پێشبینی ناکرێ گەشتە ئاسمانییەکان، هێڵەکانی شەمەندەفەر و میترۆ پەکیانبکەوێ، بەڵام ئەگەری هەیە پۆلیس بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە رێگەکان دابخات یان ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی گشتی دروست بێت.
رێنمایی و رێکارە پێویستەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەڵمانیا بۆ هاووڵاتییانیان:
- دوورکەوتنەوە لە گۆڕەپانەکانی خۆپێشاندان
- لە ئەگەری بینینی هەر دۆخێکی گوماناوی، دەستبەجێ نزیکترین ئەفسەری پۆلیس ئاگادار بکەنەوە
- هەڵگرتنی بەردەوامی مۆبایل بەو مەرجەی ژمارە فریاگوزارییە ناوخۆییەکانی ئەڵمانیای تێدا بێت: پۆلیس (110)، فریاکەوتن (112)، ئاگرکوژێنەوە 112
پابەندبوون بە رێنماییەکانی دەسەڵاتداران و هێماکانی هاتووچۆ لەبارەی داخستنی شەقامەکان و رێگە جێگرەوەکان
چاودێریکردنی میدیا ناوخۆییەکان بۆ ئاگاداربوون لە دوایین پێشهاتەکان

