نێچیرڤان بارزانی بە فەرمی بانگهێشتی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا کرا

17-02-2024
دیار جەمیل
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئیلهام عەلیێڤ
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئیلهام عەلیێڤ
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسی میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دووەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ سەرۆککۆماری ئازەربایجان کۆبووەوە، بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەردوولا باسیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و رێکارەکانی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی گشتیی ئازەربایجان لە هەولێر کردووە. 
 
رۆژی شەممە، 17-02-2024، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئيلهام ئه‌ليێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان کۆبوونەوە و پرسی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کاریگەری لەسەر ئارامی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئيلهام ئه‌ليێڤ بە فەرمی، نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی كۆنفرانسى داهاتووى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان ده‌رباره‌ى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا (COP29) کرد کە بڕیارە ئەمساڵ لە ئازەربایجان بەڕێوەبچێت.
 
رۆژی 11-11-2024، 29ـەمین کۆنفرانسی  كۆنفرانسى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا (COP29) لە باکووری ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت و تاوەکو 24-11-2024، بەردەوام دەبێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووباره‌ پيرۆزبايى له‌ سه‌رۆك ئه‌لييێڤ كرد بۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى به‌ سه‌رۆكى وڵات، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ هەنگاونانی پێويست بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى ئازه‌ربايجان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى، كرده‌وه‌."
 
هاوکات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا لە (تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس) رایگەیاند، "ئەم بەیانییە خۆشحاڵ بووم کە لەگەڵ هاوڕێم سەرۆک ئیلهام عەلیێڤ لە میونشن کۆبوومەوە. دانوستاندنێکی باشمان لەسەر پێشخستنی زیاتری هاوئاهەنگیی دوولایەنەی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و ئازەربایجان کرد."

 

 
لە بڵاوکراوەکەدا باسی لەوەشکردووە، جەختیان لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە هەرێمییەکان بە ئامرازێکی ئاشتییانە کرد. 
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیاندا لەبارەی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئیلهام عەلیێڤ ئاماژە بەوە دەکات، هەردوولا باسیان لە رێکارەکانی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی گشتیی ئازەربایجان لە هەولێر کرد، کە "هاوکار و یارمەتیدەر دەبێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان."
 
"دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كان له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيرى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، هه‌ردوولا داكۆكييان له‌ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و كاركردنى هه‌مه‌لايه‌نه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، كرده‌وه‌." ئەمە بە گوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە