رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە لە رێوڕەسمێکدا باڵاترین خەڵاتی زانستیی وڵاتەکەی پێشکێش بە ئیلۆن مەسک و ژمارەیەک لە سەرکردە دیارەکانی کەرتی تەکنەلۆجیا دەکات.
لووتکەی زانست و خەڵاتکراوە دیارەکان
لە لووتکەی "زانست: سەردەمێکی زێڕینی نوێ"، هەریەک لە سێرگی برین، هاودامەزرێنەری گووگڵ؛ جێنسن هوانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئێنڤیدیا و لیزا سوو، سەرۆکی کۆمپانیای ئەی ئێم دی، (مەدالیای نیشتمانیی زانست) لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە وەردەگرن.
هەروەها مایکڵ دێڵ، خاوەنی کۆمپانیای دێڵ و ساتیا نادێلا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مایکرۆسۆفت "مەدالیای نیشتمانی بۆ تەکنەلۆجیا و داهێنان" وەردەگرن، کە باڵاترین خەڵاتی ئەمریکایە لەو بوارەدا.
لیز هیوستن، گوتەبێژی کۆشکی سپی رۆژی چوارشەممە بە کاتی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئیدارەی ترەمپ سوپاسگوزارە بۆ خزمەت و بەشداریی ئەم سەرکردە ناوازانە لە بوارەکانی زانست و تەکنەلۆجیادا. ئەو کەسانەی خەڵاتەکە وەردەگرن هاوکارن لە دەستەبەرکردنی ئەوەی ئەمریکا بەردەوام بێت لە پێشەنگایەتیکردنی جیهان لە بواری داهێناندا."
پەیوەندییەکانی ترەمپ و ئیلۆن مەسک
ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیاکانی سپەیس ئێکس و تێسلا، جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ترەمپ ئاسایی بوونەتەوە، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو بەهۆی رۆڵی مەسک لە سەرۆکایەتیکردنی فەرمانگەی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت تووشی ساردی ببوون. مەسک گەورەترین بەخشەری دارایی بوو بۆ کەمپەینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ترەمپ لە ساڵی 2024دا.
مانگی رابردوو هەریەک لە مەسک و هوانگ لە ئێوارەخوانی فەرمیی ترەمپ بۆ شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە کۆشکی سپی بەشدار بوون. هەروەها هەفتەی رابردووش لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی کەرتی تەکنەلۆجیا لە کۆشکی سپی ئامادە بوون و بەڵێنیان دا چاودێریی مەترسییەکانی سیستمەکانی ژیریی دەستکردی خۆیان بکەن.
دیدی ترەمپ بۆ ژیریی دەستکرد و هەڵبژاردنەکان
ترەمپ هۆشدارییەکانی پەیوەست بەوەی کە گوایە ژیریی دەستکرد دەکرێت مرۆڤایەتی لەنێوببات رەتکردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم بوارە زۆر گرنگە بۆ ئەو شتەی ناوی دەنێت "سەردەمی زێڕین"ی ئابووریی ئەمریکا لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییدا.
ئەم رێوڕەسمە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە پارتی کۆماریی سەر بە ترەمپ لەبەردەم مەترسیی لەدەستدانی زۆرینەی کۆنگرێسدایە لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخول لە مانگی داهاتوودا، ئەوەش بەهۆی نیگەرانیی دەنگدەران لە جەنگی دژی ئێران و زیادبوونی گرانی لە ئەمریکا.



