رووداو دیجیتاڵ
لەژێر گوشاری شەقام و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا، حکومەتی فەرەنسا بڕیاری دا بەکارهێنانی "نارنجۆکی دەنگی" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دژی خۆپێشاندەران بە شێوەیەکی کاتی رابگرێت.
ئەم بڕیارەی دەسەڵاتدارانی پاریس دوای ئەوە هات کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەکارهێنانی ئەم چەکە ناکوشندەیە (کە دەنگ و رووناکییەکی بەهێز دروستدەکات)، بووە هۆی برینداربوونی قورس، سووتان و دروستبوونی شڵەژان لەنێو سەدان خۆپێشاندەر، بەتایبەت قوتابیانی خوار 18 ساڵ.
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا رێنمایی نوێی ئاراستەی هێزەکانی پۆلیس کردووە بۆ ئەوەی بەکارهێنانی ئەو جۆرە نارنجۆکە بوەستێنن، تاوەکو ئەو کاتەی پێداچوونەوە بە رێکارەکانی کۆنترۆڵکردنی ئاژاوە و پێوەرەکانی سەلامەتیدا دەکرێت.
تووندوتیژییەکانی پۆلیسی فەرەنسا بەرامبەر ناڕەزایەتییەکان کاردانەوەی نێودەوڵەتیشی بەدوای خۆیدا هێنا، بەجۆرێک بووە هۆی ئاڵۆزی لە نێوان پاریس و تاران و بانگهێشتکردنی باڵیۆزانی هەردوو وڵات لەسەر مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپێشاندەراندا.
شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی فەرەنسا لە 17ی ئەیلوولەوە لەلایەن قوتابیانی قۆناخی ئامادەییەوە دەستیپێکرد؛ قوتابیان داوای باشترکردنی ژینگەی خوێندن، نۆژەنکردنەوەی بینا کۆنەکان، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و دابەزاندنی نرخی خواردن لە قوتابخانەکانیاندا دەکەن.



