سوودانی: لەگەڵ ئێران هاوبەشیمان هەیە و ئەمریکاش هاوپەیمانی ستراتیژیمانە

15-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ ئێران هاوبەشییان هەیە. ئەمریکاش بە "هاوپەیمانێکی ستراتیژی" ناو دەبات.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە لە رۆژی 13ـی ئەم مانگەوە بەسەردانێک لە ئەمریکایە، ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی نیسانی 2024، لەگەڵ رەوەندی عێراقی لە واشنتن و بەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا کۆبووەوە و گوتارێکی بۆ دان. 
 
سوودانی لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، دەیانەوێت لەگەڵ رەوەندی عێراقی لە دەرەوە لە پەیوەندیدا بمێننەوە، بۆیە کار بۆ دامەزراندنی فەرمانگەیەک بۆ کاروباری عێراقییەکانی دەرەوە دەکەن. بۆ ئەمەش، پێویستیان بە ئەزموون و شارەزایی عێراقییەکانی ئەمریکا دەبێت.
 
سوودانی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا بە "گرنگ" دەزانێت: "دەمانەوێت شێوازی پەیوەندییەکەمان لەگەڵ ئەمریکا روونبکەینەوە."
 
سوودانی گوتی، ئەمریکا لە لێخۆشبوونی گومرکی لەپێشترێتی داوەتە عێراق و لەگەڵ دامەزراوەکانی پارەدارکردن گرێبەستێکیان بە 5 ملیار دۆلار واژۆ کردووە.
 
بەشێک لە ناوچەکانی عێراق لە ساڵی 2014 تاوەکو 2017 لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا بوون. سوودانی پێیوایە داعش چیدی مەترسیی نییە بۆ سەر عێراق "چونکە عێراقی ئێستا جیاوازە لە عێراقی 2014".
 
هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش رۆڵی هەبوو لە ئازادکردنی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی داعش. سوودانی گوتی: "لەرووی ئەمنی و سەقامگیری و گەشەپێدان و خزموتگوزارییەوە عێراق بەرەو پێشچوونێکی باشی بەخۆوە بینیوە کە پێشینەی نییە." بۆیە دەیانەوێت سرووشتی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بگۆڕن.
 
بەپێی ئەو راپۆرتانەی لەلایەن رێکخراوەکانی وەک شەفافیەتی نێودەوڵەتی بڵاودەکرێنەوە، عێراق یەکێکە لە وڵاتە گەندەڵەکانی جیهان. 
 
سوودانی دەڵێت: "بەشێکی زۆر لە پارەکانی عێراقمان لە دەرەوە گەڕاندووەتەوە و زۆر داواکراو لە دۆسیەکانی گەندەڵی لە هەڵگرانی وەڵاتینامەی وڵاتانی دیکەمان گەڕاندووەتەوە و هەندێک لە داواکراون خۆیان رادەست کردووەتەوە." 
 
لەبارەی گرێبەستەکانی نەوت و گاز، سوودانی گوتی: "گرێبەستمان لەگەڵ تۆتاڵ کردووە و گەڕی پێنجەم و توانای نیشتیمانی وا دەکات عێراق لەماوەی سێ بۆ پێنج ساڵ بگاتە ئاستی خودبژێوی لە گازی سرووشتی." 
 
دەشڵێت، "دەستمان بە پڕۆژەکانی پاڵاوتگەکان کردووە، ساڵی 2024، دوایین ساڵی هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان دەبێت."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و ئەمریکا و ئێران کرد و ئێران بە "وڵاتێکی دراوسێ کە هاوبەشییمان لەگەڵدا هەیە" ناوبرد، بۆ ئەمریکاش گوتی: "هاوپەیمانێکی ستراتیژییە و پەیوەندیی گرنگمان لەگەڵدا هەیە."
 
بڕیارە سوودانی، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکا و کۆمپانیا و سەرمایەدارانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە، لەبارەی سزادانی ژمارەیەک بانکی عێراقی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە، گوتی: "گەنجینەی ئەمریکا تێبینی لەسەر کاری بانکەکان لە ساڵانی رابردوو تۆمارکردووە، نەوەک لە رێگەی ئەم حکومەتەی ئێستا کە پشتی بە سەکۆی ئەلیکترۆنی بەستووە."
 
رێگەی گەشەپێدان و بەندەری فاو
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارەکەیدا باسی لە دۆخی ئابووریی عێراق کرد و گوتی، حکومەتەکەی کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵیی کاراکردووەتەوە و چەندین کارگەی لەکارکەوتوو بەگەڕخراونەتەوە. رۆڵی کەرتی تایبەتیشی بە "گرنگ" ناوزەند کردووە کە حکومەتەکەی ئەو پشتیوانی لێدەکات.
 
سوودانی رێگەی گەشەپێدان و بەندەری فاوی بە دوو گەورە پڕۆژە ناوهێناوە کە بە گوتەی ئەو "عێراقێکی نوێ دروستدەکات."
 
سوودانی گوتی: "رێگەی گەشەپێدان تێچووی کەمتر و خێراترە بۆ گواستنەوەی کەلووپەل." ئاشکراشیکردووە، بنەما سەرەکییەکانی  رێگەکە لە سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق، کە بڕیارە 22ـی ئەم مانگە بێت، واژۆ دەکرێت.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر بانگهێشتی فەرمیی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە واشنتنە و، بڕیارە ئەمڕۆش لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.
 
بەپێی بڵاوکراوەی ئەجێندای شاندە عێراقییەکە، شاندە باڵاکەی عێراق، کە لە 13ـی ئەم مانگە گەیشتنە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تاوەکو 19ـی نیسان لە ئەمریکا دەبن و دۆسیەی سیاسی، ئابووری، سەربازی و ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا تاوتوێ دەکەن.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

براندن کار

ترەمپ رەخنەگرێکی سەرسەختی گووگڵ، ئەپڵ و مایکرۆسۆفت دەکاتە سەرۆکی ئاژانسی پەیوەندییەکان

ترەمپ کەسێکی بۆ پۆستی سەرۆکی ئاژانسی فیدراڵیی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی دەستنیشان کردووە کە رەخنەگرێکی سەرسەختی گووگڵ، مێتا و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دیکەی بواری تەکنەلۆجیایە