رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشە نوێیەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران، بەتایبەتی ئەو توانایە سەربازییانەی تاران دەکەنە ئامانج کە پەیوەندییان بە تەنگەی هورمزەوە هەیە. ترەمپ گوتی، لە چوار مانگدا ئێرانیان بۆ چاخی بەردین گەڕاندووەتەوە.
رۆژی سێشەممە 14-07-2026 سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی نیووزماکس رایگەیاند، ئێستا ئەوان کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز دەکەن و گوتی: "پێشتر وڵاتان لە ئێران دەترسان، بەڵام ئێستا زۆر کەمتر دەترسن، چونکە تواناکانیمان لەناوبردووە." ترەمپ هۆشداریشی دا، رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەگەرچی تاران دەتوانێت کێشە دروست بکات، بەڵام ئەمریکا بەتەواوی کۆنترۆڵی دۆخەکەی کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەگەر ئەوکات لە ئێرانیان نەدابا "لەماوەی دوو بۆ چوار هەفتەی دیکە دەبووە خاوەن چەکی ئەتۆمی و ئیسرائیل دەسڕایەوە."
لەبارەی ناوی جەنگەکەوە ترەمپ گوتی: "هەر ناوێکتان دەوێ لێی بنێن، من ناوی لێدەنێم، داماڵینی چەکی ئەتۆمیی ئێران."
ترەمپ هەروەها گوتی: "ئێران هێشتا مووشەک و هەندێک توانای ماوە."
دوای ئەو قسانەی ترەمپ، فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە کاژێر 10:15 خولەکی شەوی دووشەممە، 13ـی تەممووز بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا، کە دەکاتە 5:15 خوولەکی بەیانیی رۆژی سێشەممە بەکاتی هەولێر، کۆتاییان بە نوێترین شەپۆلی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران هێناوە.
سێنتکۆم گوتی: "لە ئۆپەراسیۆنە 5 کاژێرییەکەدا، هێزەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتوویی ئامانجە سەربازییەکانیان لە سەرانسەری ئێران پێکا، لەنێویاندا لە بووشەهر، چابەهار، جاسک، کۆنارەک، ئەبو مووسا و بەندەر عەباس."
لە لایەکی دیکەوە، مەترسییەکانی ئێران تەنیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەماونەتەوە. ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، لێکۆڵینەوە دەکەن لە ئەگەری بوونی درۆنی سەربازیی ئێرانی لە کوبا، کە زۆر نزیکە لە سنوورەکانی ئەمریکا. ترەمپ گوتی: "ئەگەر درۆنیان لەوێ هەبێت، کە زۆر ئەگەری هەیە هەیانبێت، ئەوا چارەسەری دەکەین و رێگە بەوە نادەین."
لە بەرامبەردا، سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی ئاگادارکردنەوەکانی ناوەندی چاودێریی ئاسایشی کەشتیوانییان پشتگوێ خستووە، دوو کەشتیی نەوتهەڵگری زەبەلاحی سەرپێچیکاریان لە تەنگەی هورمز کردووەتە ئامانج و لەکاریان خستوون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هاوکاریکردن لەگەڵ دووژمن لە تەنگەی هورمزدا، دەبێتە هۆی دواخستنی کردنەوەی تەنگەکە و قەیرانێکی وزەی جیهانی دروست دەکات."
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاندبوو، دوو کەشتیی نەوتهەڵگری نیشتمانییان لە رێڕۆی باشووری تەنگەی هورمز، لەنێو سنووری ئاویی عوماندا، بە دوو مووشەکی ئێرانی کراونەتە ئامانج.



