رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆتایی ئەم هەفتەیە بە فەرمی یاسادانەرانی وڵاتەکەی ئاگادارکردەوە، ئەمریکا جارێکی دیکە لەگەڵ ئێران لە جەنگدایە، ئەمەش 60 رۆژی دیکە دەداتە ئیدارەکەی بۆ ئەوەی بەبێ رەزامەندیی کۆنگرێس لە ناوچەکە جووڵە بە سوپاکەی بکات.
لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرێس کە رێکەوتی 10ـی تەممووزی لەسەرەو رۆژی 13ـی ئەم مانگە رۆژنامەی پۆلیتیکۆ بڵاویکردووەتەوە، ترەمپ رایگەیاندووە، ئەو هێرشانەی لە 7ـی تەممووزەوە دەستیان پێکردووە "کردەوەی سەربازیی گونجاون بۆ پاراستنی ئەمریکییەکان و بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوخۆ و دەرەوە."
ترەمپ نووسیویەتی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا "لە ئامادەباشیدان بۆ گرتنەبەری رێکاری زیاتر، بەپێی پێویست و گونجاو، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و هێرشی زیاتر بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یان هاوپەیمان و هاوبەشەکانی و بۆ دڵنیابوون لەوەی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران چیدیکە نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان."
رۆژی دووشەممە 13-07-2026، ترەمپ گوشارە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران زیاتر کرد و رایگەیاند، ئەمریکا گەمارۆکە دەسەپێنێتەوە و کۆنترۆڵی تەنگەکە دەکات، هەروەها کرێ لەو کەشتییانە وەردەگرێت کە بە رێڕۆ ئاوییەکەدا تێدەپەڕن.
ئاگادارکردنەوەی یاسادانەران دوای ئەوە دێت کە ترەمپ رایگەیاند، ئاگاربەستە دوو مانگییەکەی لەگەڵ ئێران بە فەرمی کۆتایی هاتووە. ئەو ئاگربەستەی یەکەمجار لە نیساندا راگەیێندرا، هەر لە سەرەتاوە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی هەردوو وڵاتەوە لاواز بوو، هەرچەندە ئیدارەی ترەمپ چەندین جار ئەوەی دووپات دەکردەوە، جەنگێکی سەرتاسەری دەستیپێنەکردووەتەوە.
بەرپرسانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایانگەیاندووە، لە هەفتەی رابردوودا هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا زیاتر لە 300 ئامانجی سەربازیی ئێرانیان پێکاوه، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە بەردەوامەکانی تاران لە تەنگەکەدا.
لە مانگی ئایاردا ترەمپ یاسادانەرانی ئاگادار کردبووەوە، ئەو جەنگەی لە مانگی شوباتدا هەڵگیرسا "کۆتایی هاتووە،" بەمەش ماوە یاساییە 60 رۆژییەکەی هەڵوەشاندەوە کە بەپێی ئەو ماوەیە دەبێت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەبێ رەزامەندیی کۆنگرێس رابگیرێن.
مانگی رابردوو ئەنجوومەنی پیران دەنگی دا بە کۆتاییهێنان بە گرژییەکان، کە زیاتر سەرکۆنەکردنێکی هێمایی بوو.
لەو دەنگدانەدا بە 50 دەنگ بەرامبەر بە 48 دەنگ، چوار کۆماری چوونە پاڵ دیموکراتەکان بۆ دەنگدان دژی جەنگەکە.
هەنگاوەکەی ئەنجوومەنی پیران دوای دەنگدانێکی هاوشێوەی سەرکەوتوو هات لە ئەنجوومەنی نوێنەران، کە تێیدا چوار کۆماری چوونە پاڵ دیموکراتەکان و بە 215 دەنگ بەرامبەر بە 208 دەنگ، داوای راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە ئێران کرد، مەگەر لەلایەن کۆنگرێسەوە رێگەی پێبدرێت.
بەڵام کاریگەرییە یاساییەکانی ئەو دەنگدانانە سنووردار بوون. ئەو بڕیارانە لە رووی یاساییەوە تاقی نەکراونەتەوە و نانێردرێن بۆ سەرۆکی ئەمریکا تاوەکو واژۆی لەسەر بکات و ببنە یاسا.



