رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی بنکەکانی دەنگدان لە سەرانسەری رووسیا کرانەوە و خەڵک دەنگ بۆ دیاریکردنی سەرۆکی خولی داهاتووی وڵاتەکە دەدەن کە وا دانراوە ڤلادیمیر پووتین، پێنجەم خولی سەرۆکایەتیی مسۆگەر بکات.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا پێش هەڵبژاردن لە مۆسکۆوە داوای بەشداریی کارای هاووڵاتییانی کرد.
پووتین گوتی، "سەربازانمان لە بەرەی پێشەوەی جەنگ دەنگ دەدەن. ئازایەتیی خۆیان بە بەشداریکردن لە دەنگدان و بەرگریکردن لە نیشتمان دەردەبڕن؛ ئەوان نموونەیەکن بۆ هەموومان."
چوار بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی رووسیا هەن کە دیارترینیان ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ئێستای وڵاتەکەیە. بە گوێرەی دواین راپرسییەکان، لەم هەڵبژاردنەدا پووتین 80٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت.
بە گوێرەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی رووسیا، هەڵبژاردنەکە لەو ناوچانەی ئۆکرایناش بەڕێوەدەچێت کە لەلایەن وڵاتەکەوە کۆنترۆڵکراون.
هەڵبژاردنەوەی پووتین ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بەلایەنی کەمەوە تاوەکو 2030 درێژدەکاتەوە. دوای ئەوەش دەتوانێت خۆی هەڵبژێرێتەوە و تاوەکو 2036 لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. بەوەش لە دوای جۆزێف ستالینەوە دەبێتە ماوەدرێژترین سەرۆکی وڵاتەکە.
کۆمیسیۆنی رووسیا تەنیا سێ بەربژێری هەڵبژاردووە کە رکابەرایەتیی پووتین بکەن، ئەوانیش: لیۆنید سلوتسکی، لە پارتی ئازادیی دیموکراتی، ڤلادیسلاڤ داڤانکۆڤ لە پارتی خەڵکی نوێ و نیکۆلای خاریتۆنۆڤن، لە پارتی کۆمیونیستن.
هەر سێ بەربژێرەکە وا دادەنرێت پشتگیریی بڕیارەکانی کرێملن بکەن و هیچیان دژی شەڕی ئۆکراینا نەبوون. لەبەر ئەوە وا چاوەڕوان دەکرێت، رێگەکەی بەردەم پووتین بۆ هەڵبژاردنەوە، بەبێ ئاستەنگ بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێک لە دانیشتووانی هەرێمە جیاوازەکانی گەورەترین وڵاتی جیهان لە رووی رووبەرەوە، بێ ئومێدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیان.
ماریانا کاچیسۆڤا، هاووڵاتییە و دەڵێت، "بەشداری هەڵبژاردن ناکەم. وای دەبینم هەموو شتێک بڕیاری لەسەر دراوە. لەگەڵ کوڕە بچووکەکەم کە جگە لەو کەسم نییە، نابینە بەشێک لەو کارە خراپە."
هەڵبژاردنەکە ئەمڕۆ، 15ـی ئادار دەستیپێکرد و 17ی مانگیش کۆتاییدێت.
هەر خولێکی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا بۆ شەش ساڵە. بە گوێرەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ناوەندی رووسیا، 114 ملیۆن کەس لە تەواوی جیهان مافی بەشداریکردنیان لەو دەنگدانەدا هەیە.
ئەگەر یەکێک لە بەربژێرەکان زیاتر لە نیوەی دەنگەکان بەدەستنەهێنێت، ئەوا دوای سێ هەفتەی دیکە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لەنێوان ئەو دوو بەربژێرەی زۆرترین دەنگیان هێناوە بەڕێوە دەچێت.
ئەگەر ڤلادیمیر پووتین ببێتەوە بە سەرۆکی رووسیا، ئەوە پێنجەم خولیی سەرۆکایەتیی دەبێت کە یەکەمیان ساڵی 2000 بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ