رووداو دیجیتاڵ
میخائیل کاڤێلاشڤیلی، یاریزانی پێشووی تۆپی پێ وەکو سەرۆکی نوێی جۆرجیا هەڵبژێردرا. سەرۆکی ئێستاش رەتیدەکاتەوە دەسەڵات رادەستبکات.
رۆژی شەممە، 14-12-2024، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی جۆرجیا رایگەیاند، میخائیل کاڤێلاشڤیلی بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو وەکو سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرا.
سەلۆم زورابیشڤیلی، سەرۆکی ئێستای جۆرجیا و لایەنگری رۆژئاوا رایگەیاند، هەڵبژاردنی کاڤێلاشڤیلی ناڕەوایە و رەتیکردەوە دەسەڵات رادەستبکات.
ئیراکلی کۆباخیدزێ، سەرۆکوەزیرانی جۆرجیا سەرکۆنەی سەرۆکی ئێستای کرد و گوتی، "زیان بە بەرژەوەندییەکانی جۆرجیا دەگەیێنێت. رۆژی 29-12-2024، ماوەی سەرۆکایەتییەکەی تەواو دەبێت و پێویستە خانەنشین بێت".
کۆباخیدزێ دوێنێ رایگەیاندبوو "دامەزراوەی حکومیی زۆر بەهێزمان هەن، بۆیە بەدڵنیاییەوە هیچ کێشەیەکمان لە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دا نابێت".
نینۆ تسیلۆسانی، ئەندامی پارتی خەونی جۆرجیاش دەڵێ "خەڵک، چیدیکە سەلۆم زورابیشڤیلی بە چاوی سەرۆک تەماشا ناکەن".
کاڤێلاشڤیلی تەمەنی 53 ساڵە و پێشتر لە فراکسیۆنی پارتی خەونی جۆرجیا، کە پارتی فەرمانڕەوای وڵاتەکەیە ئەندام پەرلەمان بوو. ئەو، تاکە بەربژێر بوو بۆ پۆستی سەرۆکی جۆرجیا. کاڤێلاشڤیلی، لە ساڵی 2016 تاوەکو 2022 لە پارتی خەونی جۆرجیا بوو، دواتر پارتێکی سیاسی دامەزراند.
ئەمڕۆ، کۆمەڵەی هەڵبژاردنی جۆرجیا کە لە 225 ئەندام پێکدێت، بە دەنگی 224 ئەندام کاڤێلاشڤیلی هەڵبژارد.
لە جۆرجیا چوار پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن هەن، هەر چواریان رەتیانکردەوە دان بە هەڵبژاردنەکە دا بنێن و بایکۆتی پەرلەمانیان کرد. ئەوان دەڵێن، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، "ساختەکاری تێدا کرابوو".
لە بەیانیی زووەوە، سەدان خۆپێشاندەر چوونە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکە و ناڕەزایێتییان دەربڕی.
دوای ئەوەی پارتی خەونی جۆرجیا توانی هەڵبژاردنی ئەم ئۆکتۆبەرە بباتەوە، خەڵک بە تۆمەتی ئەوەی پارتەکە لە رووسیا نزیکە و لە ئەورووپا دووردەکەوێتەوە، رژانە سەر شەقامەکان.
رۆژی 28-11-2024، پارتی خەونی جۆرجیا رایگەیاند، دانوستاندنەکانی تایبەت بە بوونە ئەندام لە یەکێتییی ئەورووپا تاوەکو 2028 رادەگرێت. ئەوە تووڕەیی خەڵکی زیاتر کرد و 17 رۆژە خۆپێشاندان بەردەوامە.
بەشێکی زۆری خەڵکی جۆرجیا پشتیوانی لە ئەندامبوونی وڵاتەکەیان لە یەکێتیی ئەورووپا دەکەن و دەڵێن، لە دەستووریش دا ئاماژەی پێدراوە.
میخائیل کاڤێلاشڤیلی، دامەزرێنەری پارتی دەسەڵاتی خەڵکە، پارتەکەی دوو ساڵە دامەزراوە و بە دژەرۆژئاوا بەنێوبانگە. ئەو چەند جارێک سەرکۆنەی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کردووە بەوەی "لە دەرەوەی جۆرجیا ئاراستە دەکرێن." سەرۆکی وڵاتەکەشی بە "سیخوڕ" ناوبردووە.
میخائیل کاڤێلاشڤیلی، لە ساڵی 1988 تاوەکو 2006 یاریزانی تۆپی پێ بووە و دوو ساڵیش یاری بۆ یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی کردووە. دوای ئەوەی بێهیوابوو لەوەی ببێتە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی، بڕیاری دا بچێتە نێو سیاسەتەوە.
کاڤێلاشڤیلی بڕیاریداوە پارتەکەی وەکو "ئۆپۆزیسیۆنێکی دروست" لە پەرلەمان کاربکات و جێگەی "بەناو ئۆپۆزیسیۆنە رادیکاڵەکانی دیکە" بگرێتەوە. پارتەکەی سەرۆکی نوێی جۆرجیا لە کۆی 150 کورسیی پەرلەمان، 8 کورسی هەیە. پارتی خەونی جۆرجیاش 81 کورسی هەیە.
گورام ماچاراشڤیلی، ئەندام پەرلەمان و ئەندامی پارتی دەسەڵاتی خەڵک گوتی، "ئۆپۆزیسیۆنی دروست بە مانای ئەوە دێت، کە دژی هەموو شتێکی حکومەت نەبن، ئۆپۆزیسیۆن بە مانای ئەوە نایەت مەرجە تەنیا لەگەڵ بیانییەکان هاوئاهەنگیت هەبێت. ئۆپۆزیسیۆن واتا کێبڕکێ لەگەڵ حکومەت بۆ ئەوەی باشترین بۆ داهاتووی جۆرجیا دەستەبەر بکەن".
خەونی جۆرجیا لەلایەن بیدزینا ئیڤانیڤیشلی، ملیاردێر و سەرۆکوەزیرانی پێشووی جۆرجیا دامەزراوە. بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە چووەتە ژێر کاریگەریی رووسیا.
یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا، رەخنەیان لە جۆرجیا گرتووە و رایانگەیاندووە "پاشەکشێی دیموکراسی لە وڵاتەکەدا بەدیدەکرێت".
بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە دوو هەفتەی خۆپێشاندانەکاندا، 460 کەس دەستگیرکراون.
رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی دەڵێت، زیاتر لە 300 کەس "مامەڵەی نابەجێیان بەرامبەر کراوە و ئەشکەنجە دراون".
میخائیل کاڤێلاشڤیلی، سەرۆکە تازەکەی جۆرجیا کێیە؟
رۆژی 22-07-1971 لەدایکبووە. تەمەنی 53 ساڵە و چوار منداڵی هەیە.
لەنێوان 1988 تاوەکو 2006 وەکو هێرشبەر لە چەند یانەیەک یاریزانی تۆپی پێ بووە، لەوانەش: مانچێستەر سیتی و بازل.
میخائیل لە تەواوی ژیانی پیشەگەریدا 396 یاری کردووە و 166 گۆڵی کردووە.
لە نێوان 1991 بۆ 2002 یاری بۆ هەڵبژاردەی جۆرجیا کردووە و 9 گۆڵی تۆمار کردووە.
ساڵی 2016 چووەتە نێو سیاسەت و پەیوەندیی بە پارتی خەونی جۆرجیا کردووە و بووەتە ئەندام پەرلەمان.
لە ساڵی 2022 پارتی دەسەڵاتی خەڵکی دامەزراندووە و هاوسەرۆکی پارتەکەیە.
رۆژی 14-12-2024 لەلایەن کۆمەڵەی هەڵبژاردنی جۆرجیا وەکو سەرۆکی جۆرجیا هەڵبژێردراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ