رووداو دیجیتاڵ
لە شاری برۆکسل کە بە دڵی ئەوروپا ناسراوە، لووتکەیەکی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوە دەکرێت. ئەوروپییەکان دەیانەوێ لەو لووتکەیەدا، چەندین قەیران کە رووبەڕووی کیشوەرەکەیان بووەتەوە چارەسەر بکەن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، "ئێمە باس لە پرسی کۆچبەران دەکەین و دەبێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆتایی بە گفتوگۆکان بهێنین، تاوەکو بتوانین سیاسەتێکی پتەوی ئەوروپی تایبەت بە کۆچبەران و پەناخوازانمان هەبێت، هەنگاوەکانمان خێراتر بکەین بەتایبەتی بە هاوبەشی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی خەڵکی لێوەدێن."
لە رۆژانی 14 و 15ـی کانوونی یەکەم، لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت و تاوتوێکردنی ئایندەی ئۆکراینا، جەنگی غەززە، قەیرانی کۆچبەران و زیادکردنی ژمارەی ئەندامانی یەکێتییەکە، ئەجێندای سەرەکیی لووتکەکەیە.
ئولاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکات، پرسی ئەوەی کێ بەشێوەیەکی کرداری بەرپرسیارێتیی کەرتی غەززە دەگرێتە ئەستۆ، پرسێکی گرنگ دەبێت. هیچ رێگەیەکیش نییە بۆ پتەوکردنی بەرپرسیارێتیی سیاسی دەسەڵاتی فەلەستینی کە ئەمە خاڵێکە دەبێت تاوتوێ بکرێت. "هێورکردنەوەی ناکۆکیی فەلەستین و ئیسرائیل، رێگە بە ئیسرائیل دەدات سەرنجی لەسەر هەڕەشە ستراتیژییەکەی بێت کە ئەویش ئێران و هاوپەیمانەکانی ناوچەکەیەتی."
بە ئەندامبوونی ئۆکراینا لە یەکێتیی ئەوروپا یەکێکە لەو خاڵە ناکۆکانەی کە چاوەڕێ دەکرێت بەشێکی زۆری گفتوگۆکانی لووتکەکە بێت.
ئۆرسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، "دەبێت هەموو ئەو هاوکارییانە بۆ ئۆکراینا دابین بکەین کە پێویستییەتی، تاوەکو سبەی بتوانن لەسەر مێزی گفتوگۆ پێگەیەکی بەهێزیان هەبێت و بتوانن بۆ دواجار ئاشتی بگەڕێننەوە بۆ ئۆکراینا."
کۆبوونەوەی سەرکردەکانی 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا لەکاتێکدایە، یەکێتییەکە 10 ملیار یۆرۆی سامانی بلۆککراوی هەنگاریای ئازاد کرد، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ رازیکردنی هەنگاریا لەسەر پرسی بە ئەندامبوونی ئۆکراینا و سیاسەتی هاوبەشی کیشوەرەکە بەرامبەر بە کۆچبەران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ