رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاند، لە چوارچێوەی سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران، هێزەکانیان رێڕۆیی 70 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و پشکنینیان بۆ چەندین کەشتیی دیکە کردووە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە نێوەڕاستی مانگی تەممووزی ئەمساڵەوە کە ئابڵووقەی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران سەپێندراوەتەوە، هێزەکانیان رێڕۆی 70 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە (کە دوو رۆژ پێشتر 68 کەشتی بوو)، هەروەها سێ کەشتییان پەکخستووە و چوونەتە سەر دوو کەشتیی دیکەش تاوەکو دڵنیاببنەوە لەوەی پابەندی گەمارۆ دەریاییەکەن.
بەشداریی زیاتر لە 20 کەشتیی جەنگیی ئەمریکی
بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆ دەریاییەکە، زیاتر لە 20 کەشتیی جەنگیی ئەمریکی لە ناوچەکەدا جێگیرکراون، لەنێویاندا (یوو ئێس ئێس جۆن فین) و (یوو ئێس ئێس رۆس)، تاوەکو کۆنترۆڵی هاتووچۆی کەشتیوانی لە ئاوەکانی کەنداو و تەنگەی هورمز بکەن.
کەشتیی جۆن فین کەشتییەکی نوێی جەنگی ئەمریکایە و لە ساڵی 2017 خرایە خزمەت. درێژییەکەی نزیکەی 155 مەترە و سیستەمی پاراستنی پێشکەوتووی هەیە. توانای هەڵگرتنی دوو فرۆکەی هەیە.
کەشتیی رۆس کەشتییەکی کۆنتری جەنگییە و لە ساڵی 1997 خرایە خزمەت. درێژییەکەی نزیکەی 154 مەترە و سیستەمی پاراستنی پێشکەوتووی هەیە. توانای بەرگری لە ئاسمان و دەریا و ژێردەریای هەیە.
هەردوو کەشتییەکە ئێستا لە ناوچەی تەنگەی هورمز بۆ پشتگیریکردنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بەشدارن.
ترەمپ: تەنگەی هورمز "خاکی نوێی ئەمریکایە"
ئەم زانیارییانەی هێزی دەریایی ئەمریکا دوای ئەوە هاتن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) نەخشەیەکی دووبارە بڵاوکردەوە کە تێیدا تەنگەی هورمز وەک "خاکی نوێی ئەمریکا" دەناسێنێت.
ئەم هەڵوێستەی ترەمپ کەمێک دوای ئەوە هات کە لە گوتارێکدا بۆ لایەنگرانی رایگەیاندبوو کە ئەو تەنگەی هورمز وەک "خاکی ئەمریکی" دەبینێت، ئەمەش ئاستی ئاڵۆزییە جیۆسیاسییەکانی لەنێوان واشنتن و تاران بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرزکردووەتەوە.
گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران بۆ یەکەمجار لە 13ی نیسانی 2026 سەپێندرا. ئەم گەمارۆیە تا 18ی حوزەیران بەردەوام بوو و پاشان لە چوارچێوەی یاداشتنامەیەکی لیکتێگەیشتنی 60 رۆژە کە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و سەرۆککۆماری ئێران مەسعود پزیشکیان واژۆ کرا، هەڵگیرا. بەپێی یاداشتنامەکە، شەڕ وەستا و هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز بە نیمچەیی ئاسایی کرایەوە.
دوای پابەندنەبوون بە یاداشتنامەکە و دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، ئەمریکا جارێکی دیکە لە 14ی تەممووزی 2026 سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا راگەیاند بە مەبەستی رێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوت و هاوردەکردنی چەک و بەرهەمە سەرەکییەکان بۆ تاران.
تەنگەی هورمز کە ناوەندێکی سەرەکیی گواستنەوەی وزەی جیهانییە، بووەتە گۆڕەپانی سەرەکیی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و ئابووری، کە تێیدا واشنتن هەوڵدەدات گوشاری توەند لەسەر ئابووریی ئێران دروستبکات و تاران بە تەواوی لە بازرگانیی دەریایی بێبەش بکات.


