رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، بەرپرسانی رووسیا رایانگەیاند، پاشماوەی درۆنێکی ئۆکراینا کەوتووەتە سەر ناوەندێکی منداڵان لە باشووری وڵاتەکە و بەهۆیەوە دوو منداڵ کوژران و نۆ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەم هێرشە نوێیەی ئۆکراینا لە کاتێکدایە کە کیێڤ ئامادەکاری دەکات بۆ یادی 35 ساڵەی سەربەخۆیی وڵاتەکەی و میوانداریکردنی سەرکردەکانی "هاوپەیمانیی وڵاتانی ئامادە" لە ئەورووپا.
ڤێنیامین کۆندراتیێڤ، پارێزگاری ناوچەی کراسنۆدار لە پەیامێکدا لە تەلەگرامەوە رایگەیاند: "پاشماوەی درۆنەکە کەوتووەتە سەر ناوەندێکی تایبەتی منداڵان و بەداخەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە". هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە حەوت منداڵی دیکە و دوو کەسی پێگەیشتوو بریندار بوون.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشە، ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی کۆمپانیای ئۆزۆن کە گەورەترین ناوەندی فرۆشتنی ئۆنلاینە لە رووسیا، کەوتووەتەوە. کۆمپانیاکە پشتڕاستی کردەوە کە ئاگرەکە لە یەکێک لە ناوەندە لۆجستییەکانیان لە کراسنۆدار بەهۆی کەوتنەخوارەوەی درۆنێک دروستبووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
سوپای ئۆکراینا پێشتر رایگەیاندبوو، هەڵمەتێکی نوێی بۆ لێدانی کۆگاکانی کۆمپانیای ئۆزۆن دەستپێکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر کۆگاکانی کۆمپانیای وایڵدبێریز. هێرشکردنە سەر ئەم کۆگایانە کە زۆر لە دامەزراوە سەربازییەکان پاراستنیان لاوازترە، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە ئابووریی رووسیا گەیاندووە.
رووسیا بە تووندی رەخنە لەم هێرشانە دەگرێت و دەڵێت ژێرخانی سڤیل کراوەتە ئامانج، لە کاتێکدا زیاتر لە چوار ساڵە هێرشەکانی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکراینا بەردەوامە و بەهۆیەوە هەزاران کەسی سڤیل کوژراون و چەندین شار لە رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا بە تەواوی وێران کراون.


