رووداو - هەولێر
وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا گۆڕانکاری لە یاساکانی پێدانی گرین کارت و مانەوە ئەنجامدەدات. بەگوێرەی گۆڕانکارییە نوێیەکان، پێشکەشکردنی داواکاری بۆ بەدەستهێنانی گرین کارت و درێژکردنەوەی ڤیزای مانەوە سەختتردەکرێن.
رێکارە نوێیەکان زیاتر ئەو کەسانە دەگرێتەوە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک سوودیان لە یارمەتییەکانی حکومەتی ئەمریکا وەک: وەرگرتنی خۆراک یان سوودمەندبوون لە خانووی حکومەت بە پارەیەکی کەم، وەرگرتووە.
هەر بە گوێرەی رێکارە نوێیەکان، ئەگەر حکومەت بگاتە ئەو ئەنجامەی کۆچبەرێک لە داهاتوودا بۆ مانەوە و ژیان لە ئەمریکا پشت بە یارمەتییەکانی حکومەت دەبەستێت ئەوا دواکارییەکەی بۆ وەرگرتن، درێژکردنەوەی ڤیزا یان بەهەمیشەییکردنی مانەوەکەی رەتدەکرێتەوە.
کۆشکی سپی لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، ئەوان دەیانەوێت کۆچبەرانی نێو ئەمریکا زیاتر پشت بەخۆیان ببەستن نەک بە حکومەت؛ هەر بەپێی ئەو سیاسەتە نوێیە، لەمەودوا لەکاتی پێدانی گرین کارت رەچاوی بارودۆخی دارایی، ئاستی خوێندەواری، تەمەن و ئاستی زانینی زمانی ئینگلیزی دەکرێت.
رێکارە نوێیەکان کۆچبەران و ئاوارەکان ناگرێتەوە، بەڵکو ئەوانە دەگرێتەوە کە وەک کۆچبەری یاسایی و لەڕێگەی وەرگرتنی ڤیزاوە لە ئەمریکان و دەیانەوێت مۆڵەتی مانەوەیان درێژبکەنەوە یان ئەوانەی داوای وەرگرتنی گرین کارت و وڵاتینامە دەکەن.
ئەو گۆڕانکارییە نوێیانە لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە دەخرێنە بواری جێبەجێکردن و کارادەبن؛ هاوکات بڕیارەکان دەشێت تانەیان لێبگیرێت و داوای پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت.



