رووداو دیجیتاڵ لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمریکا لە 3ی نۆڤەمبەر، ململانێی نێوان واشنتن و تاران بووەتە یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان کە کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکە و چارەنووسی زۆرینەی کۆنگرێس دادەنێت. لە 3ی نۆڤەمبەر، هەڵبژاردنی ناوخولیی ئەمریکا (میدتێرم) بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا چارەنووسی کۆنگرێس یەکلایی دەبێتەوە. بەهۆی گرژییەکانی پەیوەست بە ئێران و چەندین قەیرانی دیکەوە، ئەم هەڵبژاردنە بایەخێکی زۆری لەناوخۆی ئەمریکا و لەسەر ئاستی جیهانیش پەیدا کردووە. پرسی ئێران بووەتە بابەتی ڕۆژانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، و ئەندامانی کۆنگرێس لە هەردوو حیزبی کۆماری و دیموکرات. شرۆڤەکاران پێیانوایە ئەم پرسە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەبێت. رۆز هاریسن، لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆ بە رووداوی گوت، ''پێموایە شەڕەکە، لەپاڵ پرسەکانی تری سیاسەتی دەرەوە وەک پێناسەی گومرگی، وای لە سەرۆک کردووە ناپەسەندبێت و لایەنگرەکانی کەمببنەوە.'' هاریسن، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەگەر ئێرانییەکان وا بڕوا بکەن کە شەڕ راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکان دەستپێدەکات، ''رەنگە دەستپێشخەری بکەن و هێرشێک لە ناوچەکەدا ئەنجام بدەن'' بۆ ئەوەی زیان بە دۆناڵد ترەمپ بگەیەنن لە هەڵبژاردنەکاندا. پێشبینی دەکرێت دیموکراتەکان بتوانن زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران یان هەردوو ئەنجومەن (نوێنەران و پیران) بەدەستبهێنن، ئەمەش سەرئێشەیەکی گەورە بۆ ئیدارەی ترەمپ دروست دەکات، چونکە رێگە نادەن بە ئاسانی بڕیاری شەڕ بدات و دەسەڵاتەکانی سنووردار دەکەن. د. جەیسن کامبێڵ، لێکۆڵەر لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەرپرسی پێشوو لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، پێیوایە، ''ئەگەر دیموکراتەکان یەکێک یان هەردوو ئەنجومەنەکە ببەنەوە، یەکەم کاری دەستبەجێیان ئەوە دەبێت پرسیار لەسەر پێداویستی و سەرچاوەکانی ئەم شەڕە بکەن.'' کامبێڵ، دەشڵێت، ''تەنانەت لەوانەیە کۆنگرێس هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی لانی کەم ئەو بودجەیەی بۆ بەڕێوەبردنی شەڕەکە تەرخانکراوە سنووردار بکات.'' ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 3ی نۆڤەمبەر بڕیار دەدات کە کام حیزب، کۆماری یان دیموکرات، دەبێتە حاکمی کۆنگرێس. دیموکراتەکان گەشبینن بە بردنەوە، لە کاتێکدا کۆمارییەکان هەوڵی زۆر دەدەن بۆ رێگریکردن لەمە.