رووداو دیجیتاڵ
مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیای کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی کەنەدایە بۆ فرەجۆرکردنی هاوبەشییە ئابووری و سەربازییەکانی لە کاتی قەیران و جەنگی بازرگانی لەگەڵ واشنتندا.
کارنی، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنی ئازادیی بازرگانی، هەروەها پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارەکانی بەرگری و وزەدا.
ئایا ترەمپ تووڕە دەبێت؟
لە مانگەکانی رابردوودا، هەر هەنگاوێکی کارنی بۆ نزیکبوونەوە لە ئەورووپا کاردانەوەی تووندی کۆشکی سپی لێکەوتووەتەوە. بەڵام رۆژنامەی ناشناڵ پۆستی کەنەدی لە راپۆرتێکدا بە گەڕانەوە بە قسەی ژمارەیەک شرۆڤەکاری سیاسی، باس لەوە دەکات کە سەردانەکەی بۆ تورکیا رەنگە کاردانەوەیەکی ئەوتۆی لێنەکەوێتەوە.
لەبەر ئەوەی ترەمپ و ئەردۆغان پەیوەندییەکی باشیان هەیە، وەک راپۆرتەکە روونی دەکاتەوە، پێشوازیی تورکیا لە سەرۆکوەزیرانی کەنەدا وەکو پەیامێکی دژ بە ئەمریکا تەماشا ناکرێت، بەتایبەت کە ئەردۆغان هەرگیز نایەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتندا لەپێناو کەنەدا تێکبدات.
لە کۆبوونەوەکەدا باسی چی دەکرێت؟
پێشبینی دەکرێت هەردوو سەرکردە باسی کڕینی درۆن و تەقەمەنی لە تورکیاوە بکەن، تەنانەت ئەگەر بتوانرێت کارگە بۆ دروستکردنی درۆنی تورکی لە نێو خاکی کەنەدادا دابمەزرێت. تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا لە دروستکردنی چەکی پێشکەوتوودا پێشڕەویی باشی کردووە.
بەهۆی ئەوەی تورکیا هەمیشە پێویستی بە سەرچاوەی وزە و شارەزایی هەیە، چاوەڕوان دەکرێت باسی کڕینی گازی سروشتیی شل (LNG) لە کەنەدا و هەروەها هاوکاریی ئەتۆمیی سڤیل بکرێت.
قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لەم کاتەدا کەمە و هەردوولا دەیەنەوێت فراوانی بکەن.
نیگەرانییەکان لەسەر ئەم سەردانە چیین؟
هەندێک لە شرۆڤەکاران نیگەرانن لەوەی کە نزیکبوونەوەی کەنەدا لە حکومەتەکەی ئەردۆغان رەنگە لە ناوخۆی کەنەدا جێگەی رەخنە بێت، بەتایبەت لەسەر پرسەکانی دیموکراسی. هەروەها هەندێک شارەزا پێشنیاز دەکەن کە نەدەبوو کەنەدا بەرەو تورکیا بچێت، بەو پێیەی فرۆشتنی چەک و درۆن بەو وڵاتە رەنگە لە رووی ناوبانگی سیاسییەوە باجێکی گەورەی بۆ کەنەدا هەبێت، بەتایبەت کاتێک تورکیا لە ناوچەکەدا بەردەوام لە کێبڕکێ و ئاڵۆزیدایە.



