رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شاری کلێرمۆنت فێراندی فەرەنسا چوار کەس کوژران.
رۆژی یەکشەممە، 14ی تەممووزی 2024، بەرپرسانی شاری کلێرمۆنت رایانگەیاند، لە ماڵێکی گوندی ئسپناس ڤۆزل کەسێکی تەمەن 20 ساڵ لەگەڵ خێزانەکەیدا سەرقاڵی ئاهەنگی رۆژی لەدایکبوونی بووە، لەو کاتەدا کەسێک چووەتە ژوورەوە و تەقەی لە ئامادەبووانی ئاهەنگەکە کردووە؛ سێ کەسی کوشتووە و دواتر خۆیشی کوشتووە.
بە گوێرەی بەرپرسانی ئەو ناوچەیە، لەنێو کوژراوەکاندا ئەو کەسەی ئاهەنگی لەدایکبوونی بۆ سازکرابوو و باوکی هەن.
بەرپرسانی ئەو ناوچەیە دەڵێن، هێشتا بەدوای پاڵنەری ئەنجامدانی تاوانەکەدا دەگەڕێن.
بەرپرسانی ناوچەکە باس لەوەش دەکەن، تەقەکەرەکە لە بانگهێشکراوانی ئاهەنگەکە نەبووە، بەڵام توانیویەتی بچێتە نێو ماڵەکەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکەن، چوار کەسی دیکەش بریندار بوون، بەڵام برینیان سەخت نییە.
بە گوێرەی پۆلیس، تەقەکەرەکە تەمەنی لە پەنجاکانی تەمەنیدا بووە و هیچ پێشینەیەکی تاوانی نەبووە، بەڵام بەڵگەکان پیشانی دەدەن کە نەیتوانیووە بە باشی پاڵپشتی دارایی خێزانەکەی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ