رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئێران بە چەندین درۆن، مووشەکی کرووز و بالیستی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەشێکی وڵاتان سەرکۆنەیان کرد و بەشێکی دیکەش نیگەرانی خۆیان دەربڕی.
رۆژی شەممە، 13-04-2024، دەورووبەری کاژێر 11:00ـی شەو بە کاتی هەولێر، ئێران 170 درۆن، 30 مووشەکی کرووز و 120 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و ئیسرائیلیش رایگەیاند، "99٪ـی هێرشەکەی ئێران تێکشکێندرا و شکستیان هێنا."
ئەمریکا: پشتیوانیمان بۆ ئیسرائیل پۆڵایینە
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی پشتیوانیی "پۆڵایین"ـی بۆ ئیسرائیل دەربڕی و دوێنێ شەو (شەممە) بە زوویی لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کۆبووەوە.
بایدن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی کۆبوومەوە بۆ ئەوەی دوایین هەواڵی هێرشی ئێران لە دژی ئیسرائیل تاوتوێ بکەین. پابەندیی ئێمە بە ئاسایشی ئیسرائیل لە دژی هەڕەشەکانی ئێران و پاشکۆکانی پۆڵایینە."
عێراق: بە چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین ناوچەکە سەقامگیر دەبێت
لەتیف رەشید، سەرۆکۆماری عێراق داوای "کەمکردنەوەی گرژییەکان"ـی کرد و هۆشداریی لە دژی "بڵاوبوونەوەی کێشەی زیاتر"ـی دا و گوتی، "پێویستە شەڕانگێزییەکانی دژی کەرتی غەززە رابگیرێن و چارەسەرێک بۆ پرسی فەلەستین هەبێت، ئەمەش دەبێتە چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە."
تورکیا: هیوای زیادبوونی گرژییەکی دیکە ناخوازین
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، هاوتا ئێرانییەکەی کرد و گوتی، "ئێمە هیوای زیادبوونی گرژییەکی دیکە ناخوازین لە ناوچەکە."
بەریتانیا: هێرشێکی بێباکانەیە
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "بێباکانە" وەسفیکرد. سووناک گوتیشی، "ئەم هێرشە دەبێتە مەترسییەک بۆ قڵیشانەوەی تەنگژەکان و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە. جارێکی دیکە ئێران پیشانیدا کە ئامانجی چاندنی تۆوی دووبەرەکییە لە باخچەی پشتەوەی خۆی."
قەتەر: هەنگاوی بەپەلە بنرێت بۆ کەمکردنەوەی تەنگژەکان
قەتەر "نیگەرانیی قووڵ"ـی لە هێرشەکان دەربڕی و داوای کرد، "هەموو لایەنەکان زیادکردنی گرژییەکان رابگرن و دان بەخۆیاندا بگرن."
قەتەر کە چەند مانگێکە وەک نێوەندگیرێک بۆ جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس کار دەکات بۆ ئەوەی ئاگربەستێک رابگەیێندرێت و بارمتەکان ئازاد بکرێن، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، "هەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ کەمکردنەوەی تەنگژەکان و گرژییەکان."
رووسیا: کێشەکان لە بەڕێگەی دیپلۆماسی چارەسەر بکرێن
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا "نیگەرانیی قووڵ لە دوایین گرژییە مەترسیدارەکانی ناوچەکە"ـی راگەیاند و داوای کرد، "لایەنەکان دان بەخۆیاندا بگرن."
وەزارەتەکە هەروەها بڵاویکردەوە، "ئێمە پشت بە وڵاتانی ناوچەکە دەبەستین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی دیپلۆماسی و سیاسی."
یەکێتیی ئەوروپا: کار بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری
ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپی داوای لە ئێران کرد، "هەر ئێستا هێرشەکان رابگرە."
ئەو کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "دەبێت هەموو لایەنەکان خۆیان لە زیادبوونی گرژی دیکە بەدوور بگرن و کار بکەن بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە."
نەتەوە یەکگرتووەکان: ناوچەکە و جیهان بەرگەی جەنگێکی دیکە ناگرن
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "سەرکۆنەی زیادبوونی گرژییە جیدییەکان دەکەم کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە شێوەیەکی فراوان هێرش دەکرێتە سەر ئیسرائیل."
گوتێرێز لە پۆستێکی ئێکسدا رایگەیاند کە "ناوچەکە و جیهان بەرگەی جەنگێکی دیکە ناگرن."
ناتۆ: گرنگە کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە جڵەو دەرنەچێت
فەرەح دەخلەڵڵا، گوتەبێژی ناتۆ رایگەیاند، "سەرکۆنەی زیادکردنی گرژییەکانی دوێنێ شەو دەکەین لەلایەن ئێرانەوە. داوای دانبەخۆدا گرتن دەکەین و لە نزیکەوە چاودێریی پەرەسەندنەکان دەکەین. گرنگە کە کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە جڵەو دەرنەچێت."
میسر: مەترسیی گەورەتربوونی کێشەکانی ناوچەکە هەیە
وەزارەتی دەرەوەی میسر "نیگەرانیی قووڵ"ـی لە زیادبوونی گرژییەکان راگەیاند و داوای "دانبەخۆدا گرتن"ـی کرد.
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوە هەروەها هۆشداریدا، "مەترسیی گەورەتربوونی کێشەکانی ناوچەکە هەیە، میسر لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ئەم کێشەیە لە پەیوەندیی راستەوخۆدا دەبێت."
سعودیە: خەڵک و ناوچەکە لە مەترسیی جەنگ بپارێزن
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە نیگەرانیی خۆی لە "گرژییە سەربازییەکان" راگەیاند و داوایکرد، "هەموو لایەنەکان ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتنیان هەبێت و خەڵک و ناوچەکە لە مەترسیی جەنگ بپارێزن."
سعودیە هەروەها داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، "بەرپرسیارێتیی خۆت جێبەجێبکە بۆ دابینکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی."
چین: دۆخی ئێستا لە ئەنجامی جەنگی غەززەوە بووە
هاوشێوەی وڵاتانی دیکە، وەزارەتی دەرەوەی چینیش داوای "دانبەخۆداگرتن"ـی کرد و رایگەیاند، "دۆخی ئێستا لە ئەنجامی جەنگی غەززەوە بووە." چین داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، "ئاگربەست رابگەیەنن و ئەم کێشەیە کۆتایی پێبهێنن."
وەزارەتی دەرەوەی چین هەروەها رایگەیاند، "چین داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کاریگەرییان هەیە، رۆڵێکی بنیاتنەرانە بگێڕن بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە."
فەرەنسا: پابەندین بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و داوای دانبەخۆداگرتنی کرد.
ماکرۆن لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە بێوێنەیە دەکەم کە لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر ئیسرائیل کراوە و هەڕەشەی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە دەکات."
سەرۆکە فەرەنسییەکە هەروەها گوتی، "هاوسۆزی خۆم لەگەڵ گەلی ئیسرائیل و پابەندبوونی فەرەنسا بە ئاسایشی ئیسرائیل و هاوبەشەکانمان و سەقامگیری ناوچەکە دەردەبڕم. فەرەنسا لەگەڵ هاوبەشەکانی کار لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان دەکات و داوای دانبەخۆداگرتن دەکات."
ئەڵمانیا: هێرشێکی ناڕەوایە
ئۆلاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "نابەرپرسیارانە و ناڕەوا" وەسفی کرد. شوڵتز گوتی، "ئێران مەترسیی گڕگرتنی ناوچەکە زیاد دەکات. لەم کاتە سەختەدا ئەڵمانیا هاوشانی ئیسرائیل دەوەستێت."
لەلایەکی دیکە، ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی، "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران دەکەین کە هەموو ناوچەکە دەخاتە گێژاوەوە. پێویستە ئێران و هێزە بە وەکالەتەکانی دەستبەجێ بووەستن و پاڵپشتی ئیسرائیلین."
کەنەدا: لەگەڵ ئیسرائیل دەوەستین
جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، "ئۆتاوا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئێران دەکات و هاوشانی ئیسرائیل دەوەستێت."
ئیسپانیا: دەبێت وانە لە مێژوو وەرگرین
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا داوای دانبەخۆداگرتنی کرد و گوتی، "مەدرید هەمیشە سەرکۆنەی هەموو جۆرە تووندوتیژییەک دەکات کە ببێتە هۆی هەڕەشەکردن لە ئاسایش و خۆشگوزەرانیی خەڵکی بێتاوان."
سانچێز هەروەها گوتی، "وەڵامی هەموو سەرکردەکانی جیهان پێویستیی بە بەرپرسیارێتی و دانبەخۆداگرتن هەیە. دەبێت وانە لە مێژوو فێربین و بە رێگەیەکی دیپلۆماسی چارەسەری کێشەکان بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی دووربین لە زیادکردنی گرژییەکان بەهەر نرخێک بێت."
ئیتاڵیا: ترسمان لە تێکچوونی سەقامگیریی ناوچەکە هەیە
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، "ترسم لە ناسەقامگیربوونی ناوچەکە هەیە و ئێمەش بەردەوامین لە کارکردن بۆ دووربوون لەوە."
ئۆکراینا: کار بۆ پاراستنی دیموکراسی بکرێت
وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا رایگەیاند، "کیێڤ بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکەی ئێران دەکات، گرنگە هەموو هێزەکانی جیهان کار بۆ پاراستنی دیموکراسییەت بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ