جیهان
بەشێک لە کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی وڵاتانی جیهان لە میونشن
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن بە جیا لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی ئیستۆنیا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، سەرۆکوەزیرانی کوێت، وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاڵيا، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، وه‌زيرى ده‌وڵه‌ت بۆ كاروبارى نێوخۆی ئەڵمانیا، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئه‌ندامێکی دیاری ئه‌نجوومه‌نى پيرانى ئه‌مريكا، وه‌زيرى ده‌وڵه‌ت له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر و وەزیری دەرەوەی بەحرێن کۆبووەوە و باسی چەندین مژاریان کرد.
رۆژی 14-02-2025 لە شاری میونشنی ئەڵمانیا 61ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەستیپێکرد. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکێک لە بەشداربووانی کۆنفرانسەکەیە و چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە و وەزیرانی دیاری وڵاتان کرد.
'ئاسایش، تەکنەلۆژیا و پەروەردە لەنێوان ئیستۆنیا و هەرێمی و کوردستان'
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئالار کاریس، سەرۆکی ئیستۆنیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی ئیستۆنیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ‌کران؛ هەروەها هەردوو سەرۆک باسيان له چۆنێتيى بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لە بوارەکانی ئاسایش، تەکنەلۆژیا و پەروەردەدا كرد، ئەوە بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی ئیستۆنیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەربڕی، هه‌روه‌ها ستایشی دەرفەتەکانی هاوکاری لەبواری تەکنەلۆژیا و خوێندنی باڵای نێوان هەردوولادا کرد.
هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان و هه‌وڵه‌کانی پێکهێنانی حکومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی کوردستان، پێشهاتەکانی عێراق و سووریا، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبه‌ش، تەوەری دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.
ئالار کاریس بە فەرمی بانگێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ وڵاتەکەی کرد.
نێچیرڤان بارزانی لە ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکە نووسی: "هەمیشە بە بینینی سەرۆک ئالار کاریس خۆشحاڵم. بیر و بۆچوونمان لەبارەی هاوئاهەنگی و پێشهاتی ئەمنیی ناوچەیی ئاڵوگۆڕ کرد".
'بەهێزکردنی هاوبەشیی ئەورووپا و هەرێمی کوردستان'
یەکێکی دیکە لە کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا بوو.
نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی: "خۆشحاڵ بووم بە بینینی ئورسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لە میونشن."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "پێزانینی خۆم بۆ یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتە ئەندامەکانی دەربڕی لە بەرامبەر پشتیوانیی بەردەوامیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. باسمان لەو ئاڵنگارییانەی ئێستا رووبەڕووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبنەوە و رێگەکانی بەهێزکردنی هاوبەشیی نێوانمان کرد."
ڤۆن دێر لاین سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکاریی یەکێتیی ئەورووپایە کە 27 وڵات تێیدا ئەندامن.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوەکرد، نێچیرڤان بارزانی و ڤۆن دێرلا‌ین "جه‌ختيان له بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه؛ لەبارەی دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پێشهاته‌كانى سوورياش بيروڕايان گۆڕييه‌وه."
لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش کراوە، ڤۆن دێرلا‌ین "بۆچوونه‌كانى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانی ده‌رباره‌ى دۆخى سووريا و ناوچه‌كه به‌گشتى بە بایەخدار زانی؛ هه‌روه‌ها ستايش و پێزانينى يه‌كێتيى ئه‌ورووپاى بۆ رۆڵى هه‌رێمى كوردستان و قاره‌مانيه‌تيى پێشمه‌رگه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه و تێكشكاندنى داعش دووپاتكرده‌وە و ئاماژه‌ى به گرنگيى رۆڵ و به‌شداريى ئافره‌ت له شه‌ڕى دژى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆردا كرد."
'کۆبوونەیەکی نایاب لەگەڵ سەرۆکە نایابەکە'
هەر رۆژی هەینی و لە میونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و گويدۆ كرۆسێتۆ، وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاڵيا کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاڵيا لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بە ئاڵا شاڵی، پەیامنیری رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو؛ زۆرباش بوو؛ کۆبوونەوەیەکی نایابمان لەگەڵ سەرۆکە نایابەکە کرد. گفتوگۆمان سەبارەت بە سووریا و عێراق کرد."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لە بارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ گويدۆ كرۆسێتۆ، وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاڵيا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا و بەهێزکردنی هاريكاريى هاوبەشى نێوان هه‌ردوولا و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعشيان تاوتوێ كرد."
وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەرفەتمان هەبوو ئەو هاوڕێیەتییە پشتڕاست بکەینەوە کە لەنێوان دوو وڵاتەکە و ئەو پەیوەندییە بە‌هێزە کە یەکمان دەخات، بکەینەوە؛ دەرفەت هەبوو باسی پرسە گرنگەکان، لەوانەش دۆخی ئێستای ناوچەکە و هەڕەشەکانی داعش بۆسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەین؛ سەرنج خرایە سەر هاوئاهەنگیی بوارەکانی ئابووری و وزە."
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەو پشتگیرییە دووپاتکردەوە کە ئیتاڵیا لە راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە و بەهێزکردنی تواناکانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتيی دژى داعشدا پێشکەشی دەکات"؛ هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی داكۆكى له پێويستيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به به‌رده‌واميى پشتگيريى نێوده‌وڵه‌تى بۆ نه‌هێشتنى يه‌كجاره‌كيى داعش كرده‌وه.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وەزیری بەرگريی ئیتاڵیا جەختی لەسەر گرنگيی هاوبەشيی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پابه‌نديى وڵاتەکەی بۆ بەردەواميی پشتگیريی پێشمەرگە و بەهێزکردنی هاوکاريی سەربازی و ئەمنی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان کرده‌وه، هه‌روه‌ها ستايشى ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستانى كردووە له پاراستنى سه‌قامگيرى له ناوچه‌كه‌دا.
'هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە زۆر گرنگە'
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیاش کۆبووەوە.
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بە ئاڵا شاڵی راگەیاند: ''ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵم کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبینم؛ بێگومان پەیوەندییەکان و هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە گرنگە".
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگريی ئەڵمانیا باسيان له پەیوەندییەکانی ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا كردووە و لەبارەی هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش و پێشهاته‌كانى ناوچەکە به‌تايبه‌تى سووريا، بيروڕايان گۆڕيوەته‌وه.
بەپێی راگەیێندراوەکە، "نێچیرڤان بارزانی پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ يارمه‌تيدان و پشتيگريى ئه‌ڵمانيا له عێراق و هه‌رێمى كوردستان دەربڕی؛ هه‌روه‌ها جه‌ختى له گرنگی و پێويستيى هه‌رێمى كوردستان به بەردەواميی ئەم هاوکارییانه کرده‌وه".
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "به‌ڕێز وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌ڵمانيا پابەنديى ئەڵمانیای بە پشتگیريی هەرێمی کوردستان دووپات كرده‌وه؛ هه‌روه‌ها بەهێزکردنی هاريكاريى هاوبه‌شى ئه‌ڵمانياى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر به پێويست له قه‌ڵه‌م دا".
ئەڵمانیا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و پاڵپشتیی سەربازی پێشکێشی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان کردووە.
'رۆڵی هەرێمی کوردستان دەکات لە سەقامگیری ناوچەکە'
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەیمەن حوسێن عەبدوڵڵا سەفەدی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە و کاروباری کۆچبەران لە شانشینی ئوردنیش کۆبووەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی ئوردن لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران؛ هەروەها تیشک خرایە سەر چۆنيه‌تيى بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لە بوارە سیاسی و ئابوورییەکان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە.
وەزیری دەرەوەی ئوردن بە رووداوی گوت: "خۆشحاڵ بووم بە دیداری جەنابی سەرۆک و سڵاوی خاوەنشکۆ [شا عەبدوڵڵای دووەم]ـم پێگەیاند. جەختم لە بەهێزیی پەیوەندیی نێوان شانشینەکەمان و عێراق و پابەندبوونمان بە پێشخستنی ئەم پەیوەندییە لەسەر هەموو ئاستەکان کردەوە؛ هەروەها لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێکەوەکارکردنی زۆر هەیە کە بە پشتیوانیی خودا لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە."
بە گوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی ئوردن پابەندیی وڵاتەکەی "بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا دووپات کردەوە و ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا کرد؛ هەروەها جه‌ختی له گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و هاوکاریی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەرێمییەکان کردەوە."
'پشتیوانیی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان"
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ سيناتۆر كريس ڤان هۆڵن، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پيرانى ئه‌مريكا کۆبووەوە و سوپاسى پشتگيريى به‌رده‌وامى كۆنگرێسى ئەمريكاى له هه‌رێمى كوردستان كرد.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سيناتۆر هۆڵن ستايشى رۆڵى هه‌رێمى كوردستانى له پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيری له ناوچه‌كه كرد و "به‌رده‌واميى پشتيوانيى كۆنگرێس و دۆستانى گه‌لى كوردستانى له ئەمريكا بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه."
دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى و لێكه‌وتەکانی لە رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
ڤان هۆڵن قسەی بۆ ئاڵا شاڵی کرد و لەبارەی پەیوەندیی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان گوتی: "پەیوەندییەکە لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و خەڵکی کوردستان و بەدڵنیاییەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی و هەموو عێراقیش زۆر بە‌هێزە. چاوم لەوەیە پەیوەندییەکان لێرە لە میونشن لە رێگەی کۆبوونەوەکانەوە بە‌هێزتر بکەین."
لەبارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، ڤان هۆڵن بە رووداوی گوت: "ماوەیەکی زۆرە یەک دەناسین. بەدڵنیاییەوە زۆر پرسی جێگەی بایەخی پەیوەندیدار بە پەیوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ کوردستان و عێراق هەن. یەکێک لەو پرسانەی بەردەوام دێتە پێشەوە پرسی (هەناردەکردنەوەی) نەوتە لە رێگەی بۆریەوە بۆ تورکیا. دەزانم کە بەم دواییانە عێراق پڕۆژە یاسایەکی نوێی پەسندکرد و هەربۆیە ئومێدەوارین ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت."
'مافه‌كانى كورد و به‌شداريى كارايان له بنياتنانى داهاتووى سووريا'
نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ د. محه‌ممه‌د خلێفى، وه‌زيرى ده‌وڵه‌ت له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر كۆبووه‌وه.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: هەردوولا "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسيان له بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و تيشكيان خسته سه‌ر دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين پێشهاته‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه به‌گشتى و سووريا به‌تايبه‌تى."
هه‌ردوولا پشتگيرييان بۆ ئارامى و سه‌قامگيرى له سووريا دووپات كرده‌وه و "پرسى كورد و پێكهاته‌كانیان له سوورياى تازه‌دا خستە بەر باس. له‌مباره‌يه‌وه سه‌رۆک نێچيرڤان بارزانى داكۆكى له پاراستنى مافه‌كانى كورد و ته‌واوى پێكهاته‌كان و به‌شداريى كارايان له بنياتنانى داهاتووى سووريادا كرده‌وه."
په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
'پرسى كۆچبه‌ران و كۆچى ناياسايى و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تاوان'
هەر رۆژی هەینی نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ هانز جۆرج ئه‌نگه‌لكه، وه‌زيرى ده‌وڵه‌ت بۆ كاروبارى ناوخۆی ئەڵمانیا کۆبووەوە و باسيان له هاريكاريى هاوبه‌شيى ئه‌منيى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هه‌ردوولا جه‌ختيان له بره‌ودان به هاوكاريى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان لەبارەی پرسى كۆچبه‌ران و كۆچى ناياسايى و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تاوان كرده‌وه؛ هه‌روه‌ها تيشكيان (خسته سەر) په‌يوه‌ندييه‌كان هه‌ولێر - به‌غدا و دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان.
'فراوانکردنی هاریکارییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کوێت'
کۆبوونەوەیەکی دیکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شێخ ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د ئه‌لسه‌باح، سه‌رۆكوه‌زيرانى كوێت بوو.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، نێچیرڤان بارزانی و ئەحمەد عەبدوڵڵا ئەحمەد په‌يوه‌ندييه‌كانى كوێت له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ناوخۆى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى سووريا و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌يان تاوتوێ كرد، ئەوەش وەکو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، هه‌ردوولا ستايشى په‌يوه‌ندييه مێژووييه‌كانى كوێت و هه‌رێمى كوردستانيان كرد و جه‌ختيان له فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه؛ هه‌روه‌ها هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و دوورخستنه‌وه‌ى وڵاتانى ناوچه‌كه له كێشه و ئاڵۆزى.
نێچیرڤان بارزانی لە ئێکس نووسی: "خۆشحاڵ بووم بە بینینی شێخ ئەحمەد عەبدوڵڵا ئەحمەد ئەلسەباح، سەرۆکوەزیرانی کوێت. باسمان لە پەرەسەندنە هەرێمییەکان و دەرفەتەکان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ کوێت کردەوە."
'بەهێزکردنی پەیوەندیی بەحرێن و هەرێمی کوردستان'
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ د. عەبدولـلەتیف بن را‌شد زەیيانی، وەزیری دەرەوەی شانشینی بەحرێنیش کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەردوولا پەیوەندییەکانی بەحرێنیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد، تیشکیان خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و باسيان له چۆنێتيى بەهێزکردنی هاوکاريی دوولايه‌نه لە بوارە هاوبەشەکاندا كرد.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگيی فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاريی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی بەحرێن لە بوارە سیاسی و ئابوورییەکاندا کردەوە، ئاماژەی بە رۆڵی هەرێمی کوردستان لە بەهێزکردنی سەقامگیريی ناوچه‌كه‌شدا کرد. "وەزیری دەرەوەی بەحرێن خواستى وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ