رووداو – sky news ئەمڕۆ سێشەممە، دادگایەكی باكووری رۆژئاوای چین سزای لەسێدارەدانی بەسەر پزیشكێكی پێشوی یەكێك لە نەخۆشخانەكانی منداڵبووندا سەپاند، ئەم سزایەش ئەگەری جێبەجێنەكردنی هەیە و تاوانبارەكە دەتوانێت تانە لە بڕیاری دادگا بدات، بەمەش رەنگە سزاكە كەمبكرێتەوە بۆ 25 ساڵ زیندانی، یان زیندانی هەتاهەتایی. هۆكاری ئەم بڕیارەی دادگا بەسەر ئەم پزیشكە چینییە ئەوە بووە، كە پزیشكەكە لەماوەی كاركردنیدا 7 منداڵی فرۆشتووە. چانگ شووشیا، كە پزیشكی بەشی مندڵبوون بووە لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ئەو وڵاتە، چەند دایك و باوكێكی رازیكردووە بۆ ئەوەی منداڵەكانی خۆیانی پێبدەن، لەبەر ئەوەی بە درۆ پێیگوتوون، كە ئەم منداڵانە نەخۆشن و كێشەی تێگەیشتنیان دەبێت لە داهاتوودا. دادگاكە رایگەیاند، كە ئەم پزیشكە یەكێك لە منداڵەكانی بە بڕی 21 هەزار و 600 یوان كە دەكاتە 3 هەزار و 600 دۆلار بە یەكێك لە باندەكانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ فرۆشتووە، ئەوانیش بە نزیكەی 10 هەزار دۆلار دووبارە فرۆشتوویانەتەوە. حەوتەمین منداڵ، كە دایك و باوكی نەیانویستووە و خۆیان داویانەتە پزیشكەكە، دوای ئەوەی فرۆشتوویەتی مردووە. دادگاكە باسی لەوەكردووە، دوای لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس 6 منداڵەكەی دیكە بە سەلامەتی دراونەتەوە دەست دایك و باوكیان. دادگایەكی دیكەش هەفتەی رابردوو 4 بەرپسی نەخۆشخانەكەی بە بەڕێوەبەرەكەشیانەوە دادگایی كرد، بە تۆمەتی پشتگوێخستنی كارەكەیان. لە ئەنجامی ئەم ئابڕووچوونەی نەخۆشخانەكەش، دادگا چەندین كارمەندی دیكەی لەسەركارەكانیان لادان. هەرچەندە لە چەند ساڵی رابردوودا پۆلیسی چین چەندین ئۆپەراسیۆنی دژی بازرگانەكانی مرۆڤ ئەنجامداوە، بەڵام تاوەكو ئێستاش ئەم جۆرە بازرگانییە بەتایبەتیش بازرگانی بە منداڵانی كوڕەوە، بەهۆی زۆری خواست لەسەر بوونی منداڵی رەگەزی نێر بوونی هەیە.