رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیارێکی نوێی بۆ وەرزی داهاتووی خولی ئەستێرەکان دەرکرد، بەپێی بڕیارەکە ژمارەی یانە بەشداربووەکان کەمدەکرێتەوە و سیستمی دابەزین و سەرکەوتن گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق میکانیزمێکی نوێی بۆ وەرزی داهاتوو پەسندکرد، بەپێی بڕیارەکە چوار یانە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ خولی نایابی عێراق دادەبەزن، لە بەرامبەردا تەنیا دوو یانە لە خولی نایابەوە بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق سەردەکەون.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیژیدایە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی یانە بەشداربووەکان لە خولەکەدا بۆ 18 یانە. بڕیارەکە لە کۆبوونەوەی فیدراسیۆنەکە لەگەڵ یانەکان تاوتوێکراوە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی وەرزی 2026-2027 جێبەجێبکرێت، بە شێوەیەک لە وەرزی دوای ئەوە ژمارەی یانەکان ببێتە 18 یانە.
ئامانج لەم هەنگاوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بۆ کەمکردنەوەی گوشاری یارییەکان لەسەر یانەکان و یاریزانان دەگەڕێتەوە، هەروەها دەیانەوێت ماوەی پشووی پێویست بە یاریزانان بدەن و ئاستی هونەری و کێبڕکێی خولەکە بەرزبکەنەوە، ئەمەش بەو ئامانجەی کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی نیشتمانی هەبێت.
پێشتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق چەندین جار هەوڵی رێکخستنەوەی خولەکەی داوە تاوەکو لەگەڵ سیستمە جیهانییەکان و خشتەی یارییە نێودەوڵەتییەکان بگونجێت.




.jpg&w=3840&q=75)